سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » ئوردن و سیاسەتی وەرگرتنی یارمەتی دەرەکی

ئوردن و سیاسەتی وەرگرتنی یارمەتی دەرەکی

ئوردون یەکێکە لە دەوڵەتە گرنگەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین و لەکێشەکانی ناوچەکەش رۆڵێکی دیاری هەبووە، ئەم دەوڵەتە لەسەردەمی فەرمانڕەوایی مەلیک حوسێندا کە بۆ ماوەی 47 ساڵ حکومی ئەم وڵاتەی کرد لەساڵی 1952 تا 1999، رۆڵی ئوردون لە ناوچەکەدا بەهێزبوو. ئەوەی جێگەی سەرنجە،بەشێکی زۆری ئابووری ئەم وڵاتە، لەسەر ئەو یارمەتیی و هاوکارییە دەوەستێت کەلە وڵاتانی دەرەوە پێیدەبەخشن. بەڵام لەئێستادا ئابووری ئەم وڵاتە بەرەو لاوازی دەچێت، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی یارمەتییەکانی جیهان بۆی.

سیاسەتەکی مەلیک حوسێن
نووسەر وبیرمەندی ناسراوی کورد مەسعود محەمەد لەکتێبی بیرەوەرییەکانیدا باس لە وڵاتی ئوردون دەکات دەڵێت: ئوردون جگە لەسیاسەتەکی مەلیک حوسێن، هیچی تری نەبوو. ئەمەش تاڕادەیەک ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو یارمەتییانەی کە ئوردون کەبەچەپ و راستدا لە وڵاتان وەریدەگرت.

لەنێوان سەدام و رۆژئاوادا
خاڵی گرنگی ئەم سیاسەتە ،راگرتنی باڵانس بوو لەنێوان دژەکاندا. بۆنموونە ئوردون لەلایەکەوە دۆستی عیراقی سەدام حوسێن بوو پارەی لێوەردەگرت، لەلاکەی تریشەوە، خۆی بە دۆستی وڵاتانی کەنداو ئەمریکا وئوروپا دادەنا و یارمەتی لێوەردەگرتن. زۆرێک لەچاودێرانی سیاسیش ئەمە بە زیرەکی مەلیک حوسێن ودواتریش عەبدوڵڵای کوڕی دادەنێن، هەندێکیش بە دووڕویی سیاسی دادەنێن.

پشتبەستن بە هاوکاریی و یارمەتییە دەرەکییەکان
سایتی «ساسة بوست»ی عەرەبیدا راپۆرتێکی لەمبارەیەوە بڵاکردۆتەوەو تێیدا ئاماری چەند ساڵی پێشوی دەرخستووە کەبەم شێوەیە: ئوردون لەساڵی 1970 تاوەکو 2014 بڕی 34.716 ملیار دۆلاری وەرگرتووە، ئەمەش رێژەی 9% بڕی ئەو یارمەتییانەیە کەجیهانی دەرەوە بە وڵاتە عەرەبییەکانی داوە.

رێژەیەکی زۆری بودجەی حوکمی بووە
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە: لە نێوان ساڵانی 1975 تا 1980 یارمەتییە دەرەکییەکان، بڕی 30% کۆی گشتی بەرهەمی نیشتمانی پێکهێناوە. دەشڵێت: یارمەتییە دەرەکییەکان لەساڵانی حەفتاکاندا رێژەی 30بۆ50% بودجەی حکومەتی پێکدەهێنا.

پەیوەندی نهێنی مەلیک حوسێن و CIA
جێگەی ئاماژەیە پێش چەند ساڵێک رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکا لەراپۆرتێکیدا لەسالی 1977 دا ئەوەی ئاشكرا کرد، کە مەلیک حوسێن بۆ ماوەی چەندین ساڵە ساڵانە، ملیۆنەها دۆلاری لە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا « CIA» وەرگرتووە و بەشێوەیەکی نهێنی کاری لەگەڵ کردوون.

یارمەتی وەرگرتن ئاسایی بووە
بەپێچەوانەوەی وڵاتانی تری جیهان، کە وەرگرتنی یارمەتی دەرەکی بەکارێکی ئاسایی دانانێن و بگرە دژی ئەوجۆرە سیاسەتەشن، بەڵام لە ئوردون، وەرگرتنی یارمەتیی و هاوکاری لە دەوڵەتانی دەرەوە، کارێکی ئاسایی بووە لەلایەن حکومەتەکانی ئوردونەوە.

هاوکارییەکانی ئەمریکا
بەپێی ئەو راپۆرتەی ساسە پۆست بێت، ئەمریکا گەورەترین یارمەتیدەری ئوردونە و ساڵانە بڕی 1.21 ملیار دۆلاری پێدەبەخشێت. ئەم بڕە پارەیەش بەمشێوەیە دابەشبووە. 510 ملیۆن دۆلاری دەچێت بۆ کەرتی ئەمنی و سەربازی. 213 ملیۆن دۆلاری دەچێت بۆ بودجەی گشتی. 188 ملیۆن دۆلاری بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان.، 82 ملیۆن دۆلاری بۆکەرتی خوێندن. 60 ملیۆن دۆلاری بۆکەرتی تەندروستی.

یارمەتیی وڵاتە عەرەبیەکان
لەلایەکی ترەوە وڵاتە عەرەبییەکانیش یارمەتی زۆری ئەم وڵاتەیان داوە و لەماوەی پێنچ ساڵی پێشوودا ئوردون بڕی 4 ملیار دۆلاری لە وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی لەسعودیە و کوەیت و ئیمارات وەرگرتووە، جگەلە هاوکارییەکانی یەکێتی ئوروپا و چەندین قەرزی درێژخایەن و یارمەتیی و باربۆی تر. جێگەی ئاماژەیە ئوردون پلەی پێنچەمی هەیە لە وڵاتانی عەرەبی لەرووی وەرگرتی یارمەتی دەرەکی.

بۆچی پشت بە هاوکاری دەرەکی دەبەستێت؟
جێگەی ئاماژەی ئوردون لەچاو وڵاتانی تری عەرەبی وڵاتێکی هەژارە لەرووی سامانی سروشتییەوە، بەتایبەتی نەوت و گاز، هەروەها لەرووی سامانی ئاویشەوە هەژارە. ئابووری ئوردون زیاتر بەشت کەرتی گەشتیاریی و کەمێکیش پیشەشازی و کشتوکاڵ دەبەستێت، هەربۆیە زیاتر پشت بەهاوکاری دەرەکی دەبەستێت.
پێویستە پشت بە خۆیان ببەستن
بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی یارمەتیی و هاوکارییەکانی ئەمریکا بەتایبەتی لەپاش هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترەمپ ، هەروەها دەوڵەتانی کەنداویش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و جەنگی یەمەن، یارمەتییەکانیان بۆ ئوردون کەمکردۆتەوە. لەمبارەیەوە «هانی الملقي» سەرۆک وەزیرانی ئوردون لەکۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ ژووری بازرگانی ئوردونی رایگەیاند: یارمەتییەکانی سعودیە زۆر کەمیکردووە، بۆنموونە لە ساڵی 2017 دا، سعودیە تەنها 165 ملیۆن دۆلاری پێداوین، گەرچی لەساڵی 2015 بڕی یارمەتییەکان گەیشتە 474 ملیۆن دۆلار. لەدرێژەی وتەکەشیدا المقلی رایگەیاند: دەبێت لەمەوولا پشت بەخۆمان ببەستین نەک یارمەتی دەرەکی.

رەوشەکە ئاڵۆزبووە
کەمکردنەوەی یارمەتییە دەرەکییەکان و خراپبوونی رەوشی ئابووریی و پابەندبوونی ئوردون بە سیاسەتەکانی بانکی دراوی نێوەدەوڵەتییەوە، کە دەبێت خەرجییە گشتییەکان کەم بکاتەوە، وایکردووە کە ژیانی خەڵكی زۆر خراپ بووەو نرخی شمەکەکان زیادیکردووەو هەڵاوسان دروستبووە، هەرئەمەش وایکرد کەلەماوەی پێشوودا لەچەندین شاری ئوردون خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەورە دروستبێت.

دەرئەنجام
ئەمڕۆ ئوردون خۆی لەبەردەم کێشەی گەورەدا دەبینێتەوە، لەلایەک رەوشی ئابووریی زۆر خراپە، ئەمەش کاردەکاتە سەر سەرمایەگوزاری بیانیی و ناوخۆیی، هەروەها باری ژیانی خەڵکیش خراپتر دەبێت، کەئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی نائارامی و پشێویی بۆ دەسەڵاتی سیاسی. هەربۆیە ئەم وڵاتە خۆی لەبەردەم گێژاوێکی گەورەدا دەبینێتەوەو ناچارە سیاسەتی خۆی چ لەناوخۆیی وڵات یان لە دەرەوەی وڵات بگۆڕێت و چیتر پشت بەهاوکاری دەرەکی نەبەستێت. پێشینانیش باشیان ووتوە:
ئەوەی بەتەمای کاسەی ماڵە دراوسێ بێت ، بەبێ شێو سەردەنێتەوە.
سەرچاوە: ساسة بوست.

print

 149 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*