سەرەکی » راپۆرت » نادر رۆستی: هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی 3100 شوێنی گه‌شتیارییه‌پەڕە 3

نادر رۆستی: هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی 3100 شوێنی گه‌شتیارییه‌

هه‌ولێر / ره‌وه‌ست نه‌وزاد

به‌پێی وته‌ی وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان له‌ئێستادا زیاتر له‌ 3100 شوێنی گه‌شتیاری جۆراوجۆر له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ كه‌ له‌و ژماره‌یه‌ 2900 شوێنیان بنكه‌و شوێنی گه‌شتیارین و 200 تریان شوێنی كلتوری و شوێنه‌واری و هاوینه‌هه‌وارین .

له‌وباره‌یه‌وه‌ نادر روستی وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌كوردستانی نوێی راگه‌یاند: شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان بریتین له‌هۆتێل و مۆتێل و رێستورانت و گوندی گه‌شتیاری و چێشتخانه‌ی خواردنی خێرا كه‌ له‌ 610 هۆتێل و 319 مۆتێل و 2118 رێستۆرانت و 52 گوندی گه‌شتیاری پێكدێن له‌موتێل و هۆتێله‌كانیش 60 هه‌زارو 913 قه‌ڕه‌وێڵه‌و 23 هه‌زارو 597 ژوور هه‌یه‌.

480 كۆمپانیای گه‌شتیاری تۆماركراون
وتیشی‌: ئێستا زیاتر له‌ 480 كۆمپانیای گه‌شتیاری له‌هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون كه‌ 95 % یان گه‌شتیار ده‌به‌نه‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و 5 % یان به‌گرووپ گه‌شتیار ده‌هێننه‌ هه‌رێم و ژماره‌كه‌ش له‌گۆڕاندایه‌ و له‌كاتی هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك له‌لایه‌ن كۆمپانیاكان به‌رامبه‌ر گه‌شتیاراندا به‌تایبه‌تی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانمان لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن كه‌ بریتین له‌ئاگاداركردنه‌وه‌ی كۆمپانیاكه‌ دواتر پێ بژاردنی به‌بڕێك پاره‌ و پاشان داخستن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی مۆڵه‌ت له‌كۆمپانیاكه‌ كه‌ به‌پێی جۆری سه‌رپێچیه‌كه‌ به‌رامبه‌ریان دەکرێت كه‌ چه‌ندینجار سزای كۆمپانیامانداوه‌.

ئاشكراشیكرد به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیار بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی 2020 به‌به‌راورد به‌ساڵی 2019 به‌ڕێژه‌ی‌ 78% كه‌میكردووه‌ كه‌ له‌ 2020 دا 845 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ هه‌رێم ، به‌ڵام له‌ 2019 دا 3 ملیۆن و 789 هه‌زارو 983 گه‌شتیار هاتوون، به‌ڵام تائێستا هیچ ئامارێك گه‌شتیاری له‌م چه‌ند مانگه‌ی 2021 مان له‌به‌رده‌ستدانیه‌.

سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ عیراق داخراون
نادر روستی روونیشی كرده‌وه‌ ئێستا به‌پێی بڕیاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سنووره‌كانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شاره‌كانی تری عیراق داخراون به‌ر له‌ ره‌مه‌زان رێپێدان بۆ گه‌شتیارانی عیراق هه‌بوو، به‌ڵام رێژه‌كه‌ كه‌م كرابووه‌وه‌ بۆ نمونه‌ هاتنی گروپی گه‌شتیار له‌ڕۆژانی هه‌ینی و پشووه‌كان بۆ دروستنه‌بوونی قه‌رره‌باڵخی قه‌ده‌غه‌ كرابوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌شتیار له‌جه‌ژنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ هاتنه‌ هه‌رێم و به‌پێی رێنماییه‌كان ده‌بێت گه‌شتیار پشكنینی كۆرۆنای پێبێت ئینجا رێگا ده‌درێت بێنه‌ ناو هه‌رێمی كوردستان.

باسی له‌وه‌شكرد له‌ساڵانی رابردوودا زیاتر له‌ 100 كۆمپانیای گه‌شتیاری عیراقی گرووپی گه‌شتیاریان له‌باشوورو ناوه‌ڕاستی عیراق بۆ هه‌رێمی كوردستان هێناوه‌.

پێنج زانکۆی هەرێم بەشی گەشتیاری هەیە
سه‌باره‌ت به‌خوێندن له‌بواری گه‌شتیاری، وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری‌ هه‌رێم وتی : ئێستا له‌پێنج زانكۆی هه‌رێمی كوردستان به‌شی گه‌شتیاری هه‌یه‌و له‌لای ئێمه‌ ناسراون ، هه‌روه‌ك له‌پێنج په‌یمانگاش به‌شی گه‌شتیاری هه‌یه‌و سێ ئاماده‌یی گه‌شتیاریش ئێستا له‌كوردستان هه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و گه‌شتیاره‌ بیانیانه‌ی دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان روستی وتی : گه‌شتیار له‌وڵاتانی وه‌ك ئێران و توركیاو ئه‌ڵمانیاو وڵاتانی تری ئه‌وڕوپاو چین دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا ژماره‌یان زۆر كه‌مبۆته‌وه‌.

 

 319 جار بینراوە