سەرەکی » ئاراستە » شه‌هید عه‌لی وه‌یسی شۆڕه‌سوارێكی مه‌یدانی خه‌بات

شه‌هید عه‌لی وه‌یسی شۆڕه‌سوارێكی مه‌یدانی خه‌بات

ره‌سوڵ بۆسكێنی

له‌ دامێنی چیای سه‌ركه‌شی به‌كاو، جێ شانازی باپیران چیای باپیركوژناو، له‌ به‌هاری زێده‌ جوانی و ته‌ڕو پاراو، سه‌ریان ده‌رهێناوه‌، كڵوكه‌ حاجیله‌، گیابه‌ند و خاو، له‌ ده‌شتی ڕه‌نگین گوڵاڵه‌ی سوورباو، ده‌نگی شالوور و مه‌ل له‌ ترسی داو، پڕده‌ماخه‌ سروشت، شنه‌با ده‌ڕژێنێ گوڵاو.

له‌ مێژساڵه‌ بێنازه‌ چیای گرده‌بێناز، سه‌ر به‌رزه‌ چیای گۆڕهێلكه‌، دیمه‌نی جوانی گه‌وه‌ و لاپاڵ‌، گابه‌رد و لوتكه‌، وه‌ك زیوی قاڵ به‌فری سپی به‌گه‌ردنی چیاوه‌ بۆته‌ ملوانكه‌، له‌سه‌ربه‌دان قاسپه‌ی كه‌و، له‌ په‌ڕپه‌ڕۆچكه‌ی ئاسمانێ له‌نگه‌ری باشولكه‌، له‌بن تاوێر و ڕه‌وه‌زان بێژان و شلێر و مه‌ندۆكه‌، داوه‌تی گوڵانه‌ ئێستا نۆره‌ی هه‌ڵز و بیزا و شه‌نگ و پیشۆكه‌.

بێناسه‌و ئه‌حمه‌نده‌و قوڵه‌شار، گرده‌شێخاڵ و ئاوه‌كه‌و مڕه‌ش له‌ بنار، مایه‌ی شادی دێنشینانه‌ پاوان و لێڕه‌وار، چریكه‌ی بولبول، له‌گه‌ڵ هاژه‌ی شه‌تاوی ڕووبار، ئاوازی سروشته‌، له‌مێرگی گوڵان، هه‌ست ده‌تاسێنێ هه‌وارگه‌ی دڵان.

له‌ به‌ژنی به‌رزو زراڤی چیاوه‌ دێنه‌خوارێ جۆگه‌له‌ ئاو، سه‌ماده‌كه‌ن، تێكه‌ڵ ده‌بن، به‌لرفه‌ و هاژه‌‌ ده‌بنه‌‌ شه‌تاو، ناره‌ ناری لاوی بزۆز، نازی كیژۆڵه‌ی به‌ڵه‌ك چاو، فیته‌ی شوان، ئۆحه‌ی گاوان له‌ دێبه‌ر و به‌راو، ده‌نگی زاووماك، بۆڕه‌ی مانگای تازه‌زاو، له‌ناو ئه‌م به‌هه‌شته‌ ڕه‌نگینه‌ گو‌ندی هێرۆ به‌شكۆوه‌ خه‌مڵیوه‌ ته‌واو.

مێرگ و سه‌رچاوه‌ و كانی به‌هه‌شتێكی ڕه‌نگینه‌ هێرۆ، له‌ دامێنی سه‌قر و بازه‌، له‌ لوتكه‌ و به‌رزایی چیا پیره‌هه‌ڵۆ، خه‌ڵكی قاره‌مانه‌، له‌هیچ سڵ ناكه‌ن، درۆیه‌ درۆ، له‌به‌ر زامی دوژمنانی قه‌ت نه‌یكردووه‌ هه‌یڕۆ، نانبده‌و میواندۆستن، عه‌جه‌ب دڵیان هه‌یه‌، نه‌ك یه‌كێك سه‌دان گوڕناڵیان هه‌یه‌.

ساڵی 1957 له‌ گوندی هێرۆ شۆڕه‌سوارێك هاته‌ دنیا، له‌به‌ر خۆشه‌ویستی ناویانا عه‌لی وه‌یسی، هێرۆ ناوه‌ندی جوڵه‌ی ڕۆشنبیران بوو، شاره‌دێیه‌ك له‌و بناره‌ جێ ئومێدی هه‌مووان بوو، ڕێكخستنه‌كانی ی.ن.ك وه‌ك پووره‌ی هه‌نگ له‌ بزاوتن و جوڵان بوو، نه‌تره‌ی چووبوو دوژمن، هه‌تره‌شی‌ به‌عسیان بوو، عه‌لی وه‌یسی حه‌سه‌ن له‌ ساڵی 1977 یه‌ك له‌ ڕێكخستنه‌كان بوو، لاوێكی ڕۆشنبیر و جێ ئومێدی نیشتمان بوو، وه‌ك خه‌نجه‌ری ده‌بان مایه‌ی ترسی دوژمنان بوو، به‌هه‌ستێكی ئه‌ویندارانه‌ وێردی زمانی كوردستان یانه‌مان بوو.

لێره‌وه‌ گه‌شه‌ی كرد، عه‌لی وه‌یسی چاوی له‌ ئاسۆ بڕی، به‌ئومێده‌وه‌ له‌ شه‌قه‌ی باڵیدا و به‌ره‌و به‌رزایی فڕی، له‌ ساڵی 1978 بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ و قردێله‌ی شه‌ره‌فی بڕی، له‌ ساڵی 1983 بۆته‌ ڕابه‌ر سیاسی تیپی 43ی ئاسۆس و له‌ 1985 بۆته‌ سه‌رتیپی 83ی هه‌ورێ، له‌ 1987 بووه‌ سه‌رتیپی 99ی بیتوێن و له‌ دوژمنی به‌دخوی ڕاخوڕی.

پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی قاره‌مان عه‌لی وه‌یسی، له‌ دوای ئه‌نفاله‌كان له‌ خۆشه‌ویستی و هه‌ڵوه‌دای نیشتمانی، نه‌ڕۆیشت، مایه‌وه‌، له‌ بیتوێن وه‌ك لێپرسراوی مه‌فره‌زه‌ی پارتیزانی، هاوكاری خواست، یارمه‌تیدرا له‌ ناو شار و ڕێكخستنه‌كانی، چیای كێوه‌ڕه‌شی كرده‌ شوێن خۆحه‌شاردان و وچانی، ئازاری دی، به‌ڵام نه‌به‌زی به‌یاوه‌ری هاوڕێكانی، هه‌ربۆیه‌ بووه‌ خاوه‌ن مه‌دالیای پارتیزانی.

شه‌هید عه‌لی قاره‌مانی ماندوونه‌ناس، له‌ شه‌ڕه‌كانی گرده‌بێناس، قه‌یوان-ماوه‌ت، گرجان و مه‌رگه‌ ‌دیار بوو، له‌شه‌ڕه‌كانی سه‌ردایه‌تی، گرتنی ڕه‌بایه‌ی قۆپی سه‌ری سه‌رگه‌ی میراوه‌ له‌ شه‌قڵاوه‌ به‌شدار بوو، له‌ ماوه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی 7 جار بریندار بوو، له‌ ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991 له‌ گرتنی فه‌وجی قادراوا ده‌ستبه‌كاربوو، شێرانه‌ هه‌ڵمه‌تی برده‌سه‌ر ده‌زگاكانی به‌عس تا كه‌ركوكی قودسی كوردستان كه‌ دوا شاربوو، ئیتر خاكی نیشتمان له‌ پێی گڵاوی دوژمن ڕزگار بوو.

شه‌هید عه‌لی پێشمه‌رگه‌ی تێكۆشه‌ری دێرین، بێ خه‌بات ئۆقره‌ ‌ناگرێ، له‌ ساڵی 1992 ده‌كرێته‌ جێگری فه‌رمانده‌ی له‌شكری بادینان و لێپرسراوی میحوه‌ری ئاكرێ، هه‌تا مردن له‌سه‌ر ڕێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی مام و یه‌كێتی بوو، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ به‌رزه‌ی قه‌ت له‌بیر ناكرێ، تێكۆشا بۆ به‌رزی گه‌ل و ڕزگاری نیشتمان، بۆیه‌ هه‌رگیز شه‌هید نامرێ.

به‌داخه‌وه‌ له‌ 17/ 10/ 1992 له‌شاخی باتوفه‌ی ناوچه‌ی زاخۆ له‌ شه‌ڕێكی نه‌خوازراودا گیانی پیرۆزی به‌خشی و گه‌یشته‌ كاروانی نه‌مران.

 686 جار بینراوە