سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » کورد و هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە فینلەندا

کورد و هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە فینلەندا

فینلەندا وڵاتێکی ئەسکەندەنافییە و ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە پێنج ملیۆن کەس، بە یەکێک لە وڵاتە پێشكەوتووەکانی ئەوروپا و جیهان دادەنرێت، بەتایبەتی لە رووی پەروەردە و تەکنۆلۆژییەوە، زۆر پێشکەوتووە. لە رووی ئیداریشەوە فینلەندا 296 شارەوانی هەیە، شارەوانییەکان ئەنجومەنی تایبەت بە خۆیان هەیە و هەر چوار ساڵ جارێک بە پێی سنووری جوگرافیی و ئیدارەی شار و شارۆچکەکان، ئازادانە و دیموکراسییانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە هەڵدەبژێردرێن، سەرۆک و جێگری هەیە و بەرزترین یەکەی ئیداری شارەکانە، بەپێی یاسای بنچینەیی مافی خۆبەڕێوەبردنیان هەیە، لەبارەی چەندین بابەتی تایبەت بە دانیشتوانەکەیەوە بڕیار دەدات و بۆ سنووری خۆی سەرپشک کراوە. وا بڕیارە لە 2021.6.13 لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوە بچێت، ئەوەش بە بەشداریی کۆمەڵێک حزبی سیاسی.

حزبە سیاسییەکانی فینلەندا
ژمارەیەکی زۆری کاندید لەسەر لیستی جیاجیای پارتە سیاسییەکان هەن، حزبەکانیش بریتین لە: سۆسیال دیموکرات ،SDP سەوز Vihreat De Grona، فینلەندییە رەسەنەکان PerusS، پارتی نیشتیمانیVasemmisto، پارتی گەل RKP، هاوپەیمانی نیشتیمانی Kokoomus دیموکراتی کریستیان، سەنتەر لیبرالەکان Kesk، چەپەکان Vasemmistoliitto. هەموو ئەمانە رکابەری یەکتریی دەکەن بۆ هێنانی زۆرترین کورسی لەناو ئەو ئەنجومەنانە.

رەوەندی کورد لە فینلەندا
لەو وڵاتەدا رەوەندێکی کوردی لێیە لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە هاتوون و لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوەوە، کاندیدیان هەیە و هەموو خولێک ژمارەیەک کورسی بەدەست دەهێنن، ئەمساڵیش ژمارەیەکی زیاتر لەجاران خۆیان کاندیدکردووە.

باوکم فێری خزمەتی کردووم
گەشاو رەحمان ناسراو بە (گەشاو بیبانی) یەکێکە لەو کچە کوردانەی کە لە خانەوادەیەکی شاری کەرکوک هاتۆتە دنیاوە و تەمەنی 33 ساڵە لە شاری ڤانتامبە دەژی، بەکالۆریۆسی له گەشەپێدانی تەندروستی و وەرزشدا هەیە، بڕوانامەکانی Merkonomi, Tyovalmentaja ی لە فینلەندا هێناوە، ئەو بە باوەڕبەخۆبوونێکی زۆرەوە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: متمانەم بەخۆمە کە لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنم. وتیشی: لەوکاتەی لە 1995 هاتووینەتە فینلەندا، هەوڵمداوە لە زۆر بواردا جێ پەنجەی خۆم بنەخشێنم و خزمەتێک بکەم، لە زۆرێک لەو چالاکییه کۆمەڵایەتیی و سیاسییانەی کە پشتیوانیان لە کۆچەر و پەنابەران کردووە رۆڵم هەبووە، لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلەکەمدا هەمیشە بەشدارییم کردووە، لەو شارەی ئێمە من و کوردێکی تر خۆمان کاندید کردووە و چاوەڕێی هیمەتی رەوەندی کوردی دەکەین. وتیشی: ئەوەی بۆ من گرنگە داکۆکییکردنە له مافی مرۆڤ به بێ جیاوازیی و دەخوازم لە رێی فراکسیۆنی پارتی چەپەوە توانای خۆم بۆ خزمەت بەکاربهێنم، پەیمانی من بۆ دانیشتوانی شارەکەم پێشخستنی یەکسانییە لە بەدەستهێنانی خزمەتگوزاریی و گەشەپیدانی دۆخی پەنابەران. وتیشی: دەخوازم ببمه پردێکی پەیوەندیی نیوان ئەوان و دەزگا پەیوەندیدارەکان.

پارتی سۆسیال دیموکرات
حسێن حەمید لە شاری ئیسپۆ دەژیی و لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات خۆی کاندیدکردووە و دەیەوێت لەرێی ئەم ئەنجومەنەوە خزمەتێک بە کۆمەڵگەی فینلەندی و رەوەند و پەنابەرانی کوردی شارەکەی بکات. لەو بارەیەشەوە حسێن حەمید لەسەر کارتی بانگەشەکەی نووسیوێتی: «من خەڵکی کەرکوکم، لە 1993 ەوە وەک پەنابەرێکی سیاسی لە شاری Espoo دەژیم، شارەکەمان دوو هەزار کوردی لێیە، ئێستا سەرقاڵی خوێندنم بۆ پیشەی بەڕێوەبەرایەتی موڵک و خانووبەرە لە پەیمانگای پیشەیی شاری ڤاڵکیاکۆسکی Valkeakoski.

هاوکاریی کورد گرنگە
دەهام بەهادین گەردی لە هەولێر لەدایکبووە و لە شاری Kauniainen نزیک لە هیلسنکی پایتەخت دەژی، کاندیدە لەسەر پشکی پارتی سویدیی و بە کوردستانی نوێی راگەیاند: من تاقە کوردم لەو شارە خۆم کاندید کردووە و بەهۆی ئەوەی هاوڕێی سویدیم زۆرە، ئەوان بوونەتە پشت و پەنام بۆ ئەوەی بچمە ناو ئەو پرۆسەیەوە و لە پاڵ 43 کاندیدی تری پارتەکەمدا ململانێی هێنانی کورسییەکی ناو ئەنجومەن بکەم. ئەو کاندیدە لە کاتی دەرچوونیدا بەڵێنی هاوکاریی و یارمەتیدانی کۆچەران دەدات لە بەدیهێنانی ماف و ئیمتازاتەکانیان.

پارتی یەکێتی چەپ
هەروەها سەعید مورادی کە کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لەسەر پارتی یەکێتی چەپ کاندیدە، لە پەیامێکیدا بۆ کوردەکانی شارەکەی دەڵێت: «من 19 ساڵە لێرە دەژیم، خوێندنی باڵام له‌ زانستگەی ئالتۆ Aalto University ته‌واوکردووە و خاوه‌نی دوو بڕوانامه‌ی ماسته‌رم له‌ بواره‌کانی زانستی دیزاینی فڕۆکه‌ و هه‌روه‌ها لە بیرکاری، ئێستا مامۆستای زانکۆ و ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی یەکێتی چه‌پ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارێزگای ئووسیمام و له‌ شاری ئێسپۆش جێگری سەرۆکی پارتی یەکێتی چه‌پم، لەساڵی پاریشەوە سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری بیانیانم له پارێزگای ئووسیما، مورادی لە گرتەیەکی ڤیدیۆی بانگەشەی هەڵبژاردندا داوا لە کوردەکانی دەوروبەری دەکات کە دەنگی پێ بدەن و لەو پرۆسەیەدا سەری بخەن.

گەنجترین کاندید
ناز ئەحمەد خۆشناو کە تەمەنی 18 ساڵە و خوێندکاری قۆناغی کۆتایی ئامادەییە، گەنجترین کاندیدی شاری ئێسپۆیە و کچێکی چالاكە و ئەندامی گەنجانی شارەوانی شارەکەیەتی و سەرپەرشتیاری لیژنەی تەندروسییە Chairman of the Welfare Working Group ، پێشتر سەرۆکی گەنجانی پارتی سەوز بووە و ئێستاش جێگری سەرۆکی پارتەکەیە و لە دەستەی جێگری سەرۆکی یەكێتی خۆێندکارانی شارەکەیەتی، سەبارەت بەوەی کە چی سەرنجی راکێشاوە ببێتە ئەندامی پارتی سەوز، ئەو کاندیدا کچە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەرنامەی پارتی سەوز لەگەڵ بیروباوەڕەکانم دێتەوە، بەتایبەتی لە بواری گەنجان نزیکە، چونکە من کار بۆ ئەوە دەکەم کە دەنگی گەنج گاریگەریی هەبێت لەسەر بڕیارە چارەنووسسازەکان لە شارەوانی، بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و خوێندن و تەندروستی یەکسانیی و دادپەروەریی و کۆچ و کۆچەران بەتایبەتی ئەو ماوەیە کە هەموو جیهان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە بارێکی نائاساییدایە، جگەلەوەش ئەو پارتە بایەخ بە ژینگە و دابینکردنی ئاو و هەوایەکی سازگار دەدات بە یەکسانی بۆ هەمووان، ئەمەش دەبێتەهۆی فەراهەم بوونی ژیانی خۆش و دووربوون لە نەخۆشیی و تەمەندرێژی بۆ مرۆڤ.

هەروەها دەڵێت: ئەگەر هەموو مرۆڤایەتی و هەموو پارتەکانی دونیا وەک پارتی سەوز بایەخیان بە ژینگە بدابایە، هەرگیز تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدەبووین و مرۆڤایەتی ئەو زیانەی پێ نەدەگەیشت، ناز خۆشناو سوپاسی کوردستانی نوێ دەکات، کە لە زۆربەی خولەکانی هەڵبژاردندا پشتیوانی کوردستانیانی تاراوگە دەکات بۆ سەرخستنیان لە هەڵبژاردنەکان و چوونە ناو پرۆسەی سیاسیی و حوکمدارێتیی وڵاتانەوە لە ئەوروپا.

یەکسانیی ژنان و پیاوان
فاتیمە یاس، ژنێکی باکووری کوردستانە و هەر لە هیلسنکی پایتەخت دەژی و کاندیدی پارتی Vasemmisto یەو ئامانجی دادپەروەری و یەکسانی ژنان و پیاوان لەناو کۆمەڵگەی فینلەندیدا پتەوتر بکات، داکۆکی لە ژنانی پەنابەر دەکات بۆ هێنانەدیی ماف و ئامانجەکانیان لە داهات و فێربوون و تێکەڵاویی و یەکسانی کۆمەڵایەتی، ئەو ژنە بەو پێیەی 25 ساڵە لە پایتەخت دەژیی و وەرگێڕی زمانی کوردی و تورکییە بۆ فینلەندی. شارەزایی تەواوی بواری کۆچەرانە و مەیلی ئەوەی هەیە لەناو ئەنجومەندا خزمەتەکانی زیاتر بکات.

کۆمەڵێک کاندیدی تر
بورهان ئەحمەدی و موهیس عەزیزی کە لە خولی رابردوو سەرکەوتووبوون و چوار ساڵە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی شارەکانیانن، ئەمساڵیش خۆیان کاندید کردۆتەوە، هەروەها خاتوو زادی ئەحمەد و دەیانی تر لە چالاکوانانی رەوەندی کوردی چوونەتە ناو ئەو پرۆسەیەوە، چاویان لەوەیە کوردەکانی نیشتەجێی فینلەندا دەنگیان پێ بدەن و سەریان بخەن.

سەعدیە سوهرابی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەی 25 ساڵە لە فینلەندا دەژی، ئەو کاندیدی ژمارە 356ە لەسەر پارتی Kokoomus ، ئەو راویژکارە لە وەزارەتی کارو ئابووریی فینلەندا و لە هیلسنکی پایتەخت دەژی، لە بواری هاوکاریی پەنابەران کار دەکات لە رووی مەشق و راهینان و چۆنێتی پەروەردە و فێرکردنیان بە کار و پیشە و پرۆسەی ئاوێتەبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی فینلەندیدا، چاوی لەوەیە ببێتە ئەندامی ئەنجومەن تا خزمەتی زیاتر بگەیەنێت.

هەر لە پایتەختی وڵاتەکەوە کەمال پاڵانی کە خەڵکی باشووری کوردستانە و کاندیدی پارتی سۆسیال دیموکراتە، وەک خۆی لە پێگە تایبەتییەکەیدا نووسیوێتی: مەبەستی بایەخدانی زیاترە بە گەنج و لاوانی وڵات، لە رووی پەروەردە و خوێندن و پێگەیاندنەوە، هەروەها هەموارکردنەوەی سیاسەتی کۆچ لەسەر بنەمای پێگەیاندنی کۆچەران و کارپێکردنیان لە بوارەکانی ژیان، تا وڵاتەکە سوودیان لێ ببینێت و پەنابەرانیش وەربگیرێن. دەشڵێت: مەبەستمە گوزەرانی خەڵکی هیلسنکی باشتر بکەم لە رووی نیشتەجێبون و دابینکردنی خانوو و شوقەی پێویست و خۆشگوزەرانییەوە بۆیان.

بە گشتی ئەو کاندیدانە و ئەوانی تریش هەوڵی پتەوکردنی پێگەی کورد دەدەن لەناو دامەزاروەکانی ئەو وڵاتە و دەیانەوێت دوو ئامانج بپێکن. یەکەمیان: خزمەت بە کۆمەڵگەی فینلەندیی. دووەمیان: گەیاندنی کێشە و ناسنامەی گەلی کوردە بە کۆمەڵگە خۆرئاواییەکان بە گشتی.

 217 جار بینراوە