سەرەکی » زانست » ئەو پردە سەرسوڕهێنەرەی دروستکردنەکەی نزیکەی نۆ دەیەی خایاند

ئەو پردە سەرسوڕهێنەرەی دروستکردنەکەی نزیکەی نۆ دەیەی خایاند

ئامادەکردنی: بورهان ئەمین

پردی ئاوی Magdiburg یەکێکە لە پردە هەرە بەناوبانگ و سەرسوڕهێنەرەکانی جیهان و بەشێوازێکی مۆدێرن و پڕ بەهای جوانی و کوالێت دروستکراوە.

پردی Magdiburg بریتییە لە بەردەبازی سەر رووبارێکی گەورە کە رێڕەوی پەڕینەوەی بەلەم و پاپۆڕە و بەسەر رووباری Elbe دا کشاوە لە شاری ماگدیبۆرگ-ی نزیک لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا.

ئەو پڕۆژەیە لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی رابردوودا دیزاینی بۆ کرا، بەڵام لە 1934 دەستکرا بە دروستکردنی و لە ساڵی 1942 بەهۆی ئەوەی جەنگی دووەمی جیهان کەوتە سەختترین دۆخییەوە کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستێنرا.

لەدوای وەستانی جەنگەکەش بەهۆی دووکەرتبوونی ئەو وڵاتەوە لە نێوان بلۆکی خۆرهەڵات و خۆرئاوادا پڕۆژەکە بەتەواوی پشیگوێ خرا تا سەردەمی یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا.

جارێکی دیکە لە ساڵی 1993دا بە گوژمەی 210 ملیۆن مارک (دراوی ئەوکاتی ئەڵمانیا) دەستکرایەوە بە کارکردن لە پڕۆژەکەدا و لە 1996 دا کارە سەرەکییەکانی تەواوکرا.

بەشی دووەمی پڕۆژەکەش لە ساڵی 2003 بە گوژمەیەکی تری 500 ملیۆن یۆرۆیی دەستی پێکرایەوە و لە 1996 بەیەکجاری تەواوبوو و هاتوچۆکردن بەسەریدا دەستیپێکرد، ئەو پردە درێژییەکەی 918 مەترە و بەرزییەکەشی 9,3 مەترە و پانییەکەشی 43 مەترە.

لە دروستکردنیدا 24 هەزار تۆن ئاسن و 68 هەزار مەتر چوارگۆشە چیمەنتۆ بەکار هاتووە.

پردەکە 134 هەزار تۆن ئاوی پێدا دەڕوات و هەردوو کەناڵی Elbe-Havel و Mitteland پێکەوە دەبەستێتەوە و ماوەی 12 کیلۆمەتری نێوان ئەم دوو رووبارە کورت دەکاتەوە، یەکێکە لە پردە هەرە نایاب و جوانەکانی جیهان و بە شێوازێکی زۆر تۆکمە دروستکراوە.

بیرۆکەی سەرەتای دروستکردنی ئەو پردە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کاتێک پاپۆڕ و کەشتییەکان بەناو رووباری ئێلبەدا تێپەڕدەبوون ئاستی ئاوەکەیان بەرز کردۆتەوە و زیانیان بە دەوروبەری گەیاندووە، تا وای لێهاتووە هەر ئەوەندەیان بۆ کراوە لە لێواری رووبارەکە حەوزی گەورە دروست بکەن بۆ ئەوەی شەپۆلە بەرکەوتووەکان دابمرکێننەوە و هێندەی قەبارەی پاپۆڕەکە ئاوەکەی تێدا کۆببێتەوە.

سەرەنجام ئەندازایارنی ئەڵمانیا بیریان لەوە کردۆتەوە کە ئیدی لەسەر رووبارەکە رێڕەویکی ئاوی بۆ پەڕینەوەی بەلەم و کەشتییەکان دروست بکرێت و لەو کێشەیە رزگاریان ببێت.

ئەوەبوو پلانەکەیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە و ماوەی 15 ساڵە کەشتی و بەلەمەکان بەسەر ئەو پردەدا تێپەڕ دەبن، جگە لەوەش دیمەنێکی جوان و شایستەیان داوەتە ناوچەکە و ساڵانە خەڵکێکی زۆر دەچن بۆ بینینی دیمەنە جوانەکانی ئەو پردە و بەسەر هەردوو رێڕەوی پیادەی ئەو پردەدا دێن و دەچن و سەیری دیمەنە جوان و دڵڕفێنەکانی ئەو ناوە دەکەن.

 183 جار بینراوە