سەرەکی » دۆسێ » ئەمریكا هیچ پلانێكی نییە بۆ پاشەكشە لە عیراق

رەنگە رووبەڕووبوونەوەكان چڕترببنەوە

ئەمریكا هیچ پلانێكی نییە بۆ پاشەكشە لە عیراق

راگەیاندنی نوێی ئەمریكا، ئاماژە بە نەبوونی پلانێك دەكات لەلایەن واشنتۆنەوە لەئێستادا بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانی لە عیراق، ئەمەش سەرلەنوێ‌ دەرگا لەبەردەم ئەگەری چڕبوونەوەی زیاتری رووبەڕووبوونەوەكان لەگەڵ ئەو گروپە چەكدارە عیراقیانە زیاتر دەكات كە بوونی سەربازیی ئەمریكا لە وڵاتدا رەتدەكەنەوە، وێڕای دروستكردنی بێ‌ متمانەیی زیاتر لەنێوان ئەو لایەنانە و حكومەتەكەی مستەفا كازمی.

راگەیاندنەكەی ئەمریكا، جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ قسەكانی مانگی نیسانی حكومەتەكەی كازمی هەیە، سەبارەت بە داواكارییەكانی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، لەبارەی دانانی چوارچێوەیەكی كاتی بۆ دەستكردن بە پاشەكشەكردنی هێزەكان لە عیراق، ئەمەش لەڕێی ئەو وتوێژانەی كە هەردوولای لەڕێی بازنەیەكی تەلەفیزیۆنی داخراوەوە كۆكردەوە لە چوارچێوەی گەڕی سێیەمی دیالۆگی ستراتیژی لەنێوان هەردوو وڵات كە لەلایەن فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق و ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە بەڕێوەدەبرێت.

لە 22ی نیسانی 2021، جەنەراڵ كینیت ماكینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەكەی ژمارەی هێزەكانی لە عیراق كەمناكاتەوە، هۆكاریی ئەم بڕیارەشی بۆ «خواستی بەغدا» گێڕایەوە.

بە وتەی ماكینزی»عیراق دەیەوێت بمێننەوە، بۆیە ژمارەی هێزەكانیان لە وڵاتەكەدا كەمناكەنەوە».

لە كۆتایی قسەكانیشیدا لەبارەی رەوشی عیراقەوە وتی»لەوبڕوایەدا نییە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە لێواری جەنگێكدا بێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست».

لەبەرامبەر ئەو قسانەی ماكینزی، قەیس خەزعەلی سەركردەی میلیشیای «عصائب اهل الحق» رایگەیاند»بەڵگەیەكی روونە لەسەر نەبوونی راستگۆیی لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە بۆ پاشەكشەپێكردنی هێزەكانیان لە عیراق».

خەزعەلی لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) لە 24ی نیسانی 2021 رایگەیاند»لە حاڵەتی دەرنەچوونی بەیاننامەی بەدرۆخستنەوە لەلایەن حكومەتی عیراقی، دەبێتە بەڵگە لەسەر نەبوونی راستگۆیی لە داواكارییەكانی بۆ دەرپەڕاندنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، و ئەوەی بە ئاشكرا باس دەكرێت، پێچەوانەی ئەوەیە بە نهێنی گفتووگۆی لەسەر دەكرێت».

سەركردەكەی میلیشیای «عصائب اهل الحق» هەڕەشەی كرد و وتی»ئەمریكاییەكان بەڵگە لەدوای بەڵگە پێشكەش دەكەن كە دیالۆگ و لۆجیك لەگەڵیاندا بێ‌ سودە و شێوازیی ئەفغانی تاكە رێگەیە بۆ دەرپەڕاندنیان».

دوابەدوای ئەوەش، لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند»خشتەی پاشەكشەكردنی هێزە بیانییەكان، لەلایەن لیژنە تەكنیكییەكان لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی دیاریی دەكرێت».

ئاژانسی دەنگوباسی (العراقیە) لە زاری یەحیا رەسوڵەوە بڵاویكردەوە»خشتەیەك هەیە بۆ پاشەكشەكردنی هێزە بیانییەكان، لەڕێی ئەو ماوانەی دیاریی دەكرێن لە دوای چاوپێكەوتنی لیژنەی تەكنكییەكان كە لەسەر فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان و بە سەرۆكایەتی سوپاسالار بۆ بەڕێوەبەردنی ئەو دۆسێیە پێكهێنراوە لە چوارچێوەی دیالۆگۆی ستراتیژی».

بە وتەی لیوا یەحیا رەسوڵ»عیراق پێویستی بە یەك سەربازی ئەمریكایی یان بیانی نییە كە چەك هەڵبگرێت و شان بە شانی هێزە عیراقییەكان شەڕبكات، لەسەر ئاستی مەیدانی جگە لە هێزە عیراقییەكان پێویستمان بە هیچ شەڕكەرێكی تر نییە».

لە 7ی نیسانی 2021، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە و لە دوای كۆتایی گەڕی دیالۆگی ستراتیژی لەنێوان بەغدا و واشنتۆن رایگەیاند»ویلایەتە یەكگرتووەكان بەڵێنیداوە ژمارەیەكی زیاتر لە هێزەكانی لەنێوخۆی عیراق پاشەكشە پێبكات، پرۆسەی پاشەكشەكردنی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكاش لەڕێی لیژنەیەكی هاوبەشەوە دەبێت كە كاتەكانی دیاریی دەكات».

لە دوای ئەمەش، نوسینگەی مستەفا كازمی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە لەبارەی پێكهێنانی «لیژنەیەكی تەكنیكی بۆ سەرپەرشتی ئەركی پەسەندكردنی كات و میكانیزمەكانی پەیوەست بە ئاكامی گەڕی سێیەمی دیالۆگی ستراتیژی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان، بە پاشەكشەكردنی هێزە بیانییەكانیش لە وڵات، بە سەرۆكایەتی (فەریق ئەوەل روكن عەبدولئەمیر یارەڵڵا) سوپاسالاری عیراق».

بەغدای پایتەخت لە 22ی نیسانی 2021، لە دوای كەمتر لە دوو كاتژمێر بەسەر راگەیاندنەكەی ئەمریكا سەبارەت بە نەبوونی پلان بۆ پاشەكشەكردن لە عیراق، بۆردومانێكی مووشەكی بەخۆوەبینی و بنكەی ڤكتۆریای سەربازی نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كرایە ئامانج كە هێزێكی ئەمریكایی سەر بە «هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەگژداچوونەوەی رێكخراوی داعش»ی تێدا جێگیرە و ژمارەیان نزیكەی 200 سەرباز دەبێت و زۆربەیان مارێنزن، بۆردومانەكە هەندێك زیانی ماددی كەمی لێكەوتەوە كە هەموو لە دەرەوەی بنكەكە بوو، بە هەمان شێوە پاسەوانێكی عیراقی بریندار بوو.

دوابەدوای ئەوە سێ‌ هێرشی تر رویاندا و كاروانێكی مەدەنی كە یارمەتی لۆجستی بۆ هێزەكانی هاوپەیمانان هەڵگرتبوو كرایە ئامانج و زیانی ماددی لێكەوتەوە، راپۆرتە خۆجێییەكانی عیراق لە زاری بەرپرسانی ئەمنی بەغداوە بڵاویانكردەوە كە لە سەرلەبەیانی 23ی نیسانی 2021، هێزەكانی ئەمریكا سیستمێكی نوێی بەرگری ئاسمانییان لە سەربازگەی ڤكتۆریا تاقیكردۆتەوە، بە هەمان شێوە سیستمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوز جارێكی تر تاقیكراوەتەوە، بە جۆرێك كە زەنگی ئاگاداركردنەوە لە دەوروبەری باڵیۆزخانەكە بیسترا.

هیچ بەرپرسێك لە حكومەتەكەی كازمی لێدوانی لەبارەی قسەكانی ماكینزییەوە نەدا و بەغداش هەڵوێستی رەسمی خۆی لەو بارەیەوە نەنواند، بەڵام ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری راگەیاندبوو»واپێدەچێت ئەمریكاییەكان كازمییان شەرمەزار كردبێت لەو راگەیاندنەدا كە هێرش و پەلاماریی زیاتری لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە بەدواداهات، بەو پێیەی راگەیاندنەكە گێچەڵكردن بوو».

پەرلەمانتارەكە باسی لە سەردانێكی چاوەڕوانی كازمیش كردبوو بۆ واشنتۆن لە سەرەتای مانگی تەمموزی داهاتوو، بۆ تاوتوێكردنی ژمارەیەك پرس لەگەڵ ئیدارەكەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، بەبێ‌ ئەوەی رێكەوتنەكانی دوایین گەڕی گفتووگۆكانی نێوان هەردوولا پشتگوێ‌ بخرێن كە تێیاندا چاوخشانەوەی ئیدارەی ئەمریكایان تێدا باس كراوە، بە تایبەت لەڕووی بوونی سەربازی ئەمریكایی لە عیراق.

 71 جار بینراوە