سەرەکی » ئاراستە » شێوەكارێك لەناو شۆڕشەوە

رەمزی قوتبەدین

شێوەكارێك لەناو شۆڕشەوە

به‌ختیار سه‌عید

بەشێکی زۆری میللەتان بە قۆناغی شۆڕش و رزگاریدا تێپەڕیوون و كەسانێكیش لە ناو ئەو شۆڕشدا بوونەتە سیمبول و بەشێك لەو شانازیانەیان پێ رەوا بینراوە كە بەشدارییەكی راستەوخۆیان هەبووە و وەكو مێژووش بەردەوام ناویان دەوترێتەوە، جا ئەگەر ئەو كەسانە لە رووبەڕووبونەوەی چەكداریدا یاخود لە بوارەكانی هونەریی و ئەدەبی بەرگریدا بێت، هەمووی پێكەوە بوونەتە هۆكاری ئەو رۆژانەی ئەمڕۆیان دروستكردووە و نەوەیەكی نوێتر لەجاران ژیانی تێدا بەسەر دەبات.

لەناو شۆڕشی نوێدا چەندین هونەرمەند لە بوارە جیاوازەكان سەرقافڵەی ئەو شۆڕشە هونەرییەبوون و توانیان پێكەوە هونەری بەرگری بەرهەم بهێنن كە پێشتر وێنەی نەبووە، هەر ئەو بێ وێنەییە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كارەكان شێوازێكی جیاواز وەربگرێت لەو هونەرەی لەناو شاردا دەکرێت، ئەو هونەرەی كە لەناو ناوچە ئازادكراوەكانەوە سەرچاوە دەگرێت راستەوخۆ بەرگریكارێكی تەواوی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە.

شێوەکارێکی بە ئەزموون
ئەم جارە باس لە یەكێك لەو شێوەكارە دەستڕەنگینانە دەکەین كە لە دوای تەواوكردنی خوێندنی هونەر لە بەغدا و بەشی گرافیك لە ساڵی 1975دا، لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا و دواتر لە ساڵی 1980 لە هەڵەدن دەبێتە مامۆستا، دواتریش هەر لەو گوندەدا بەهۆی خۆشەویستی بۆ هێزی پێشمەرگە و شۆڕش و دەبێتە ئەندامێكی دیاری ناو راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

رەمزی قوتبەدین، شێوەكارێکی بە ئەزموونی ناو دەزگای راگەیاندنی شۆڕش بووە، ئەو توانیوێتی جوانكارییەكانی ناو رۆژنامە و گۆڤار و چاپەمەنییەكانی شۆڕش لە ئەستۆ بگرێت، هەر ئەو بووە توانیوێتی لە ناوچە رزگاركراوەكاندا پیشانگەی تایبەت بكاتەوە، لەلایەك هێزی پێشمەرگە و لەلایەكی تر گوندنشینەكان بە تابلۆ و پیشانگە و كاری هونەری ئاشنا بكات.

دەستڕەنگینی لە گرافیک
رەمزی قوتبەدین یەكێك بووە لەو شێوەكارە دەستڕەنگینانەی كە لەگەڵ شێوەكاری كۆچكردوو(سەروەت سەوز) پیشانگەی هاوبەشیان كردۆتەوە، جگە لەوەی پیشانگەیەكی هونەری بووە، دواجاریش ناساندنی هونەری گرافیك بووە بە زۆرترین بینەرەكانی ئەو پیشانگەیانەی كە لەناو شاری سلێمانی دەكرانەوە، ئەوە بووە هۆكار ناوی وەكو ناوێكی تایبەتی هونەری گرافیك لە باشوری كوردستان بهێنرێت.

رەمزی قوتبەدینی شێوەكار دەیویست لە رێگەی نیگارەكانییەوە دڵسۆزی خۆی و بەرگریكردنی لە خاك و نیشتمان لەسەرگەڵو بۆ بەرگەڵو لە وێشەوە بۆ سەقز و تاران و دواتر فەرەنسا درێژە پێبدات، هەر بۆیە لەدوای تاوانی ئەنفال و رۆشتنی هێزی پێشمەرگە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان و کردنی چالاكی هونەری بەتایبەت لە یەكەمین ساڵیادی كیمیابارانی شاری هەڵەبجە و فێستیڤاڵی نەورۆزدا، توانی وەكو شێوەكارێكی بە ئەزموون بە كارەكانی بەشدارییەكی كاریگەری هەبێت و بەشێك لە تابلۆكانی چ وەكو پۆستكارت و دواتریش وەكو پۆستەر بە ئەندازەی گەورە لەسەر ئاستی جیهان بڵاو بکاتەوە.

پیشانگە هاوبەشەکان لە پاریس
لەدوای ساڵی 1990 لەگەڵ شێوەكارانی ناو شۆڕش كە پێكهاتبوون لە (رێبوار سەعید، ئەردەڵان، عوسمان قادر) دەچنە شاری پاریس و پیشانگەیەكی هاوبەش دەكەنەوە دواتر لەسەر بڕیاری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرۆک (مام جەلال) لە پاریس دەمێننەوە.

ئەو مانەوەیە بۆ هونەرمەند رەمزی قوتبەدین بووە دەرفەتێک تا بۆ یەكەمینجار لە شاری (ئەلبی) فەرەنسا یەكەمین پیشانگەی تایبەتی خۆی بكاتەوە، ساڵی دواتر واتە 1991 پیشانگەیەكی هاوبەشی لەگەڵ شێوەكار(رێبوار سەعید) دەكاتەوە و ئەم پیشانگەیانە هێندەی تر دەبێتە هۆی بە ناوبانگی هونەرمەند لە فەرەنسا و دواتریش له‌ ساڵی 1992دا له‌ پێشانگایه‌كی هاوبه‌شدا له‌ (ئینستیتوتی پاریس) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان (رێبوار خالید) و (عوسمان قادر) و (رێبوار سه‌عید) به‌ژماره‌یه‌ك ‌تابلۆ به‌شداریان كرد.

هونەرمەند لەسەر ئاستە جیاوازەكاندا و لە وڵات و گەلەری جیاواز پیشانگەی كردۆتەوە و توانیویەتی وەكو شێوەكارێكی كورد بوونی هەبێت و ببێتە شانازییەك بۆ مێژووی هونەری شێوەكاری كوردی و بۆ ئەو شۆڕشەی كە هونەرمەندێكی ئاوای لە ئامێزدا هەڵگرتووە.

پڕۆفایل

ره‌مزی قوتبه‌دین لە ساڵی 1955 له‌خانه‌قین له‌دایكبووه‌.

لە ساڵی 1980 په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا- به‌شی گرافیكی ته‌واوكردووه‌.

لە ساڵی1983 یه‌كه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له ‌ناوچه‌ ئازادكراوه‌كاندا له ‌گوندی هه‌ڵه‌دن كردۆته‌وه‌.

لە ساڵی 1995 دووه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له ‌ناوه‌ندی كەلتوری (كلیف) له‌ پاریس کردۆتەوە.

لە ساڵی 1996 سێیه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له‌گه‌له‌ری (كالمێرت) له‌پاریس کردۆتەوە.

لە ساڵی1999 چواره‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له ‌ناوه‌ندی هونه‌ری هاوچه‌رخی (سانتسیپرین) له ‌پێرپێگنان کردۆتەوە.

لە ساڵی2000 پێنجه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له ‌گه‌له‌ری كالمێت له‌ پاریس کردۆتەوە.

لە ساڵی- 1980-2006 به‌شداری زیاتر له‌ (40) پیشانگه‌ی هاوبه‌شدا كردووه‌ له‌ (به‌غدا، كه‌ربه‌لا، سلێمانی، ئیتاڵیا، سورداش، پاریس، لیل، ستراسبۆرگ).

لە ساڵی 1984له ‌شاخ كۆمه‌ڵێك هێڵكاری له‌دوو نامیلكه‌دا بڵاوكردۆته‌وه‌و سه‌رپه‌رشتی هونه‌ری بڵاوكراوه‌كانی چاپخانه‌ی شه‌هید ئیبراهیم عه‌زۆی كردووه‌.

لە ساڵی 1999‌وە له ‌شاری پاریس نیشته‌جێیه‌.

لە ساڵی2000شه‌شه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له‌ گه‌له‌ری callu Merite له‌ شاری پاریس کردۆتەوە.

لە ساڵی 2002 حه‌وته‌ممین پیشانگه‌ی تایبەتی له‌ گه‌له‌ری callu Merite له‌شاری پاریس کردۆتەوە.

لە ساڵی 2003هه‌شته‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له‌ گه‌له‌ری Claudine Legrand له‌ شاری پاریس کردۆتەوە.

لە ساڵی 2005 نۆیه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له‌ گه‌له‌ری Bouchindhommeله‌ شاری لیل کردۆتەوە.

لە ساڵی 2006 ده‌یه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له‌ گه‌له‌ری Claudine Legrand له‌ شاری پاریس کردۆتەوە.

لە ساڵی2009 یانزه‌هه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له‌ گه‌له‌ری Septentrion له‌ شاری لیل کردۆتەوە.

لە ساڵی 2009 دوانزە‌هه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له‌ گه‌له‌ری سه‌رده‌م له‌ شاری سلێمانی کردۆتەوە.

 345 جار بینراوە