سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » گەشاوی پێشمەرگە: رۆڵی ژن لەناو رێزەکانی یەکێتیدا بەرز دەنرخێنرێت

گەشاوی پێشمەرگە: رۆڵی ژن لەناو رێزەکانی یەکێتیدا بەرز دەنرخێنرێت

دیداری- ئەوین عەبدولهادی

خاتوو گەشاو ابراهیم ناسراو بە گەشاوی پێشمەرگە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای پێشمەرگە دێرینەكانە، پێشمەرگەی دانەبڕاوی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، لەم دیدارەی کوردستانی نوێ لەگەڵیدا، باس لە چەند وێستگەیەکی ژیانی خۆی لە شاخ و شار دەکات.

سەبارەت بەو نازناوەی وەری گرتووە کە گەشاوی پێشمەرگەیە وتی: من شانازی بەنازناوەكەمەوە دەكەم و خاوەنی مێژوویەكی پرشنگدارم، ئەم نازناوەشم ساڵی 1987 لە زاری شەهید (سیروان)ەوە وەرگرتووە، دروود بۆ رۆحی پاکی بەداخەوە شەهیدبوو، شەهید سیروان رۆژێک وتی» گەشاو من پێم ناخۆشە تۆ هەربەو ناوە بانگ بكرێیت، پێمخۆشە ناوێك نازناوێك دابنێم بۆت و وتی لەمەدوا ناوت دەنێم گەشاوی پێشمەرگە، لەوكاتەوە بەشانازییەوە پێم دەڵێن گەشاوی پێشمەرگە، ئەو وشەیە زۆر پیرۆزە نادرێتە هەموو كەس.

پەیوەندی بەرێکخستنەکان و دواتر بوون بە پێشمەرگە
خاتوو گەشاو لە بارەی وادەی پەیوەندی كردنی بە رێكخستن و دواتر بوونی بەپێشمەرگە، رایگەیاند لە (1986) پەیوەندی كردووە بەریزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، لە هەمان ساڵیشدا بۆتە پێشمەرگە، سەرەتا لە لایەن خانەوادەو كەسوكاریەوە ریگری لێکراوە، بەڵام هەر كۆڵی نەداوە و هەمان ساڵ لە تیپی (78)ی كاروخ لە لای شەهید (رەسول مەولود) بووەتە پێشمەرگە، وتیشی: پاشان هاتمە كەرتی (5)، چەند جارێک وێستگەی پێشمەرگایەتیم گۆڕی، لەسەر خواستی خۆم چووم بۆ مەڵبەندی (3) لای شەهیدی سەركردە (حەسەن كوێستانی)، دواتر چوومە تیپی(93)ی كۆیە و هاتمە مەكتەبی راگەیاندن، پاشان چوومە سەرکردایەتی لە لای هەڤاڵی هەمیشە زیندوو لە رۆحماندا مام جەلال، پاشان مام جەلال نامەی بۆ نووسیم بۆ نەخۆشخانەكانی شۆڕش لە (سیروان) بۆ كاك دكتۆر شەماڵ ئەوكاتە ئەو لێپرسراوی نەخۆشخانەکە بوو لەوێ‌ ئیدامەم بە خەبات و بەرخودانی خۆمدا.
لەسەر رۆڵ و بەشداری ژن لە شۆڕشی نوێ رایگەیاند: یەكێتیی و مام جەلال هەمیشە بڕوایان بە خەباتی ژن هەبووە، مام جەلال مەودایەكی دانابوو بۆ ژنان وەك پیاوان بێنە مەیدان، نموونەی ئەو ژنانەش لە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەست پێدەکات، کە بەكار و چالاكیەکانی هەمیشە پێشەنگ و دیاربوو، دەیان سەروەری و داستانی بە كامێراكەی سەر شانی خۆی تۆماركردووە، بۆیە دەبێت رۆڵی ژن هەمیشە لەنێو رێزەكانی یەكێتیی بەئێستاشەوە بەرز و بڵند دەنرخێنین.

لەتەمەنی منداڵیدا بووم بەپێشمەرگە
خاتوو گەشاو ئاماژەی بەوە کرد کە چووە شاخ بۆ پێشمەرگایەتی، تەمەنی (16) ساڵ بوو، لەبەر ئەوە رووبەڕووی زۆر کێشەو رووداو بۆوە لەبەر تەمەن و لەبەرئەوەی كە رەگەزی مێ بوو، چونکە سانسۆرێكی زۆر هەبوو، بۆ ماڵی باوكم مقۆمقۆ دروست ببوو لە ناو كەسوكار، ئەوكات رژێمی بەعس زانیبووی كچێك لەو تەمەنەداو لەو شوێنە بووەتە پێشمەرگە بەداخەوە رووبەرووی كوشتن و تیرۆر بوومەوە لەلایەن عەشیرەتەكەمانەوە، بەڵام كۆڵم نەدا.
سەبارەت بە ماوەی مانەوەی لە رێكخستنەکان بوون بە پێشمەرگە، ئایەبەشداری چ شەڕێكی كردووە وتی: مەودای ڕێكخستنم زۆر كەم بوو، نزیكەی چوار پێنج مانگ بوو، پاش ئەوە چەكی پێشمەرگایەتیم كردە شانم لە (1987) و بەشداری شەڕی (زینوەی سپی)م كرد بە كۆڵەپشتەوە و دەرمان كردنی پێشمەرگەكان.

رۆڵی ژنان لە شاخ بەرچاو بوو
خاتوو گەشاو لەسەر رۆڵی ژنان و ئەرکیان لەرێكخستنەكانی یەكێتی وتی: كارەكان جیاواز بوو لە رێكخستەكاندا، ئێمە بڵاوكراوەمان بڵاودەكردەوە و ئەگەر بەعس هەر جموجوڵێكی هەبوایە ئێمە سەرووی خۆمان لێ‌ ئاگادار دەكردەوە بەهاوكاری پیاوان دەرمان و كۆمەك و هاوكاریمان بۆ پێشمەرگە كۆدەكردەوە، رژێم سوودی لەكۆمەڵێ‌ خەڵكی خۆفرۆش بینی بوو چاودێری ئەو ژنە چالاكوانەیان دەكرد، كە پلەی بڵندیان هەبوو لەناو رێکخستنەکان لە پەروەردە و تەندروستی ئەوانە هەمیشە سانسۆریان لەسەربوو، بەڵام زۆر ژنمان هەبوو هەر بەردەوام دەبوون بێ‌ گوێدانە ئازارەكان، بەداخەوە زۆریشیان ئاشكرادەبوون و تەنانەت لە سێدارە دانیشی تێدا دەبوو.
روونیشی کردەوە کە ئەو لە بەشی دەرمانخانە و بەشی نەشتەرگەری ناو قاعە كاری كردووە و دكتۆرەكانی شۆڕش زۆری دەهاتنە لای ئەوان، شوێنی ئەوان گرنگ بوو، وتیشی چەندین بریندارمان لەوێ‌ دەستبڕینەوە و قاچ بڕینەوەیان بۆ دەكرا یان نەشتەرگەری گەورەیان بۆ دەكرا.

پێشمەرگایەتی دوای قۆناغی دوای ئەنفال
سەبارەت بە پێشمەرگایەتی لە قۆناغی ئەنفالەکاندا خاتوو گەشاو دەڵێت: كۆتایی پێشمەرگایەتیمان ئەوەبوو كاتی ئەنفال بوو، خەڵك رۆشت و ژنانی شاخ هەمووی رۆشتن و بریندارەكانمان نارد، کاک نەوشیروان مستەفا هات و وتی كچەكان دەبێت ئێوەش بڕۆن لەگەڵ ژنانی شاخ بۆ ئێران، وەڵامی ئێمە ئەوەبوو، پێمان وت ئێمە پێشمەرگەین لەگەڵ پێشمەرگە دەڕۆین، شەو زستان بوو ئەگەر هەڵە نەبم مانگی دوو بوو لەبەرگەڵوو ئێمە كشاینەوە سێ‌ كچ بووین، یەكی چەكێكمان پێ‌ بوو لەگەڵ تیمی تەندروستی، كۆڵەپشتێكمان پێ‌ بوو، پێویستیەكانمانی تێدابوو بەرەو دۆڵی شێخ محەمەد رۆیشتین، بەداخەوە کە گەیشتین كەسی تێدا نەمابوو، خەڵكەكە چۆڵی كردبوو، پاشان بەڕێكەوتین بەرەو گەڵاڵە لەوێ‌ نوێنەری خۆمان هات کە نوێنەری پەیوەندییەكانی یەكێتی دكتۆر مەنسور بوو، ئێمەی وەرگرت، هاتینە تیپی (37) شارباژێر، ئەوكات كاك حاجی سەراوی فەرماندەی ئەو تیپەبوو، لەوێ‌ پشوویەكمان داو هاتین بۆ ماڵی مامۆستا عەزیز ئەوكات لە پەیوەندیەكانی یەكێتی بوو لە شاری بانە پاشان ماوەیەك مقەڕمان دانا لە (بلوار) لەشاری سەقز دواتر هاتین بۆ نەخۆشخانەی (قوڵە هەرمێ‌) لەنێوان قاسمە رەش و نۆكان لەوێ‌ نەخۆشخانەیەكمان دانا دەستمان كرد بە خزمەتی پزیشكی تا دوای (1991)، گەڕاینەوە. ئێستاش بەردوامم لە كاری پێشمەرگایەتیم لە كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان و بە شانازییەوە، هەرگیز پەشیمان نیم لەو ماندووبوونەی پێشمەرگایەتی و شاخ.

 136 جار بینراوە