سەرەکی » وتار » پڕۆژەی پێکهێنانی لیژنەی ژنانی سۆشیال دیموکرات

پڕۆژەی پێکهێنانی لیژنەی ژنانی سۆشیال دیموکرات

فەهیمە سابیر*

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک رەوتێکی پێشکەوتنخوازی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە باوەڕی تەواوی بە گرنگیی بەشداریکردنی ژنان هەبووە، لە هەموو بوارە سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتییەکان، ئەمڕۆ پرسی جێندەر و ژنان لە هەرێمی کوردستاندا، بە قۆناغێکی زۆر هەستیار و شپرەزەدا گوزەر دەکات و ململانێ سیاسییەکانی دەرەوەی پرسی جێندەریش، لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا بە جۆرێک توندبوونەتەوە کە زۆر پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێداچوونەوەیەکی تایبەت و گشتگیر بەخۆیدا بکاتەوە.

یەکێک لەو پرسە گرنگانەی کە پێداچوونەوەی بنەڕەتی دەوێت لە سیاسەتی یەکێتیدا، پرسی ژنانە، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

یەکەم- لەمڕۆدا مەسەلەی جێندەر رۆڵی زۆر گرنگ و بایەخداری هەیە لە پرسە سیاسییەکاندا، گرفت و ئاستەنگی زۆر گەورە لەبەردەم پێشکەوتنی ژنان و کچانی ئەم هەرێمەدا هەیە، لە ناوخۆی یەکێتیشدا هەست بە بوونی ئەو گرفتە دەکرێت و یەکێتی لە رووی کادری ژنانەوە رێژەکەی چەندە زیاتر بێت کاریگەرترە، چونکە یەکێتی خۆی هەڵگری مافی ژنان و چەمکی ژنانە. دەتوانین بڵێین لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتی رێکخستنی ژنانەوە یەکێتی دەتوانێت ئێستا ببێتە پێشەنگ.

دووەم- هەڤاڵ مام جەلال بایەخی زۆر تایبەتی بە پرسی ژنان دەدا و راستەوخۆ لە پشت زۆرێک لەو هەنگاوە رادیکالانە بوو کە لە بەرژەوەندیی پرسی ژنان بوون، لەوانەش: هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و دروستکردنی هێزی پێشمەرگەی ژنان. هەڤاڵ مام جەلال هەر خۆشی راستەوخۆ یەکەمین ئەندامی فەخریی پیاو بوو لەناو یەکێتی ژناندا.

سێیەم- لە جیهانی ئەمڕۆدا هەر بزووتنەوە یان هێزێکی سیاسی توانیبێتی ژنان بەلای خۆیدا راکێشێت، ئەوا توانیوێتی، پێگەی سیاسی و تەنانەت سەربازی خۆشی بەهێز بکات دەتوانین بڵێین: یەکێک لە نهێنی سەرکەوتنەکانی رۆژئاوای کوردستان کە هەموو دنیای سەرسامکردووە، خستنەگەڕی تەواوەتی ژنانە لە هەموو کایە سیاسی و سەربازییەکاندا.

چوارەم- بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردوونی بە دروشمی بنەڕەتیی خۆی، هەمیشە بە کردەوە ئەوەی سەلماندووە وەک ھێزێکی نیشتمانی و نەتەوەییش بەرگریکارێکی سەختی مافی ژنان بووە هەم لە قۆناغی شاخ و هەم لە شاریش، بە کردەوە ئەوەی بۆ ناوخۆ و دەرەوەش نیشان داوە.

ئێستاش گرنگە یەکێتی وەک هەمیشە کار بکات بۆ مافەکانی ژنان، بۆیە پێویستە ئامادەیی ژنان لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکێتی تایبەتمەندێتی خۆی هەبێت تا لەبەردەم هێزە نەیار و دۆستەکاندا، بە تایبەت لەبەردەم ئەو حزب و رێکخراوە سیاسییانەی کە یەکێتی بە دۆستی خۆیان دەزانن.

*ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی بۆردی توێژینەوە و رووناکبیری، لە مەکتەبی گەشەپێدانی بیرو هۆشیاری

 407 جار بینراوە