سەرەکی » ئاراستە » چ گروپێک شوێنی ئیسلامییەکانی میسر دەگرێتەوە؟

چ گروپێک شوێنی ئیسلامییەکانی میسر دەگرێتەوە؟

وەرگێڕانی: کوردستانی نوێ

 

شۆڕشی میسر لە کانوونی دووەمی ساڵی 2011 و کۆتایی هاتنی حکومەتە 30 ساڵییەکەی «حوسنی موبارەک»، لەگەڵ کودەتاکەی حوزەیرانی 2013 کە بووە هۆی کۆتایی هاتنی حکومەتی یەک ساڵەی «محەمەد مورسی» نوێنەری ئیخوان موسلمین، زۆرینەی ئەو حزبە لە گۆڕەپانی سیاسی ئەو وڵاتەدا خرانە پەراوێزەوە و پەرت بوون.

هەندێک لە چاودێران، ئەو رێکەوتەیان بە سەرەتای کەوتنی روخسارە دیارەکانی ئیسلامگەرا لە میسر دەزانی، بەتایبەت کە ئەو کەوتنە هەڵمەت و هەنگاوی سیاسی، ئەمنی، سەربازی، بانگەشەیی و کەلتوری دژی چالاکانی ئەو حزبانەی لەگەڵدا بوو، زۆرێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەوان ئێستا لە بەندیخانەدان یان دوورخراونەتەوە، ئەوانەشی مانەتەوە لە ترسی هەمان چارەنووس لە ماڵەکانیاندا بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
لە دوای ئەو کەشە ئاینییە، میسر شایەتی دەرکەوتنی روخساری تازە بوو کە لە دەرەوەی رێکخستنە ئیسلامییەکان دەرکەوتبوون و زۆرینەی ئەوانەش یان پەیوەست بە ناوەندی ئاینیی فەرمی میسر، واتە ئەزهەر، یان پەیوەست بوون بە تەریقەتی سۆفییەکان.

پرسیار ئەوەیە، ئەو گروپانە لە دوای یەک دەیە چالاکی لە غیابی حزبە ئیسلامگەراکان، چ دەستکەوتێکیان هەبووە؟.

بۆشایی حزبە ئیسلامییەکان
حزبی سەلەفی «النور» لەگەڵ ئەوەی کە لە دوای کودەتای سوپای میسر بەسەر حکومەتی ئیخوان موسلمین بێ زیان بوو، هاوکاری حکومەتی نوێی کرد، بەڵام دیسان لە گۆڕەپانی سیاسی میسر لاواز بوو، چونکە بە تەنیا نەیدەتوانی بچێتە ژێرباری گۆڕانکارییەکان کە لە وڵات روویان دەدا، بەتایبەت ئیتر حکومەتە ناوچەییەکان و جیهان تێڕوانینێکی نەرێنیان بەرامبەر بزووتنەوە سەلەفییەکان هەبوو و لە راستیدا ئەو حزبە نەیدەتوانی سود لە پشتیوانی دەرەکی ببینێت.

دەرئەنجام، حزبی «النور» نەیتوانی سود لە بۆشایی حزبە ئیسلامگەراکان ببینێت و دواجار دۆخەکە بۆ ئەو وتاربێژانە فەراهەم بوو کە بەدیهاتووی دامەزراوەی فەرمی ئاینین و هەستیاری ئەمنی لەبەرچاو دەگرن.
لەو نێوەندەدا ئەزهەر و سەرۆکەکەی، شێخ حمد الطبیب، رۆڵی سەرەکی لە دیاریکردنی گۆڕەپانی نوێی ئاینیان لە ئەستۆ گرتووە و هەندێک لە وتاربێژ و رۆحانییە نوێیەکان کە سەر بە خودی ئەزهەر یان تەریقەتی سۆفییەکانن بەهەمانشێوەی لەو رێیەدا بەهاوکاری ئەو دەستپێشخەریان کرد.

لەو 10 ساڵەدا چی روویدا؟
خەیری عومەر، شارەزای بواری ئیسلامی سیاسی لە میسر جەخت دەکاتەوە لەوەی کە بزووتنەوە ئیسلامییەکان بەر لە ساڵی 2013 بە دوو شێوە نەیاری یەکتر بوون، لە لایەک بزووتنەوەی ئیخوان نەیتوانی بوو کەسایەتییەکی دیاری ئاینیی لە ئاستی هاووڵاتیاندا بناسێنێت، و وتاربێژانی وابەستەشیان بەهەمانشێوەی ناوبەنگێکی ئەوتۆیان نەبوو، بەڵکو تەنیا لە بازنەی ئیخوانەکان ناسراو بوون.

بەڵام لە بەرامبەردا، بزووتنەوە سەلەفییەکان لە مزگەوتەکان و راگەیاندنەکاندا دەستێکی باڵایان هەبوو و زۆر جێگەی سەرنجی هاووڵاتیان بوون، دەرئەنجام لایەنگرێکی زۆریان پەیداکرد، هەرچەندە بەگشتی لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی حکومەتی ئەو کات دەرنەدەچوون.

بە وتەی عومەر، لە دوای ساڵی 2013دا، لە پرسی دیاردا لە بازنە ئاینییەکان جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدینەهات، بێجگە لەو خاڵە گرنگەی کە ئیتر ئیخوان مۆڵەتی چالاکی و ئامادەیی نەبوو، سەلەفییەکانیش بەهەمانشێوە ناچارکران گوتاری ئاینیی خۆیان رێکبخەنەوە و کەسایەتی نوێ هاتنە ئاراوە.

گۆڕەپانی نوێی ئاینیی لە میسر
ئاسایی بوو لەو دۆخە نوێیەدا، وتاربێژان لەدوای پڕکردنەوەی بۆشایی ئیسلامگەرایانی سیاسی بێنەپێشەوە و لەو گۆڕەپاندا کە نزیک بوون لە ئەزهەر و تەریقەتی سۆفییەکان دەستێکی باڵایان هەبێت.

ئەو چانسەی کە رووی لە کەسایەتییە تازە دەرکەوتووەکان کرد، پیشانیدا کە ئاین هێشتا کاریگەرییەکی فراوانی لە کۆمەڵگەی میسردا هەیە و لەبەر ئەوە لەگەڵ نەمان و پاشەکشەی گروپێک، پێویست بوو گروپێکی دیکە تینویەتی کۆمەڵگە بە مەسەلەی ئاینییەوە بشکێنێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو وتاربێژ و رۆحانییە نوێیانە، لە جیاتی رێکاری کۆنی چالاکی لە مزگەوت و تەکیەکان، بەدوای ئامرازی کۆمەڵایەتی نوێدا چوونە کە بووە هۆکاری ئەوەی روخساری نەریتی و کۆنتر لە گۆڕەپانەکە بکرێنە دەرەوە.

«عەبدولحی عرابی» شارەزای کاروباری گروپە ئیسلامییەکان، دەڵێت: لە دوای ساڵی 2013 و باو بوونی بزووتنەوە بێ دینەکان بەتایبەت لە نێو گەنجەکاندا، پێویست بوو گۆڕەپانی سیاسی دووبارە بخرێتەوە روو و دەستەبژێرانی ئاینیی نوێ بە تێڕوانینی نوێتر بێن تا دووبارە ئاین لە کۆمەڵگەدا زیندوو بکەنەوە، ئەمەش پێویست بوو بە دوور لە رێکخستنی سیاسی کۆن بکرێت.
لەو نێوەندەدا دەتوانین ناوی زۆرێک بهێنین کە لەم ساڵانەی دوایی چانسی زۆر یاوەریان بووە، لەوانە «عەبدوڵڵا رشدی» خوێندکاری زانکۆی ئەزهەر، کە بە گفتوگۆکانی لەگەڵ سێکۆلار و لیبراڵەکان ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە.

هاوکات «ئەحمەد مەحمود کریمە، شێخ خالد ئەلجندی، سالم عەبدولجلیل، جابر البغدادی» لە کەسایەتییە ئاینییە دیارەکانی گۆڕەپانەکەن.

«خەیری عومەر» دەڵێت: مادام ئەزهەر لەو ماوەیەدا توانی رۆڵێکی گرنگ لە پڕکردنەوەی بۆشایی کەلتوری لە ئەستۆ بگرێت، ئەو کەسایەتیانەش بەهەمانشێوە تا کاتێک کە خۆیان تێکەڵ بە پرسی سیاسی نەکەن، دەتوانن بەردەوامی بە رۆڵی کەلتوریی و فیکری خۆیان بدەن.

«عەبدە ئیبراهیم» لێکۆڵەری زانستی سیاسی، بەهەمانشێوە لەو باوەڕەدایە کە هەلومەرجی بەدیهاتوو لە دوای کودەتای ساڵی 2013، دەرفەتی بۆ گروپە ئیسلامییە نا سیاسییەکان لەوانە سۆفییەکان رەخساندووە بۆشایی فیکری پڕ بکەنەوە. ئەو پێشبینی دەکات کە ئەو دۆخە تا ماوەیەکی درێژتر هەروا بێت.

سەرچاوە: mdeast.news

 293 جار بینراوە