سەرەکی » ئابووری » ״عیراق پارە بلۆككراوەكانی ئێران دەگەڕێنێتەوە״

״عیراق پارە بلۆككراوەكانی ئێران دەگەڕێنێتەوە״

وەزیری وزەی ئێران ئاشكرایدەكات، حكومەتی عیراق بەشێك لە پارە بلۆككراوەكانی ئێرانی گەڕاندۆتەوە، بەو مەرجەی لە كڕینی ڤاكسینی دژە كۆرۆنادا خەرج بكرێت.

رەزا ئەردكانیان، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاندووە، حكومەتی عیراق بڕی 125 ملیۆن دۆلار لە پارەی بلۆككراوی وڵاتەكەی گەڕاندۆتەوە، بە ئامانجی كڕینی 16 ملیۆن ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، گەڕانەوەی پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە عیراق، لە ئەنجامی گفتوگۆ و هەوڵێكی دوور و درێژ بووە لەگەڵ بەرپرسانی عیراق و بانكی بازرگانیی ئەو وڵاتە.

ئەو وەزیرەی ئێران روونیشیكردۆتەوە، هەفتەی داهاتوو رێكارە كارگێڕییەكان تەواو دەبن و كاروانێكی ڤاكیسنی كۆرۆنا رادەستی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەكرێت و بەشێك لە شایستە داراییەكانی وڵاتەكەی بۆ كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا خەرج دەكرێت.

بەهۆی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، دەیان ملیۆن دۆلاری ئێران لە عیراقدا بلۆككراون و عیراقیش پابەند كرا بە بلۆككردنی ئەو پارانە، ئەگەر ئەو رێكارەشی نەكردایە، ئەوا سزای عیراقیش دەدرا و پارەكانی لە ئەمریكا و ئەوروپا بلۆك دەكرا.

پێشتریش، عەبدولناسر هیممەتی بەڕێوەبەری بانكی ناوەندیی ئێران ئاشكرایكرد، تاران ‌و سیئۆل رێكەوتوون لەسەر ئەوەی بڕی ملیارێك دۆلار لەپارە بلۆككراوەكانی ئێران لە كۆریای باشوور حەواڵەی ئێران بكرێتەوە.

ئەوەشی راگەیاندبوو، لەگەڵ هەریەك لە عیراق ‌و عومان ‌و ژاپۆنیش دەستیان بە گفتوگۆ كردووە، بۆ ئەوەی پارە بلۆككراوەكانی ئێران لەو وڵاتانەش ئازاد بكرێت.

جێگەی باسكردنە، لەدوای سەپاندنی سزای ئابووریی ئەمریكا بەسەر ئێراندا، دەیان ملیۆن دۆلاری ئەو وڵاتە لە ژمارەیەك وڵات لە نێویدا عیراق بلۆككران. ئێستاش واشنتۆن چاوپۆشی دەکات لە گەڕاندنەوەی بەشێک لەو پارە بلۆککراوانە.

 161 جار بینراوە