سەرەکی » راپۆرت » مه‌ترسی كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ روو له‌ كوردستان ده‌كاتپەڕە 2

مه‌ترسی كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ روو له‌ كوردستان ده‌كات

راپۆرتی: رێزە حسێن

بارانبارین سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كۆكردنه‌وه‌ی ئاوی شیرینه‌ له‌ سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی، هه‌ركات بڕی بارانبارین له‌ ئاستی پێویست نه‌بوو، ئاوی رووبار و به‌نداوه‌كانی ئاوگلدانه‌وه‌ و كانی و بیر و كارێزه‌كان بۆ ئاستێكی دیار داده‌به‌زێت، به‌و هۆكاره‌ش قه‌یرانی كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ روو له‌و ناوچانه‌ ده‌كات كه‌ بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان، پشت به‌ سه‌رچاوه‌كانی ئاوی سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی ده‌به‌ستن، هه‌روه‌ك به‌پێی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی لایه‌نی په‌یوه‌ندار له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌كانی كوردستان، ئه‌مساڵ بڕی بارانبارین بۆ ئاستێكی كه‌م تۆماركرا، به‌و هۆكاره‌ش مه‌ترسی قه‌یرانی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌ كوردستان چاوه‌ڕوانكراو ده‌بێت.

ئامانج جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی سلێمانی له‌وباره‌یه‌وه‌ كوردستانی نوێ وتی: تا ئێستا لایه‌نی په‌یوه‌ندار هیچ رێنمایی و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ گۆڕانكاری له‌ چۆنێتی دابه‌شكردنی ئاوی ماڵان له‌ وه‌رزی هاویندا ئاڕاسته‌مان نه‌كردووه‌، هه‌روه‌ك بۆ حاڵه‌تێكی هاوشێوه‌ راسته‌وخۆ له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌، هاووڵاتیان ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌.

پلانی حكومه‌ت بۆ وشكه‌ساڵی
به‌پێی زانیاری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی سلێمانی له‌ رێگه‌ی دوو سه‌رچاوه‌ی دیاریكراو ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ هاوبه‌شه‌كانی دابین ده‌كات، ئه‌ویش پڕۆژه‌ی ئاوی سه‌رچنار و پڕۆژه‌ی ئاوی دوكان، هه‌روه‌ك به‌پێی زانیاری به‌رده‌ستمان، ئێستا پڕۆژه‌ی ئاوی سه‌رچنار كه‌میكردووه‌ و دابه‌زینی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، هاوكات به‌نداوی دوكان، ئه‌وه‌نده‌ ئاو له‌ به‌نداوه‌كه‌دا هه‌یه‌ تا له‌ وه‌رزی هاوینی ئه‌مساڵدا وه‌ك پێویست ئاوی خواردنه‌وه‌ دابین بكات بۆ هاووڵاتیان.

هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی وشكه‌ ساڵی، هاوكات دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان هه‌نگاوی جدی ناوه‌، هه‌روه‌ك قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماده‌كاری و كاروچالاكییه‌كانی حكومه‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌نداری بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ئاشكراكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ حكومه‌ت ئاماده‌كاری به‌رچاوی كردووه‌، به‌ ته‌رخانكردنی بودجه‌ی تایبه‌ت و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ، وڵاتانی دراوسێ، هاوكات لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانیان راسپاردووه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی كردن، به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كان و پلانی حكومه‌ت بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی وشكه‌ ساڵی و دابینكردنی ئاوی پاكژ بۆ هاوڵاتیان و دروستكردنی به‌نداوی بچووكی گلدانه‌وه‌ی ئاو.

كه‌مكردنه‌وه‌ی دابه‌شكردنی ئاو چاوه‌ڕوانكراوه‌
ئامانج جه‌لال له‌باره‌ی مه‌ترسی قه‌یرانی ئاوی خواردنه‌وەوە‌ له‌ وه‌رزی هاویندا زیاتر دواو رایگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ بڕی بارانبارین له‌ ئه‌مساڵدا وه‌ك پێویست نه‌بوو، بەڵام پێمان باش نییه‌ له‌ ئێستاوه‌ هاووڵاتیانی سنوره‌كه‌ بترسێنین بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌مان به‌ قه‌یرانی ئاو له‌ وه‌رزی هاویندا، له‌ هه‌مان كاتدا ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ش نه‌شاردرێته‌وه‌ و نكۆڵی لێ نه‌كرێت، كه‌مبوونه‌وه‌ی دابه‌شكردنی ئاوی پاك بۆ هاوبه‌شه‌كانمان چاوه‌ڕوانكراوه‌ بۆ وه‌رزی هاوینی ئه‌مساڵ.

به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی سلێمانی، به‌ كۆی گشتی زیاتر له‌ ملیۆنیك و 500 هه‌زار هاوبه‌ش له‌ پارێزگای سلێمانی و قه‌زاوناحییه‌كانی ده‌ورووبه‌ری هه‌یه‌، هه‌روه‌ك نزیكی 190 هه‌زار به‌شداربوویان له‌ ناو سه‌نته‌ری سلێمانیدایه‌ كه‌ به‌پێی ئه‌و بڕه‌ ئاوه‌ی دێته‌ به‌رده‌ست بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ناوبراو، له‌ مانگی هاویندا ئاوی خواردنه‌وه‌ به‌سه‌ر هاوبه‌شه‌كاندا دابه‌شده‌كرێت، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی سلێمانی له‌وباره‌یه‌وه‌ هیوای خواست لایه‌نی په‌یوه‌ندار له‌ حكومه‌ت بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ پڕۆژه‌كانی ئاوی خواردنه‌وه‌ دابین بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركات حاڵه‌تی وشكه‌ساڵی و قه‌یرانی ئاوی خواردنه‌وه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌، بتوانین وه‌ك پێویست كۆنترۆڵی بكه‌ین، ئه‌ویش بۆ شكاندن یان كێشه‌ی ته‌كنیكی له‌ بۆری ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵاندا.

ئاوی بیر و كارێزه‌كان به‌كارده‌هێنرێت
دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ رێگه‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی سه‌ر زه‌وی وه‌ك (رووباره‌كان و پڕۆژه‌كانی ئاو، به‌نداوه‌كان)، هاوكات ئاوی ژێر زه‌وی وه‌ك (بیره‌ هه‌ڵكه‌ندراوه‌كان و كانی و كارێزه‌كان)، هه‌روه‌ك كۆی گشتی پڕۆژه‌كانی ئاوی سه‌ر زه‌وی له‌ هه‌رێمی كوردستان 83 پڕۆژه‌ی ستراتیژییه‌، هاوكات بیر و كارێزه‌كان زیاتر له‌ 6 هه‌زاره‌ كه‌ له‌و رێگه‌وه‌ رۆژانه‌ ئاوی پاك دابین ده‌كرێت بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.

به‌پێی زانیاری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، به‌ گشتی زۆرینه‌ی دانیشتووانی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی كوردستان بۆ وه‌رزی هاوینی ئه‌مساڵ له‌ خه‌می دابه‌شكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌دان له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایەتیه‌كانی ئاوی ناوچه‌كانیان، هه‌روه‌ك له‌ به‌ دیلی كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌، هاووڵاتیان په‌نا بۆ كڕینی ئاوی بیر و كارێزه‌كان ده‌به‌ن له‌ رێگای تانكه‌ری ئاو فرۆشتنه‌وه‌ كه‌ نرخی 15 به‌رمیل ئاو له‌ نێوان 15 بۆ 20 هه‌زار دیناره‌.

كوێستان كه‌مال وه‌ك هاووڵاتییه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كی رۆژئاوای شاری سلێمانی تایبه‌ت به‌ كوردستانی نوێ وتی: جگه‌ له‌ وشكه‌ساڵی، به‌ هۆی شكان یان كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌ بۆری ئاوی ماڵان، ساڵانه‌ زۆرجار دابه‌شكردنی ئاو كێشه‌ی تێده‌كه‌وێت، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌موو وه‌رزی هاوینێك، ماڵه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر كه‌می دابه‌شكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌، به‌ ناچاری په‌نا بۆ كڕینی ئاو ده‌به‌ن له‌ رێگه‌ی تانكه‌ری تایبه‌ت به‌ فرۆشتنی ئاوی بیر و كارێزه‌كان.

 303 جار بینراوە