سەرەکی » ئابووری » ئەمساڵ وادەی دروێنەكردنی گەنم پێشخرا

ئەمساڵ وادەی دروێنەكردنی گەنم پێشخرا

ئا: جەمال سەرگەتی

فۆتۆ: شاد ئیبراهیم

هەرچەندە ساڵانە لە مانگی شەشەوە دەست دەكرێت بە دروێنەكردنی گەنم، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، بەهۆی كەم بارانییەوە هەر لە سەرەتای مانگی پێنجەوە دەستكرا بە دروێنەكردن و رۆژانە بە ئامێری دەڕاسە جووتیاران گەنمەكانیان دەدورنەوە.

ئەمساڵ جووتیاران نیگەرانن لە كەمی بەرهەمی گەنم و تەنانەت لە چەند ناوچەیەكی هەرێمدا و بەهۆی كەم بارانییەوە، بەرهەمی گەنم لەناوچووە. جووتیاران بە نیگەرانییەوە دەڵێن: «حكومەت پارەی چوار ساڵی گەنمی لایە و تا ئێستا ئەو پارەیەمان نەدراوەتەوە».

بەرهەمێكی باشمان هەیە
سەرتیپ محەمەد، (تەمەن 42 ساڵ) دانیشتووی گوندی «گرێزە» لە شارەزوور كە ماوەی 27 ساڵە جووتیارە، بۆ كوردستانی نوێ-ی روونكردەوە، ساڵانی رابردوو كە باران وەك پێویست بوو، لە سەرەتای مانگی شەشەوە دەستدەكرا بە دروێنەكردن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی وشكەساڵی و كەم بارانییەوە، بە ناچاری لە رۆژی 10ی مانگی پێنجەوە دەستكرا بە دروێنەكردنی گەنم.

وتیشی: «پێشبینیمان دەكرد كە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی دەشتی شارەزووریش هاوشێوەی ناوچەكانی (گەرمیان و هەولێر و پردێ و كەركوك) باش نەبێت، بەڵام بەرهەمێكی باشمان هەیە».

لەبارەی كاركردنی ئامێری دەڕاسە بۆ دروێنەی گەنمی ئەمساڵ، ئەو جووتیارە ئاشكرایكرد، ساڵانی رابردوو ئامێری دەڕاسە بە سەعات كاری دەكرد، كە نرخی سەعاتێك بە 45 بۆ 55 هەزار دینار بوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ تا ئێستا نرخەكەی بە تەواوەتی دیار نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، تائێستا پارەی گەنمی چوار ساڵ نەدراوە بە جووتیاران، بەشێوەیەك جووتیاران پارەی گەنمی ساڵانی (2014، 2015، 2016، 2020)یان وەرنەگرتووە، «بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم ئەو كێشەیە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات و پارەی ماندووبوونمان بۆ بگێڕێتەوە».

گەنمی جۆری باش بەرهەمهاتووە
بەوتەی جووتیارانی سنووری دەشتی شارەزوور، ساڵی 2008 هاوشێوەی ئەمساڵ وشكەساڵی و كەمبارانی رووی لە هەرێم و عیراق كرد، سەرەنجام بەرهەمی ساڵێكی جووتیاران تاڕادەیەكی زۆر لەناوچوو، بۆیە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن كار بكات بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەك تا بۆ ساڵانی ئایندە گرفتی لەناوچوونی گەنم چارەسەر بكرێت لە ئەگەری كەم بارانیدا.

لەوبارەیەوە، ئەحمەد ساڵح (تەمەن 55 ساڵ) دانیشتووی هەمان گوند وتی: «بەهۆی كەم بارانی و وشكەساڵییەوە، گەنمی ئەمساڵ جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ بەرهەمی ساڵانی رابردوو، بەڵام بەراورد بە چەند ناوچەیەكی تری هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی گەنمیان لەناوچووە، لە دەشتی شارەزوور گەنمی جۆری باش بەرهەمهاتووە».

نرخی ״كا״ بەرزبۆتەوە
روونیدەكاتەوە، كەمی باران كاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی نرخی پووشی گەنم (كا) بەرزبێتەوە، بەشێوەیەك لە ساڵانی رابردوو نرخی یەك عەرەبانە (كا) بە 25 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ نرخەكەی بۆ 150 تا 200 هەزار دینار بەرزبۆتەوە.

بەوتەی ئەو جووتیارە، دەشتی شارەزوور بەپیتترین زەوییە بۆ چاندنی بەروبووم، بەتایبەت گەنم، «بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێم وەك پێویست هاوكاری جووتیاران ناكات بۆ ئەوەی گەنمی باشتر و زۆرتر بەرهەمبهێنن».

ئێستا جووتیاران لە چاوەڕوانی كردنەوەی سایلۆكانن، بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان لێوەربگیرێت. ماوەیەك لەمەوبەر وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمیش، پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی راگەیاند، كە بریتییە لە دروستكردنی ژمارەیەك سایلۆی مۆدێرن و وەرگرتن و ساخكردنەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێم.

 94 جار بینراوە