سەرەکی » کەلتوور » مرۆڤی هەرزان و سەردەمی داڕووخان

مرۆڤی هەرزان و سەردەمی داڕووخان

خوێندنەوەی: شێرزاد حەسەن

1-2

دوای خوێندنەوەی رۆمانی «مرۆڤی هەرزان»ی (گۆران سەباح) هی ئەوە نەبوو وەک کرێکارێکی ناو کایەی ئەدەبیات بە فەرامۆشی بسپێرین، ئەو هەوڵەی من بۆ رانانی ئەو رۆمانە پتر دەچێتە بازنەی ناساندنی ئەو بەرهەمە نەک خوێندنەوە و رەخنەکاری و لێکۆڵینەوە، بە واتا ناچێتە ناو خانەی رەخنەیەکی ئاکادیمی، بەڵکو بە تەنها هەستی منە وەک نووسەر و شەیدای ژانری ‹فیکشن›. لەوەدا رۆمانەکە بووە مایەی سەرنجی من کە سەرکێشی و رچەشکێنیم تێدا بەدی کردووە کە خۆی لە قەرەی ئەدەبیاتی یان (رۆمانی زانستی خەیاڵئامیز داوە/science fiction) کە لە رۆژهەڵات بە ئاستی رۆژئاوا پەرەی نەسەندووە و بگرە لە ناوەراستی سەدەی بیستەمەوە لە جیهانی عەرەبیدا چەند هەوڵێکی هاکەزایی و شەرمنانە دەرکەوتن: نموونەی «نیهاد شەریف» و «تۆفیق الحکیم» و «یوسف العزدین عیسا: و «یوسف السباعی»، لای خۆیشمان «میرزا مەنگوڕی»، کە دیارە هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ خودی پەرەنەسەندن و سستی خودی عەقڵێکی زانستخوازانە لە نێو هەر هەموو کایە و بوارەکانی ‹زانستی سروشتی› بێت یان ‹زانستی مرۆیی› کە رەنگدانەوەی بووە و دەبێت لەسەر دونیای هونەر و ئەدەب و فیکریش بە گشتی، هاوکاتیش خودی ئەدەبیاتیش بەر لە پەرەسەندنی زانستەکان گەلێک پێشبینی هەبووە بۆ گۆڕانکاری لە ئایندەدا کە بۆ راستی و رەوایی ئەم چاوەڕوانییە یەکجار زۆرن، هەر بۆ نموونە: چوونە سەر مانگ، فڕینی مرۆڤ و دروستکردنی فڕۆکە و بگرە پێشبینی بۆ هەندێک مەرگەسات و وەیشوومەی سروشتی و جەنگ وهەم بواری پەرەسەندنی دام و دەزگا و پیشەسازی و بەرهەمەکانی و خودی گەشەکردنی توانای تێکنۆلۆژی کە خاوەنی پەرجووی خۆیەتی. بە هەر حاڵ لەم رۆمانەدا «گۆران»ی رۆماننووس هەوڵیداوە دیوێکی یونیڤێرسال و دونیاگیر بۆ رووداو و دیاردەی ‹خۆکوشتن› بکاتە بابەتی سەرەکی کۆی پرۆژەکە، واتا جوگرافیایەکی بەربەرین وەک شوێن دەستنیشان دەکات، هاوکاتیش گومان و پرسیارەکانی سەبارەت بە مەرگی ئایدیاڵ و بەها باڵاکانە لەسەر ئاستی هەموو دونیادا. هەڵبەتە پەرەسەندنی زانست و شۆرشی پیشەسازی و تەقینەوەی تێکنۆلۆژیا هەم خێر و خۆشی هێناوە و هەم شەڕ و بەدبەختی بێشومار. کەسایەتی «بێرنی لۆمۆ» دژی تێکنۆلۆژیایە و مەترسی و زیانەکانی بە کوشندە و وێرانکەرتر دەبینێت.

لە «رۆژئاوا»ش مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدە و هەژدە کە چەند ناوێکی رچەشکێنمان دەست دەکەوێت: نموونەی «ماری شێلی» لە رۆمانی (فرانکشاتین/ 1818) کە زۆرینەمان پێی ئاشناین. «ژول ڤێرن/ 1905-1828»، «ئێچ .گی. وێلز: 1846-1866» لە (دەزگای زەمەن/1895)، «ئیسحاق ئەزیمۆن: 1920-1992 / ئەمریکا»…هتد کە بێ شومارە!

هەڵبەتە رووداوەکانی زۆربەی رۆمانەکانی سەر بە خەیاڵی زانستخوازانە/ ساینس فیکشن سەر بە داهاتووە نەک رابردووە کە خودی نووسەرەکەی ئێمەش هەر هەمان نەریتی پەیڕەو کردووە. دەکرێت ئەم ژانرە و چەشنە لە ئەدەبیات خۆگونجێن بێت لەگەڵ تیۆرە زانستییەکاندا، هاوکات ناکۆک و دژوار بێت لە بەرامبەر مێژوودا، لە هەر قۆناغێکدا کە نووسەر بیخوازێت. بە گشتی رۆمانی خەیاڵیی زانستخوازانە لەسەر دۆزینەوەکانی ناو زانستە سروشتی و هەم مرۆییەکاندا دەلەوەڕێت!

دیارە وەک شوێن لە نێو ئەدەبیاتی خەیاڵزەدە و زانستخواز دەکرێت شوێنێکی خەیاڵی و مەزەندەکراو بێت، چ «یوتۆپیا» و چ «ئینفێرنۆ»: بە واتا شاری خەونەکان بێت یان ناو جەرگەی دۆزەخن، نەک بە مانا ئایینییەکەی، بەڵکو بە مانا دونیاییەکەی. دەکرێت جێگا خودی ئاسمان بێت، هەسارەکان و مانگ و ئەستێرەکان یان ژێر ئۆقیانووس و زەریاکان، هەڵبەتە بۆ کاتیش پتر رووی لە داهاتووە نەک رابردوو، هەندێک جاریش هەنووکە و گەڕانەوە بۆ رابردوویەکی دوور، بەڵام پەیوەستن بەو ژینگەیەی خۆمان کە لە ناویدا دەژین.

بە گشتی ئەدەبی داستانیی/ فیکشن، بە تایبەتی ژانری رۆمان بە بێ فانتازیا و خەیاڵ نەبووە، بگرە ئەو ئەدەبیاتەی کە لە «ئامریکای لاتین» بە ئەدەبی ریالیزمی سیحری یان جادووگەری ناسراوە لەوەدا گرەوی بردەوە کە کەڵکی لە ئەفسانە و داستانە کۆنەکان وەرگرتووە، بە تایبەتی لە بواری خستنەگەڕی فانتازیا، کە ناوە درەوشاوەکانی سەدەی بیستەمیان داگیر کردووە، لەوەدا گرەوی بردەوە کە بۆ هەمیشە ئەو منداڵە دەدوێنێت کە لە ناو خۆماندایە، شەیدایانی ئەدەب و هونەری رەسەن و خەیاڵئامێز لە بنەڕەتدا ئەو کەسانەن کە بە راستی نەیانهێشتووە منداڵەکانی ناویان گەورە بێت، گەورەبوون خۆرسکی و سەرسامی و ئەندێشەمەندی دەکوژێت!

من وای دەبینم کە ئەدەبی «ساینس فیکشن»: ئەدەبی خەیاڵمەندی و زانستخواز دەچێتە نێو ئەم بازنە و خانەیەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە. دیارە ئەفسانەکان و داستانەکان بەر لە پەیدابوونی زانست خاوەنی پێشبینی و رەملێدان بوون کە سەبارەت بە هەندێک لە توانا شاراوەکانی مرۆڤ دواون کە دوای هەزارەها ساڵ بووە بە هەقیقەت.

دیارە خەڵکی سەبارەت بە خۆکوشتن دوو روانینی هەیە: یەکەمیان کە گوایە کەسی خۆکوژ بەزیوە و کارەکتەرێکی ترسنۆک و لاوازە و بە دەست گرفت وکێشەکانەوە تلاوەتەوە و بەرگەی نەگرتووە. دووەمیان روانینێکە کە خۆکوژ بە ئازا و یاخی دەزانێت کە دەستی چۆتە خۆیەوە، کە لە دیدگای منەوە رەنگە ترۆپکی تەقینەوەکە و مەیلی خۆکوژیی خاڵی بە یەکگەیشتی ئەو دوو دۆخەیە کە ئازایەتی و ترس ئاوێتە دەبن!

دەوترێت رستەی یەکەمین، پەرەگرافی یان لاپەڕی یەکەمینی هەر رۆمانێک گرنگە و جێگەی بایەخە بۆ کەمەندگیربوونی خوێنەر و هەم هەڵواسینی بەو بابەت و ناوەرۆک و رووداوەی کە کارەکتەرەکانی سەرقاڵ کردووە، بێگومان هەر سەرەتا و دەستپێکێک رۆڵی دەبێت لەوەی کە خوێنەر بەجێمان نەهێڵێت، بگرە بۆ فیلمێکی سینەما و زنجیری ‹تیڤی› هەمان پێوانەی بەسەردا دەسەپێت.

هەر لە سەرەتاوە ئێمە هێدمەگرتی دەبین کە رۆمانەکە رایدەگەێنێت کە ئیدی وەرزی مرۆڤ بارینە، مرۆڤ و باران یان بارین وێک نایەتەوە و ئاسان نییە بزانین نووسەر مەبەستی چییە، من وەک خوێنەر بوو بە مەراقم کە بزانم کە ئاخۆ دەبێت چ پەیوەندییەکی فانتازی یان ئۆرگانیکی و ریالیستیکی لە نێوان مەردمگەل و باراندا هەبێت؟ لە میانەی خوێندنەوەی رۆمانەکە بەسەر ئەوەدا دەکەوین کە خەڵکانێک لە چینی جیاواز و هەم رەگەز و تەمەنی جیاوازدا لە باڵەخانە بەرزەکانەوە خۆیان فڕێدەدەنە خوارەوە بە نیاز و قەستی خۆکوشتن بە کۆ و دەستەجەمعی هەوەسێکی شێتانە گرتوونی کە خۆکوژی دەکەن بە دیاردە نەک ئاکت و کردەیەکی راگوزەری و تیژتێپەڕ.

ناکرێت ئەمن لێرەدا بچمە ناو تانوپۆی رۆمانەکە وردەکاری هۆکارەکان و بیانووی خۆکوشتنی کۆگیری خەڵکەکە بە ئێوە رابگەێنم، ئەوەیان بەتاڵکردنەوەی نهێنی و ئەفسوونی رۆمانەکەیە لەسەر ئاستی مانا شاراوەکان و هێما نەوتراوەکان، بەڵام دەتوانم بە شێوەیەکی گشتیگیرانە باس لە مۆتیڤ و هاندەرێک بکەم کە بە درێژایی رۆمانەکە نووسەر لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت کە بە کۆگیری و دەستەجەمعی ئێمەش تێوەبئاڵانێت و سەرقاڵمان بکات لەتەک رووداوەکان و کارەکتەرە جیاوازەکان و خاوەن هەوا و هەوەسی جیاواز؛ کە دابەش بوون بەسەر کەسانی شەڕانگێز و مەرگدۆست، لە بەرامبەردا کەسانی ئاشتیخواز و ژیاندۆست هەن کە بۆ هەمیشە لە ڕکابەری و ململانێدان کە ئەوەشیان رۆحی دراما و کرۆکی هەر هەموو تێکستە زیندووەکانە، کە ئێمەش لەگەڵ خۆیاندا تێوە دەگلێنن و بە دیوە ئیستاتیکی و جوانناسییەکەی گەمارۆمان دەدەن، خودی پەیامی نووسەر لەوەدا چڕ بۆتەوە کە بەشێکی گەورەیە لە ‹تێما› و تێڕوانینی نووسەر، هۆکاری سەرەکیشە بۆ ئەو (خۆکوشتن)ە کۆگیرییە کە خەڵکێکی بێشوومار گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە هیچ مانایەک بۆ ژیان و بوون و مانەوە نەماوە، دیارە لەوەدا ئاماژە بە دەروونناسی بە ناوبانگ «ڤیکتۆر ئێمل فرانکل:1905-1997»ی نەمساوی تێدایە کە پزیشکێکی دەروونناس و هەم نیرۆلۆگیست بووە، فەیلەسووف ونووسەر کە لە «هۆلۆکۆست» رزگاری ببوو، هاوکات دامەزرێنەری قوتابخانەی «لۆگۆ-تێراپی» بووە وەک چارەسەرێکی سایکۆلۆژی کە جەختی لەسەر بوونی مانایەک دەکردەوە بۆ ژیان و مانەوە بەو دیوەی کە ئەوەیان پاڵنەر و هاندەرێکی بنەڕەتی و سەرەکییە بۆ خودی مانەوەی مرۆڤایەتی، بڕوا نەمانیش بە مانا و جوانی و شکۆمەندی ژیان و مانەوە بەرەو پووچگەرایی و مەرگی رۆحی و جەستەیی دەمانبات، بە واتا لە جیهانبینی ئەو زاتەدا بەتاڵبوونی مانا لە ژیاندا بارێکی شپرزە و خراپ بۆ مەردمگەل لە باری رۆحییەوە بەرپا دەکات.

 209 جار بینراوە