سەرەکی » کەلتوور » من نەیاری روانگەبووم-ی فوئاد مەجید میسری

من نەیاری روانگەبووم-ی فوئاد مەجید میسری

ئامادەكردنی: كامۆ حەوێزیی

لەم ماوەیەدا ئەم كتێبە كەوتە بازاڕەوە، ئێستا لە كتێبخانەكانی كوردستان بەردەستە، هەرچەندە نەوەی حەفتاكانی سەدەی رابردوو ئاگاداری مشتومڕەی ناوەڕۆكی ئەم كتێبە بوون، وەلێ‌ بە گرنگی دەزانین ئەوانەی لەبارەی ئەم مشتومڕەی نێوان گروپی روانگە و نەیارەكانی شارەزاییان نییە، ئەم كتێبە بخوێننەوە، لە زۆرشوێنی دیدا گوتومانە، یەكێك لەو هۆكارانەی ئەدەب و رۆشنبیری بەرەو پێش دەبات، ململانێیە، وەلێ‌ ململانێ‌ لە بواری فیكرو مەعریفەدا، بەڵام كاتێك ململانێ‌ هەموو بەهاكانی خۆی لەدەستدا كەوتە ژێر كاریگەریی ئایدیۆلۆجیا و گرفتی تاكە كەسییەوە، ئەوا هیچ كام لەو نووسینانە خزمەت بە بوارەكانی ئەدەب و رۆشنبیریی گشتی ناكەن. گروپی روانگە لە بەیاننامەكەیاندا بە ئاشكرا دەڵێن گروپی روانگە لەو قۆناغەدا لە ژێركاریگەریی تازەكردنەوەی رەوتی ئەدەبیاتی وڵاتانی وەك میسر لوبنان سوریا عیراقدا سەری هەڵدا، ئەوەی ژمارەكانی روانگەی خوێندبێتەوە لەوە تێدەگات، گرنگی ئەم كتێبەی فوئاد مەجید میسری و وەڵامەكانی بۆ گروپی روانگە بێ‌ گرێ و گۆڵ وەك خۆی كە لە رۆژنامەی هاوكاریدا بڵاوكراوەتەوە، ئەمە بۆخۆی پاراستنی ئەمانەتی دیكۆمێنتارییە، لەم كتێبەدا كە راستەوخۆ پەیوەندی بە نووسەرەوە هەیە، زۆرترین ئەو رەخنانەی كە ئاراستەی شێركۆبێكەس كراون، دەخاتەڕوو، وەك لە كتێبەكەدا دەڵێ‌ زۆرترین جار شێركۆ بێكەس وەڵامی نەیارانی روانگەی داوەتەوە، كە نووسەر زیاتر جەخت لەسەر ناوی خۆی و فوئاد قەرەداخی و فازیل مەلا مەحمود دەكاتەوە، پێدەچی ئەم سێ‌ نووسەرە زۆرترین بابەتەتیان لەسەر روانگە نووسیبێت، گرفتی هەر گەورەی ئەم وەڵامی كاك فوئاد بۆ گروپی روانگە، كوشتنی گوتاری ئەدەبییە بە ماكینەی ئایدیۆلۆجیا، كاك فوئاد یەكێك لە رۆشنبیرە دیارەكانی ئەم دەڤەرەیە، هەرچەندە لە وەڵامەكانیدا باس لەو گوتارە ئایدیۆلۆجیایەی گروپی روانگە لە بەرانبەر نەیارەكانیدا دەكات، وەلێ‌ دەخەكەم وەڵامەكەی ئەویش دەچێتە هەمان چوارچێوەی ئەدەبیاتی ئایدیۆلۆجیاوە. بۆیە دەڵێم ئەم بڵاوكردنەوەی ئەم كتێبە لەم كاتەدا زۆر گرنگە، گرنگییەكەی لەو سیاقەوە، بەتایبەت بۆ ئەو نووسەرانەی ئاگاداری روانگە و نەیارەكانی نەبوون و شتێك لە بارەیانەوە نازانن. گوتار و زمانی وەڵامدانەوەی ئەم دوو گروپە، بەتایبەت شێركۆ بێكەس و فوئادی مەجید میسری، بەپێی وەڵام و لێكدانەوەكەی فوئادی مەجید میسری، درێژەپێدەری هەمان زمان و دیدگایە، كە ناسیونالیستەكان و كۆمۆنیستەكان گۆران و كامەران موكرییان كردبووە قوربانی ئایدیۆلۆجیا و روانگەی خۆیان بۆ ئەدەب، كە هێندەی لە بەرژەوەندیی ئایدیۆلۆجیادا بووە، نیو هێندە خزمەتی بە ئەدەب و رێبازەكانی ئەدەبی ئەو قۆناغە نەكردووە، وەك چۆن لەو سەردەمەدا شێخ نوری شێخ ساڵح دەبێتە قوربانیی ئەم ململانییە، بێگومان لە حەفتاكانیش خەڵكانی دی دەبنە قوربانی ئەو جۆرە گوتارانە. ئەم كتێبە تا ئەوێ‌ دەكرێ‌ دیدی جیاوازمان بۆی هەبێت، دەمێك وەڵامەكانی شیركۆ بێكەس و هاوڕێكانی گوتارەكانی خۆیان بڵاوبكەنەوە، ئەمە لە كاتێكدا نە شێركۆ بێكەس و نە كاكە مەم بۆتانی لە ژیاندا ماون، هەرچەندە ئەم بابەتە تەنها پەیوەندی بە روانگە و نەیارەكانییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ناوەندی ئەدەبیاتی كوردییەوە هەیە، كە دەكرێت لە داهاتوودا وەك فوئادی مەجید میسری بوێرانە وەڵام و بابەتەكانی گروپی روانگەش بڵاوبكەنەوە، هەر چەندە كاك فوئاد لەم باسەیدا ئاماژە بە كتێبەكەی حسێن عارف دەكات و دەڵێ‌ بە هیچ شێوەیەك ئاماژەی بە ناوی من نەكردووە، لە كاتێكدا كاك فوئاد یەكێك لە نەیارە دیارەكانی گروپی روانگە بووە.

لە بەشێكی دی ئەم كتێبەدا فوئادی مەجید میسری بەشێك لە لێكۆڵینەوەكانی خۆی و فازیلی مەلا مەحمودی ئاماژە پێداوە و كە پەیوەستن بە بەشێك لە شیعرەكانی شێركۆ بێكەس و چیرۆكەكانی حسێن عارف و ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات كە گروپی روانگە وەك سووكایەتییەك لە نووسینەكانی ئەوانیان روانیوە. بۆ ئەوەی نەوەی ئێستای ئەدەبی كوردی ئاگاداری ململانێی نێوان ئەم نەوەیە بن، پێویستە زۆر بەوردی ئەم كتێبە بخوێننەوە و بزانن گرفتی ئەدەب و رەخنەی ئەدەبی كوردی لەناو چ قەیرانێكدا هەڵیان كردووە؟ ئایا روانگە لەو قۆناغەدا پێویست بوو؟ ئایا وەڵامی نەیارەكانیان وەڵامی لۆژیكی بوو؟ لێكۆڵینەوەكانیان بۆ شیعر و چیرۆك لە خودی روانگە و بوونی روانگە بوو، یا لە شیعر و چیرۆكی ئەو قۆناغە؟

 703 جار بینراوە