سەرەکی » وتار » مەحمود مەلا عززەت لە یادنامەی مندا

مەحمود مەلا عززەت لە یادنامەی مندا

مەریوان مەسعود

ئەو كە لە ئۆپسالای سوید گەڕایەوە كوردستان، بە فەرمانی مام جەلال كرا بە سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌. ئەو مێژوونووس و شۆڕشگێڕ و رووناكبیرێكی گەورەبوو. بۆ هەموومان بە تایبەت گەنجەكان خەونێكی بەدیهاتووبوو، چونكە من بەشبەحاڵی خۆم لە رێگەی نووسینەكانی لەبارەی كۆماری مهاباد و قارەمانێتی زیندان، زۆرم لەسەر بیستبوو.

مامۆستا مەحمود، هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی وەكو سەرنووسەر لە ساڵی 2000، یەكسەر بوو بە دۆست و هاوڕێی گەنجەكان، بەتایبەت ئەوانەمان كە تازە دەستمان كردبوو بە كاری رۆژنامەنووسی، هەمیشە لەو مرۆڤانەبوو كە ورەی دەدا بە بەرامبەر و حەزمان بە قسە و ئامۆژگارییەكانی بوو، بۆیە لە دوای دەوامیش هەفتەی دوو بۆ سێ‌ جار لە ماڵەكەی خۆی لە گردی سەرچنار میوانداری دەكردین و ئەزموون و بۆچوونی خۆی لە بارەی كایەكانی ژیان بۆ باس دەكردین.

مامۆستا مەحمود، فێری چاونەترسی و بوێریی كردین، بەتایبەت ئەزموونی خەباتی سیاسیی خۆی پڕیبوو لە ئازایەتی و چاونەترسی لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلول و جیابوونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی، ئینجا كاروانە بێ‌ كۆتاییەكەی لە زیندان و پاشان ئەو رۆڵەی وەكو مامۆستایەكی بە ئەزموونی مێژوو لە سلێمانی هەیبوو، كە هەر ئەم چاونەترسی و بوێرییەشی بوو، بەعسییەكان راپێچی زیندانیان كردبوو و تەنانەت بەشێكی جەستەی خۆی (گورچیلەیەكی) بە ئەشكەنجەی بەعسییەكان لەدەستدا و دواتر سەربەرزانە ئازادكرا.

مەحمودی مەلا عززەت خەمی گەورەی دامەزراندنی ئەرشیفێكی نەتەوەیی بوو لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت كە ئەزموونێكی بێ‌ وێنەی لە سوید پەیدا كردبوو لە بارەی ئەرشیفسازی و بایەخی ئەرشیفی نەتەوەیی، دیارە بۆ ئەمەش هەنگاوی گەورەی نا لە سلێمانی، بەڵام بەداخەوە دیسانەوە تەمەن رێگەی نەدا تەواوی خەونەكەی بێتە دی.

ئەوەی بەلای ئێمەی گەنجە رۆژنامەنووسەكانی ئەو سەردەمەوە جێگای سەرنج و هەڵوەستە لەسەر كردن بوو، هەمیشە دەیویست شكۆی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بپارێزێت و دەیوت: كوردستانی نوێ‌، تەمسلیی هەقیقی دەنگی یەكێتی و میللەتەكەمان دەكات و تا من سەرنووسەر بم، نایەڵم رێگری بكرێت لە كارەكان و هەنگاوەكانمان.

لە راستیدا هەر واشی كرد، بۆیە تووشی گرفت و سەرئێشەی زۆر دەبۆوە لەلایەن هەندێک لە مەسئولەكانی ئەو كات، بەڵام ئەو بەهۆی ئەزموون و كەسایەتی خۆی هەرگیز سڵی لە بڕیار و كارەكانی نەدەكردەوە و تەنانەت خوالێخۆشبوو مام جەلال-یش دەیزانی بڕیار و قسەكانی مامۆستا مەحمود یەكلاكەرەوەیە، بۆیە هەمیشە تا لە كوردستانی نوێ‌ بوو، گوێی زیاتر لە مامۆستا مەحمود دەگرت تا مەسئولەكانی تر.

ئەو، تەمەنی رۆژنامەوانی لەگەڵ ئێمە تەنیا دوو ساڵ بوو، 2000 بۆ 2002، بەڵام بەهەق زۆری لێوە فێربووین و ئەوەی خەڵك ناوی دەنێت قوتابخانە، مامۆستا بۆ ئێمە قوتابخانە بوو، چونكە بواری رۆژنامەوانی بەر لەوەی پیشە بێت، ئیتیك و رەوشت و بوێری و ئازایەتییە، ئەم سیفەتانەش لە مامۆستا مەحمود-دا مەوجود بوو، بۆ ئێمەش كە پێنج بۆ شەش رۆژنامەنووس و پەیامنێری گەنج بووین، ئەزموونێكی زۆر گەورەبوو.

دیارە، ئەزموونی رۆژنامەوانیی مامۆستا مەحمود، لە گۆڤاری گزینگ-ەوە دەست پێدەكات، ئەو چەند لێكۆڵینەوەیەكی گرنگی لەسەر كوردایەتی و شۆڕشەكانی بڵاوكردۆتەوە و لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ-شدا چەندین وتار و گۆشەی تایبەتی دەنووسی، ئەوە وێڕای دەركردنی كتێبێك لەبارەی رێنووسی رۆژنامەوانیی.

ئەوەی وەكو شانازیی بۆ من ماوەتەوە، دوا دیداری رۆژنامەوانی لەبارەی ئەزموونی ئەم كەڵەپیاوە، من لە رۆژنامەی ئاسۆ لەگەڵم كردووە، ئەو كاتە من سیفەتی جێگری سەرنووسەری رۆژنامەكەم هەبوو، لە لایەن دەزگای خەندان بۆ پەخش و وەشاندن بە شێوەی رۆژانە دەردەچوو.

مەخابن، لە 4/5/2005، دڵە گەورەكەی مەحمودی مەلا عززەت لە لێدان كەوت و بۆ هەتاهەتایە ماڵئاوایی لێكردین.

 290 جار بینراوە