سەرەکی » هەواڵ » رێوڕەسمێك بۆ یادی شەهیدانی كیمیابارانی گۆپتەپە و عەسكەر بەڕێوەچوو

رێوڕەسمێك بۆ یادی شەهیدانی كیمیابارانی گۆپتەپە و عەسكەر بەڕێوەچوو

سیروان محەمەد

دوێنێ لە بیرەوەریی 33 ساڵەی مەرگەساتی كیمیاباران و ئەنفالكردنی گوندەكانی گۆپتەپە و عەسكەردا، دوو رێوڕەسم بەڕێوەچوون و جیاواز لەساڵانی رابردوو، ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە رێوڕەسمەكان بە شێوەیەكی سنوردار بەڕێوەچوون.

لەو رێوڕەسمانەدا كە شاڵاو عەلی عەسكەری ئەندامی مەكتەبی سیاسی و رێبوار جاف و ئارام قادر ئەندامانی سەركردایەتی و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی ناوچەكە و جەماوەر و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفال و شەهیدانی كیمیاباران و لێپرسراوانی حزبی و حكومی ئامادەیبوون، چەند پارچە هۆنراوەیەك پێشكەشكران و پاشانیش تاجە گوڵی لایەنەكان و بە تایبەتیش تاجە گوڵی وەفاداریی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و هاوسەرۆكانی یەكێتی، لەسەر مەزاری شەهیدانی كیمیاباران لە گۆپتەپە دانران.

ئارام قادر خەبات وەك نوێنەری هاوسەرۆكانی یەكێتی، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، پەیامی پشتیوانی و پشتگیریی هاوسەرۆكان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ی بۆ دانیشتووانی دەڤەرەكە بە گشتی و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و شەهیدانی كیمیابارانی گۆپتەپە و عەسكەر بە تایبەتی، دووپاتكردەوە. وتیشی: لە ماوەی رابردوودا سەردانی ئەم دەڤەرەمان كردووە، بۆ گوێگرتن لە داواكارییەكانیان و لەلایەن هاوسەرۆكانەوە بڕیاری بەدەنگەوەچوونی داواكاریی ناوچەكە دراوە.

 299 جار بینراوە