سەرەکی » زانست » وەرزی چوونەوەی ئاژەڵدارانە بۆ بناری قەندیل

رەشماڵی خێڵان هەڵدران

وەرزی چوونەوەی ئاژەڵدارانە بۆ بناری قەندیل

جێگر خدر

كە بەهار دێت، بناری قەندیل پڕدەبێت لە دەنگی تەپەی پێی مەڕ و بزن و زەنگوڵەكانیان، تێكڕا ئاوێتە دەبن لەگەڵ هاژەی رووبار و جریوەی سوێسكە و باڵەندەكانی دیكە، رەشماڵ هەڵدەدرێن و شوان و بێری رۆڵی ئەرێنی خۆیان لە بوژانەوەی ژیاندا دەبینن.

بەشێكی زۆر لە ئاژەڵدارانی گوندەكانی سنووری پشدەر و بیتوێن، هەموو ساڵێك و لە ناوەڕاستی مانگی نیسان، لە گوندەكانیان باردەكەن و بە مەبەستی بەخێوكردنی ئاژەڵەكانیان دەچنە بناری قەندیل، ئێستا بەشێكیان لە گوندەكانی سڵێ و بۆڵێ نیشتەجێبوون، دواتر لە سەرەتای مانگی حوزەیران روو دەكەنە كوێستانەكانی قەندیل و لە مانگی ئاب دەگەڕێنەوە بۆ سنووری گوندەكانی خۆیان.

لە كاری ئاژەڵداریی و كۆچەریدا ژنان وەك زۆربەی كارەكانی دیكەی ژیان ئەركێكی زیاتریان لەسەر شانە و لەناو دیمەنی كوێستانەكانی قەندیل كە هێشتا بەفرێكی زۆری لە ئامێزدایە، ژنان ئەركی ناو رەشماڵ، ئامادەكردنی نان، دۆشینی ئاژەڵەكان و دروستكردنی بەرهەمەكانیان وەكو پەنیر و ماست و لۆرك و شیرێژ جێبەجێ دەکەن.

ئێستاش بەرهەمەكانی مەڕدارانی بناری قەندیل، لە شیر و شیرێز و پەنیر و لۆرك و ماست دەگاتە بازاڕەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان، كە لەم وەرزەدا خواستێكی زۆریان لەسەرە.

زەردەشت حەمەدەمین کە فرۆشگەی بەرهەمە شیرەمەنییەكانی هەیە لە شاری رانیە، باسی ئەوە دەكات، كە خواستێكی زۆری بۆ بەرهەمە خۆماڵییەكان هەیە، بەتایبەتی بەرهەمی مەڕدارانی بناری قەندیل و كوێستانەكانی ئەو ناوچەیە، بەهۆی ئەوەی ئاو و هەوای لەباری قەندیل یارمەتیدەری بوژانەوەی سەوزایی و پێویستییەكانی ئەو ئاژەڵانەیە، كە لەوێ دەوارنشینان بەخێویان دەكەن.

بەشێك لە ئاژەڵداران باس لەوە دەكەن، كە ئێستا ژیانی ئاژەڵداری زۆر زەحمەتە و ماندووبوونی زۆری هەیە، ساڵانە ماندووبوونێكی زۆر دەبینین و سوودێكی ئەوتۆشمان پێناگات، بە وتەی ئەوان ئێستا كاری ئاژەڵداری وەك ساڵانی رابردوو نییە و بە زەبری پارە ئاژەڵەكان بەخێو دەكەن، بەوپێەش لەمساڵدا بارینی بەفر و باران كەمبوو، سەوزبوونی گیای ئەو كوێستانانەش دواكەوتوو.

 177 جار بینراوە