سەرەکی » راپۆرت » ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا دەستبەكاردەبێت

ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا دەستبەكاردەبێت

كوردستانی نوێ، سیروان محەمەد

بڕیارە ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق لە سنوورەكانی موسڵ، كەركوك، دیالە و مەخمور دەستپێبكرێت، كە مەبەست لێی لەناوبردنی چەكدارانی داعش و چالاكی و جموجوڵەكانیانە بەتایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەكاندا.

تایبەت بەو پرسەش، دوێنێ، وەفدێك لە سەرۆكایەتیی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی هێزەكانی 70، سەردانی میحوەری گەرمەسێر و كوڵەجۆیان كرد و تاوتوێی چۆنێتی بەڕێوەچوون و دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عیراق دژ بە تیرۆریستان و چەكدارانی داعش، كرد. هەر بۆ هەمان مەبەست و بەئامانجی پڕچەككردن و دابینكردنی پێویستییە لۆجستییەكانی پێشمەرگە، وەفدێكی هێزەكانی هاوپەیمانان سەردانی میحوەری گەرمەسێری كرد.

ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمی لایەنی هونەریی پێكهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەستبەكاردەبێت
لەبارەی سەردانی وەفدەكانەوە بۆ سنوورەكە، مەحمود سەنگاوی فەرماندەی میحوەری گەرمەسێر رایگەیاندووە: ئەمڕۆ 18/5 قۆناغی یەكەمی لایەنی هونەریی پێكهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقدا، لە سنوورەكانی كەركوك، موسڵ، دیالە و مەخمور دەستبەكار دەبێت.
دەستبەكاربوونی ژووری هەماهەنگیی هاوبەش بۆ ناوچە جێناكۆكەكان، دوای كۆبوونەوەیەك بڕیاری لەسەر درا كە لەنێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سەربازیی عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە، كرا.

״ژووری هەماهەنگی لە ناوچە جێناكۆكەكان دەستبەكاردەبن״
لەوبارەیەوە، فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق و عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عیراق بە فەرماندە ئەمنییەكانیان راگەیاندووە كە پێكهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە، بڕیاری لێدراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا ژووری هەماهەنگی لە ناوچە جێناكۆكەكان دەستبەكاردەبن.

هەروەها، محەمەد عوسمان لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، لەلێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: حكومەتی عیراق بڕیاری دروستكردنی ژووری هەماهەنگی هاوبەشی بە بەشداریی هێزی پێشمەرگە لە كەركوك داوە، وتیشی: یەكێتی ئەو هەنگاوە بە بڕیارێكی گرنگ دەبینێت، كە جێبەجێكردنی لەسەر ئەرزی واقیع، خزمەت بە دۆزی ئەو ناوچانە و دانیشتووانەكانیان دەكات.

״بەشداریكردنی پێشمەرگە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەكاندا، ئاسایش و هێمنی دەهێنێتەدی״
ئەوەشی خستەڕوو كە بەشداریكردنی پێشمەرگە لەو ژووری ئۆپەراسیۆنەدا بەشێوەیەكی كارا، دەبێتەمایەی بەرقەراركردنی ئاسایش و هێمنی لەو ناوچانەدا بەتایبەت دوای ئەوەی داعش جموجوڵەكانی لە ناوچە جێناكۆكەكان زیادیكردۆتەوە و زیانی زۆریان بە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان گەیاندووە.

هەر سەبارەت بە گرنگیی بڕیارەكە، حەسیبە عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پێكهاتەكان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: چەند ساڵێكە پێداگریی دەكرێت لەسەر ئەوەی كە ئەو ژوورە هەماهەنگییە لە ناوچە جێناكۆكەكاندا پێكبهێنرێت، كە بەهۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنییەوە رێژەی پەلامارە تیرۆریستییەكان لە سنووری ناوچە جێناكۆكەكاندا بەگشتی و باشوور و خۆرئاوای كەركوك بەتایبەتی زیادیان كردووە، ئەوەش هێمایە بۆ ئەوەی داعش لەو ناوچانە خۆیان رێكخستۆتەوە و بە پیلانیشەوە هاتوونەتەوە گۆڕەپانەكە و پەلامارەكانیان دەستپێكردۆتەوە و كار بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچە جێناكۆكەكان دەكەن، بۆیە دروستكردنی ناوەندی هەماهەنگی بۆ ناوچە جێناكۆكەكان ئێستا لە هەموو كاتێكی تر پێویستترە.

راشیگەیاند: ئەگەر ئەو هەنگاوە بنرێت كاریگەریی باشی دەبێت بۆ دۆزی ناوچە جێناكۆكەكان، بۆیە پێویستە هەرێم و بەغدا پەلەبكەن لە گرتنەبەری رێكارەكانی دروستكردنی ئەو ژوورە هەماهەنگییە.

فراوانكردنی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق
لای خۆیشییەوە، جەمال شوكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ كوردستانی نوێ، ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و بەرگریی عیراق، هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی كە سەرۆك وەزیرانی عیراق داوێتی بۆ دروستكردنی ژووری هەماهەنگیی هاوبەش لە ناوچە جێناكۆكەكاندا، تەئكیدیشیكردەوە كە هەوڵەكان بەوە كۆتایی نایەت كە ژوورێكی هەماهەنگیی دروستبكرێت، بەڵكو دەبێت هەماهەنگییەكان درێژبكرێنەوە و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بە هێزی هاوبەش بكرێت و هەماهەنگیی سەربازی و هەواڵگرییش دروست بێت، كە لەو رێگەیەوە دەتوانرێت ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی كە لە ناوچە جێناكۆكەكان هەیە بە باشی پڕ بكرێتەوە و رێگرییش بكرێت لە جموجوڵی داعش لەو ناوچانەدا.

 395 جار بینراوە