سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » وەكو یەكێتی بڕوامان بە چەپكەگوڵەكەی سەرۆك مام جەلال-ە كە هەموو رەنگ و جۆرەكان لەخۆدەگرێت

بافڵ تاڵەبانی:

وەكو یەكێتی بڕوامان بە چەپكەگوڵەكەی سەرۆك مام جەلال-ە كە هەموو رەنگ و جۆرەكان لەخۆدەگرێت

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی (شەرقییە نیوز)، وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگی دایەوە ‌و هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی سەبارەت بە چەندین دۆسێ ‌و پرسی گرنگ خستەڕوو، ئەمەش دەقی دیدارەكەیە:

*لە دوا سەردانت بۆ بەغدا دەستپێدەكەم كە لەگەڵ زۆربەی سەركردە سیاسییەكاندا كۆبوونەوە، ئایا ئەم سەردانە دەچێتە چوارچێوەی هەڵبژاردن و سیاسییەوە، یاخود لە چوارچێوەی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و هەرێمدایە؟
-ماوەیەكی زۆرە سەردانی بەغدام نەكردووە، بۆیە پێموابوو كە پێویستە لەم بارودۆخەی ئێستادا سەردانی بەغدا بكەم. ئێمە هاتین بۆ ئەوەی سەردانی زۆربەی هاوڕێكانی فەخامەتی مام جەلال بكەین. لەبارەی زۆر پرس گفتوگۆمان كرد، یەكێك لەوانە پرسی هەڵبژاردن بوو.

* لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە باسی چیتان كرد؟ ئایا دەتوانین پیرۆزبایی بەستنی هاوپەیمانێتیتان لێ بكەین وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانیی فەتح؟
-تا ئێستا وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەنیا یەك رێكەوتننامەی رەسمیمان هەیە بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عیراق، ئەویش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانە، هەرچەندە لێكتێگەیشتنی هاوبەش هەیە لەگەڵ چەند حزبێكی دیكەی كوردستانی، بەڵام تەنیا یەك رێكەوتننامەی رەسمیمان هەیە. سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روونە، ئێمە لەوپەڕی ئامادەباشیداین بۆ رێكەوتن لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان، بەو مەرجەی ئامانجەكانیان لەگەڵ ئامانجەكانی ئێمە یەكبگرنەوە. ئامانجی یەكێتیش ئەوەیە كە كارێك بكەین بۆ پێشخستنی عیراق و گۆڕانكاریی لە ژیان و گوزەرانی عیراقییەكان بكەین. هەر لایەنێكی سیاسی بڕوای بەم پرەنسیپە هەبێت، ئێمە ئامادەی رێكەوتنین لەگەڵیدا.

*سەردانەكەتان بۆ بەغدا دوای ماوەیەكی كەم بوو لە سەردانی وەفدێكی رەوتی سەدر بۆ هەولێر و كۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسعود بارزانی، زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هاوپەیمانێتییەكی چاوەڕوانكراو لە نێوان رەوتی سەدر و پارتی هەیە، ئەم جوڵە سیاسییەی كە جێبەجێتان كرد لە چوونتان بۆ بەغدا، دەچێتە چوارچێوەی ئەوەی ئامانجتانە هاوپەیمانێتییەك لە ئایندەدا ببەستن؟
-ئەو دوو پرسە هیچ پەیوەندییەكیان پێكەوە نییە، زۆر ئاساییە كە لایەنە سیاسییەكان سەردانی یەكتر بكەن، سەردانەکەی رەوتی سەدر كارێكی ئاساییە و ئێمەش وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەمانەوێت دانیشتن لەگەڵ هاوڕێكانمان بكەین و بۆچوونی سیاسییان بزانین و چۆن پێكەوە كار بكەین بۆ پێشخستنی عیراق، بەڵام لە راستیدا چوونمان بۆ بەغدا پەیوەندی بەو سەردانەوە نییە كە ئێوە باسی دەكەن.

*دەمەوێت پرسیارەكە بە جۆرێكی دیكە دابڕێژمەوە، ئایا لەدوای ئەو سەردانەتان، پێتانوایە ئەوەی لە ئامانجەكانی ئێوەوە نزیكە، هاوپەیمانیی فەتح و دەوڵەتی یاسایە؟
-دڵنیابە ئەوانە هاوڕێی ئێمەن، بەڵام دەمەوێت بابەتێكی دیكە باس بكەم، من بڕوام نەكرد كە بەو گەرم و گوڕییەوە پێشوازیمان لێ بكرێت، لەلایەن هەمووانەوە پێشوازی كراین و دڵنیایان كردینەوە، دەیان جار بە منیان وت كە تۆ كوڕی مام جەلال-یت و چاوەڕێت دەكەین لە بەغدا و یەكێتیی نیشتمانی گرنگە بۆ بەغدا و عیراق، زۆریان پێ وتم كە دەبێت تۆ لە بەغدا بیت و یەكێتی لە بەغدا چالاك بكەیتەوە. ئەوەی لەلایەن هەمووانەوە لە بەغدا بینیمان، ئێمەی زۆر دڵخۆشكرد. لە گفتوگۆ و دیدارەكانمان لەگەڵیاندا دڵخۆش بووین.

*بە دڵنیاییەوە لەو سەردانە و كۆبوونەوەكانتان، باسی پرسی هەڵبژاردن و بەستنی هاوپەیمانێتیتان كردووە، هەندێك لە وردەكاریی گفتوگۆكانمان بۆ ئاشكرا بكە.
-ئێمە لەگەڵ هاوڕێكانمان باسی زۆر پرسمان كرد و بە دڵنیاییەوە بابەتی هەڵبژاردنمان تاوتوێكرد و باسمان لەوە كرد كە وەكو یەكێتی ئامادەی پڕۆسەی هەڵبژاردنین و یەكێك لە پەیامەكانمان ئەوەبوو كە یەكێتی وایدەبینێت بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كارێكی باشە، باسی زۆر شتی دیكەمان كرد لە دانیشتنەكانمان، بۆچوونی یەكێتی وایە كە پێویستە هەڵبژاردن لەژێر چەترێكی ئارامدا بكرێت و دووربێت لە دەستوەردان، ئێمە پێمانوایە كە پێویستە پڕۆسەكە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بەڕێوەبچێت، بەڵام سەروەریی عیراق زۆر گرنگە و پێمانوایە دەبێت دۆسێی هەڵبژاردن لە دەستی ئێمەدا بێت. ئەگەر هەڵبژاردن بەو جۆرە بەڕێوەبچێت، ئەوا پشت بەخوا سەركەوتوو دەبێت. لە دوای هەڵبژاردنەكەش لایەنەكان پێكەوە دادەنیشن بۆ ئەوەی رێكەوتنی باش بكەن لەپێناوی دروستكردنی حكومەتێك كە خزمەت بە گەلەكەمان بكات.

*لە میانی قسەكانتدا، دووجار وشەی هاوڕێكانمانت بەكارهێنا، بەبێ ئەوەی وشەی هاوپەیمانەكانمان بەكاربهێنیت، لە جیهانی سیاسەتدا دەوترێت كە هاوپەیمانێتی كاتییە، بەڵام هاوڕێیەتی هەمیشەییە، ئایا دەتەوێت ئەو پەیامە بگەیەنیت كە فەتح و دەوڵەتی یاسا هاوڕێی هەمیشەیی ئێوەن؟
-پێمخۆشە ئەو راستییە بزانیت كە من زۆر راشكاوم لە قسەكانمدا و هیچ نیەتێكی دیكەم نییە. یەكێتیی نیشتمانی هاوڕێی زۆری هەیە، ئێمەش چووین بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێكانمان گفتوگۆی جددی بكەین دەربارەی ئەو پرسانەی لە عیراق و بەغدا روو دەدەن.

*بەڵام وەڵامت نەدامەوە، ئایا فەتح و دەوڵەتی یاسا هاوڕێی هەمیشەیی ئێوەن؟
-زۆربەیان هاوڕێی ئێمەن و هەر وەك هاوڕێمان دەمێننەوە، بەڵام ئەگەر پرسیارەكەی تۆ بەو شێوەیە بێت كە ئێمە رێكەوتنی رەسمیمان هەبێت لەگەڵ لایەنێكی دیكەدا، وەڵامەكەم ئەوەیە كە تائێستا بە رەسمی هیچ رێكەوتنێكمان نییە، بەڵام ئامانجمانە بەشێوەیەكی جددی گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێكانمان بكەین، ئەوانەی كە بۆچوونیان هاوڕایە لەگەڵ ئێمە. ئێمە پێمانوانییە كە تەنیا لایەنێكی سیاسی شیعە نوێنەرایەتی هەموو شیعەكان بكات، بۆ نموونە، نابێت تەنیا كۆمەڵێك نوێنەرایەتی هەموو شیعە بكات، یان كۆمەڵێكی دیكە نوێنەرایەتی هەموو سوننە بكات، هەروەها كۆمەڵێك نوێنەرایەتی هەموو كورد بكات. ئێمە پێمانوایە سەركەوتووترین رێكەوتن ئەوەیە كە هەموو كۆمەڵەكان لە ژێر چەترێكدا لەخۆبگرێت. وەكو یەكێتیی نیشتمانی بڕوامان بە چەپكەگوڵەكەی مام جەلال-ە كە هەموو رەنگ و جۆرەكان لەخۆدەگرێت، ئامانجیشمانە بەو جۆرە روحییەتەوە بچینە هەڵبژاردنەوە.

*بەپێی پێدراوەكان بێت، ئێمە لە بەردەم دوو هاوپەیمانێتی چاوەڕوان كراوداین، یەكەمیان پێدەچێت بریتی بێت لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و رەوتی سەدر و هەندێك لایەنی سوننە، هاوپەیمانێتی دووەمیش پێكبێت لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانیی فەتح و دەوڵەتی یاسا و چەند لایەنێكی دیكەی كورد و سوننە، كێ زیاتر لە ئێوەوە نزیكترە بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵدا بكەن؟
-وەڵامی من ئەوەیە كە هێشتا زووە بڕیارێكی كۆنكرێتی بدەین، بۆ نموونە، پێمخۆشە پێت بڵێم كە ئێمە ئەو رێكەوتنەی لە هەرێمی كوردستان كردمان، دژی هیچ لایەنێك نییە، بەپێچەوانەوە بڕوامان بە یەكێتی و یەكگرتوویی هەیە، یەكێتیی كورد، یەكێتیی شیعە و یەكێتیی سوننە، ئامانجمان ئەوەیە كە هەموان كۆبكەینەوە، ئەستەمە بتوانم بڵێم ئەو كەسە نزیكترە لێمان. ئەوەی دەمەوێت ئەوەیە كە پێویستە لێكتێگەیشتنی هاوبەشی گشتی هەبێت، بۆیە پێمخۆش نییە تێگەیشتنێكی لەو جۆرە هەبێت كە هاوپەیمانێتیمان لە كوردستان دژی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، پارتی دەتوانێت لایەنی دیكە كۆبكاتەوە و دواتر لەگەڵ ئێمەدا رێكبكەون و بە یەك دەنگەوە بگەڕێینەوە بەغدا.

*باسی ئەوەت كرد كە بۆچوونی هاوبەش و پابەندیی ئەخلاقیتان هەیە لەگەڵ لایەنە كوردییەكانی دیكە، ئایا یەكێتی و پارتی بە جیا بەرەو هەڵبژاردن دەچن یان لە ساتە كۆتاییەكاندا لێكنزیكبوونەوە لە نێوانتاندا روو دەدات و هەموو لایەنە كوردییەكان لە یەك بەرەدا كۆدەبنەوە؟
-من بەو جۆرە نایبینم، لە راستیدا هێشتا زۆر زووە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە، لەوانەیە لەدوای هەڵبژاردن پێكەوە رێكبكەوین و دواتر بگەڕێینەوە بۆ بەغدا.

*هەندێك باس لەوە دەكەن كە نزیكایەتیتان لەگەڵ ئێران، وایكردووە ئەمڕۆ ئێوە نزیكبن لە هەندێك لایەنی سیاسی نزیك لە ئێران، ئایا ئەمە راستە؟
-ئێمە سنوورێكی دوور و درێژمان لەگەڵ ئێران هەیە و پەیوەندییەكی دێرین و مێژووییمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، لەگەڵ زۆربەی لایەنە عیراقییەكانیش ئەو پەیوەندییەمان هەیە.

* كەواتە ئەو بۆچوونە رەتدەكەیتەوە كە بەهۆی ئەوەی یەكێتی نزیكە لە ئێرانەوە، هاوپەیمانی و هاوڕێكانیشی دەبێت ئەوانە بن كە نزیكن لەو وڵاتەوە؟
– یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەموو لایەنەكان باش بێت، ئێمە دەمانەوێت نزیكایەتی لەگەڵ توركیاش بكەین، ئامانجمانە كە لە بەغداش پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنەكان پتەو بكەین، هەروەها ئامانجمانە زۆرینەی كەس لە دەوروبەری خۆمان كۆبكەینەوە.

*بەڵام هەندێك دەڵێن بەهۆی دابڕان و دووركەوتنەوەی بافڵ تاڵەبانی لە هەرێمی كوردستان و بەغدا، بۆتە هۆی ئەوەی كە لە هاوڕێ و هاوپەیمانەكانیان دووربكەوێتەوە؟
-من دەڵێم یەكێتیی نیشتمانی كێشەیەكی جددی هەبوو، كاتێك خوالێخۆشبوو مام جەلال جێیهێشتین، تەنیا من و كاك قوباد هەتیو نەكەوتین، بەڵكو یەكێتیش هەتیو كەوت، لەم دوا سەردانەم بۆ بەغدا هەندێك پێیانوتم كە عیراقیش هەتیو كەوت. ئێمە پێویستمان بە دەرفەتێك هەبوو بۆ ئەوەی حزبەكەی مام جەلال یەكبخەینەوە، ئێستا جێگەی دڵخۆشییە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەوپەڕی یەكخستندایە بەراورد بە پێشتر و سیاسەتی زۆر روون و ئاشكرایە، بۆیە ئەگەر پێشتر دووركەوتبێتمەوە لە هاوڕێكانمان لە بەغدا، ئەوە بۆ لەمەودوا یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی ئامانجمانە كە چالاكانەتر بگەڕێینەوە بۆ بەغدا. هاوڕێكانمان لە بەغدا گلەیی زۆریان كرد و وتیان چاوەڕێی تۆ دەكەین بافڵ، پێموتن ئێوە ئەمر دەكەن و دەگەڕێمەوە بۆ خزمەتكردن، بەڵام داوایەكم لێتان هەیە، وتم ئەگەر چەند جارێك هاتمەوە بۆ لاتان، لێمان بێزار مەبن و مەڵێن ئیتر بەسە.

*پێشتر نازناوی خوالێخۆشبوو مام جەلال ״صمام الامان״ بوو، رۆڵێكی كارای هەبوو لە یەكلاییكردنەوەی دۆسێ هەڵپەسێراوەكان و لێكنزیكکردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكان، ئێستا كێ شوێنگرەوەی مام جەلال-ە و ئەو نازناوە بە كێ بڵێین؟
-خوالێخۆشبوو مام جەلال كەسێكی تایبەتمەند بوو، با چاوەڕێی ئەوە نەكەین كە كەسێك هەبێت وەكو مام جەلال بێت، دۆزینەوەی كەسێك لەو جۆرە رەنگە زۆر زەحمەت بێت، زۆرینەی هاوڕێكانمان لە بەغدا لەگەڵ مام جەلال كاریان كردووە و سیاسەتی روونی ئەو دەزانن، بۆیە ئێمە خۆمان كۆدەكەینەوە و كێشە بچووكەكان وەلا دەنێین و دەتوانین پێكەوە ئەوە بكەین كە مام جەلال كردوویەتی.

*كام سەركردەی سیاسی ئێستا دەتوانین ئەو نازناوەی پێبدەین، ئایا بافڵ تاڵەبانی بەو هێزەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی شوێنگرەوەی باوكی بێت؟
-بەڵێ وایە، ئێمە نامانەوێت تەنیا پارێزگاری لە خەباتی مام جەلال بكەین، بەڵكو دەمانەوێت پێكەوە كار بكەین بۆ ئەوەی بەرنامەكەی مام جەلال تەواو بكەین و عیراقێك دروست بكەین كە مام جەلال پەسەندی بكات.

*لە دوای دیدارتان لەگەڵ هادی عامری، هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانی ئاماژەیان بەوەداوە، لە رووی مەبدەئییەوە بڕیاریانداوە لە قۆناغی داهاتوودا هاوپەیمانێتی لەگەڵ فەتح-دا ببەستن؟
-من سوپاسی ئێوە دەكەم، ئاگاداری بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە نیم، دووبارەی دەكەمەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرنامەیەكی هەیە بۆ عیراق، ئێمە ئامادەییمان هەیە بۆ ئەوەی رێكەوتن لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا بكەین، بەو مەرجەی بەرنامەكانیان لەگەڵ ئێمەدا یەكبگرنەوە.

*كەواتە بە كورتی بەرنامەی یەكێتی چییە؟
-ئێمە باوەڕمان بە عیراق هەیە، باوەڕمان بە گەلەكەمان هەیە، ئێمە عیراقێكی ئازادمان دەوێت كە گەلەكەی پارێزراو بێت و پارێزگاری لە كەرامەتی یەكتر بكەین و خۆشەویستی بۆ هەموان بگەڕێنینەوە. باوەڕمان بە چەپكەگوڵەكەی مام جەلال هەیە، حەزمان بە جیاوازی نێوان لایەنەكان نییە، ئەگەر سیاسەت بە شێوەیەكی مرۆڤایەتی بكەین، ئەوە باوەڕمان وایە زۆربەی كێشەكانمان بچووكن و پێویستە سازش لەسەر داواكاریی یەكتر بكەین، با ئەمجارە حكومەتێك پێكبهێنین كە تەنیا بۆ یەكێتیی نیشتمانی نەبێت، با پێكەوە دانیشین و بە راستەقینە گفتوگۆ بكەین بۆ ئەوەی چۆن بتوانین عیراق بەهێز بكەین و چیمان پێویستە و كەموكورتیمان لە چیدایە و چۆن بتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین. عیراق وڵاتێكی مەزنە و زانستەكانی بیركاری و پزیشكی و ئایینە ئاسمانییەكان لێرە دروست بوون، پێماندەكرێت ئەو كارانە بكەین و پێویستە باوەڕمان بە خۆمان هەبێت.

*وا لە قسەكانی پێشترت تێگەیشتم كە دەتەوێت بە بەهێزی زیاترەوە بگەڕێیتەوە بەغدا، ئایا ویستت هەیە پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عیراق بەدەستبهێنیت؟
-لەم قۆناغەدا ویستم نییە.

*ئەی لە قۆناغی داهاتوودا دەتوانین وەك سەرۆك كۆماری عیراق بتبینین؟
– پێویستە چاوەڕێ بكەین.

*با بێینە سەر لایەنی سوننە، چ لایەنێكی سیاسیی سوننە لە ئێوەوە نزیكە؟
-بە بۆچوونی من، زۆربەی سوننەكان لە ئێمەوە نزیكن، ئێمە دەخوازین پەیوەندییەكی پتەومان لەگەڵ زۆربەی لایەنەكاندا هەبێت، دووپاتیدەكەمەوە، ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە كە هەموو لایەنەكان لە ژێر چەترێكدا كۆبكەینەوە، ئەوكات بارودۆخی عیراق زۆر باش دەبێت و هەر ئەمەشە ئامانجمان.

* باس لە گۆڕانكاری لە دابەشكردنی سێ پۆستە سەرەكییەكەی عیراق دەكرێت لە دوای هەڵبژاردن، بە شێوەیەك ئەمجارە پۆستی سەرۆك كۆمار بدرێت بە سوننەكان و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ كورد، لە كۆبوونەوەكانتان ئەم پرسە خرایە بەرباس؟
-یەك دوو جار ئەم پرسە باسكرا، ئێمە بڕوامان بە پاراستنی هاوسەنگی هەیە لە بەغدا، ئێمە پێمانباشە ئەو هاوسەنگییە پێشتر چۆن بووە بۆ داهاتووش هەر وابێت، پێمانوایە كە پێویستە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە بێت، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ ئەم هەڵبژاردنە بۆ سوننە بێت، وەكو یەكێتی وایدەبینین كە دەمانەوێت لە رێگەی پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمارەوە خزمەتی زیاتر بكەین. ئەم بابەتەمان لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێكرد و زۆر پێكەنی و پێیوتین: ئێمە پێمان باش بوو كە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانتان پێ بدەین و بیبەخشین بە كورد، وتمان نەخێر، ئێوە ئەو كارە بكەن.

*خواستی ئێوە چییە، پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار بەدەستبهێنن، یان ئەنجومەنی نوێنەران؟
-یەكێتیی نیشتمانی پێیوایە بۆ ئەمجارەش پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ كورد بێت، لەناو كوردیش بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت.

*كەواتە ئێوە یەكلاییتان كردۆتەوە، كە پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ كورد و لە نێویشیدا بۆ یەكێتی بێت؟
– بەڵێ ئەوە بۆچوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

*ئایا پشتیوانیی لە د.بەرهەم ساڵح دەكەنەوە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار وەربگرێتەوە؟
– ئێمە پێمانوایە كە د.بەرهەم ساڵح توانیویەتی لە قۆناغێكی سەختدا خزمەتی عیراقییەكان بكات. وەڵامی پرسیارەكەشت ئەوەیە، بەڵێ تا ئەمڕۆ كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە بریتییە لە د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح. پێموایە د.بەرهەم یەكێكە لە خوێندكارەكانی مام جەلال و دەتوانێت ئەو پۆستە بەشێوەیەكی باش بۆ عیراق و یەكێتی بەڕێوەبەرێت.

*كەواتە پشتیوانی لە د.بەرهەم ساڵح دەكەنەوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار؟
-وەكو پێموتی، تا ئەمڕۆ ئەو كاندیدمانە.

*بوونی پۆستی هاوسەرۆكیی لە گۆڕەپانی سیاسی عیراق پۆستێكی نامۆیە، بۆچی یەكێتی دوو سەرۆكی هەیە و خاوەنی یەك سەرۆك نییە؟
-لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال، یەكێتیی نیشتمانی رووبەڕووی كێشەی زۆر بۆوە، سەركردایەتی ئێستای یەكێتی گەنجن، من و كاك لاهور یەكتر تەواو دەكەین، پێمانوابوو كە باشترە پێكەوە كار بكەین، من نموونەیەكت بۆ دەهێنمەوە، من لە بەغدا لەگەڵ هاوڕێ و خۆشەویستانم كۆدەبمەوە، لە هەمان كاتدا كاك لاهور لەگەڵ مەكتەبەكانی حزب و هێزی پێشمەرگە كۆدەبێتەوە، كەواتە هەریەكەمان یەكتر تەواو دەكەین. ئەوەشمان پێباشە.

*ئایا دۆسێی سەربازیی بەدەست لاهور شێخ جەنگی-یە و دۆسێی سیاسی بەدەستی ئێوەیە؟
– نا وەڵڵا وانییە، ئێمە دۆسێكانمان دابەشنەكردووە، لەكوێ پێویست بێت، ئێمە كاری خۆمان دەكەین، پێمخۆشە ئەوەت پێ بڵێم كە لەوانەیە لایەنە سیاسییەكانی دیكەش بیر لەو ئەزموونە بكەنەوە، ئەم هاوسەرۆكییەش سەركەوتوو دەبێت.

*دێمە سەر تەوەری پەیوەندییەكانی نێوان ناوەند و هەرێم، كاك بافڵ چۆن ئەم پرسە هەڵدەسەنگێنێت؟
– من حەز دەكەم باشتر بێت، راشكاو دەبم لەگەڵت، پێمباشە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند باشتر بێت، پێموایە هەندێك كێشە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و پێدەچێت بۆچوونم جیاواز بێت لەگەڵ هەندێكی تر، ئێستا دەوترێت كێشە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، بۆچی ئەم كێشانە دروست بوو، ئەم حكومەتانە كێن، ئەو حزبانەن كە هاوڕێمانن، هۆكاری دروستبوونی كێشەكانیش چین، چونكە لە یەكتر دوور بووین، ئەگەر جارجارە سەردانی یەكتر بكەین و گفتوگۆ بكەین، پێموانییە كێشەكان قووڵ بن.

* هۆكاری كێشەكان چیین، كێ دەستی بە كێشەكان كرد؟
-هۆكاری كێشەكان شەخسی نین، دەبێت ئێمە وەكو هاوڕێ و برا پێكەوە گفتوگۆ بكەین، ئێمە یەكتر باش دەناسین، ئەگەر برایانە سیاسەت بكەین، پێموایە ئەوكات كێشەی قووڵمان نابێت. داوایەكم لە تەواوی لایەنە سیاسییە عیراقییەكان و كوردستانییەكان هەیە، ئەو كێشانەی كە هەن پێویستە كێشەی سیاسی بن، پارت و لایەنە سیاسییەكان رێگە بدەن كێشەكان چارەسەر بكەن، تاوانە لایەنێك لە كوردستان یان لە بەغدا ئەم كێشانە تێكەڵ بە ژیانی خەڵك بكات، گەلەكەمان كێشەیان لەنێواندا نییە ‌و یەكترمان خۆش دەوێت، سەرەوە سیاسییەكان كێشەیان هەیە، بەڵام نابێت كێشەكانی هەڵبژاردن یان هەر بابەتێكی تر تێكەڵ بە گەل بكرێن. ئەمە تاوانە و جێگای قبووڵكردن نییە.

*چۆن قۆناغی داهاتوو دەبینن بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان، گەلی كورد لەگەڵ ئەو جۆرە كێشانە نییە، گەلی عیراقیش دەڵێت بێزار بووین لەم كێشانە؟
-من پێموایە ئەگەر بگەینە ئەو بڕوایەی كە چەپڵە بە یەك دەست لێنادرێت و دانیشین و دانوستان بكەین لەگەڵ هاوڕێكانمان، كێشەكان بە شێوەیەكی ئاسان چارەسەر دەبن. تەماشای پرسی بودجە بكە كە چۆن پێكەوە كاریان كرد و لە كۆتاییدا تێیانپەڕاند. ئەگەر رۆحیەتی برایانەمان هەبێت، پێموایە كێشەكان قووڵ نین، ئەوەی لە بەسرە دەیەوێت، بەهەمان شێوە لە زاخۆش ئەوەی دەوێت، هیچ كێشەیەكمان نییە.

*پێتوایە كە ئیرادەیەكی سیاسی نەبووە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی نێوان هەرێم و بەغدا؟
– ئەو ئیرادەیە هەیە.

*لە هەردوولاوە ئەو ئیرادە سیاسییە هەیە؟
-من ئەو ئیرادەیە لە هەردوولا دەبینم و پێویستە گوێیان لێ بگیرێت، بەڕێز عادل عەبدولمەهدی شتێكی جوانی بە بیر هێنامەوە كە حەز دەكەم باسی بكەم، مام جەلال سیاسەتێكی مەزنی هەبوو لەسەر پرەنسیپەكان زۆر توند بوو، بەڵام لەبارەی تەكتیك و چۆنێتی گەیشتن بە پرەنسیپەكان نەرم و نیان بوو، ئەم كارە زۆر ئاسانە ئەگەر لێوەی فێر بین و بەو جۆرە كار بكەین، ئەوە چارەسەركردنی زۆربەی كێشەكان ئاسان دەبێت.

* لەبارەی بەڕێز عادل عەبدولمەهدییەوە، چۆن هەڵیدەسەنگێنن؟ پارتی دیموكراتی كوردستان بە رەزامەندییەوە لەو ئەزموونە دەڕوانێت، ئێوە چۆن لێی دەڕوانن؟
– من پێموایە كە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی لەكاتێكی زۆر سەختدا ئەو پۆستەی وەرگرت، ئێمە دەزانین تێڕوانینی لایەنەكانی دەوروبەرمان چۆن بوو، ئەمریكا بە سیاسەتێكی تر مامەڵەی دەكرد، دۆخی عیراق زۆر سەخت بوو. من پێموایە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی كارێكی زۆر ئەستەمی كرد، من دەزانم بەڕێز عادل چی لە دڵیدا هەیە.

*بەڵام تۆ هاوڕای لەگەڵ ئەوەی كە دەڵێت، ململانێی ئەمریكا ‌و ئێران، عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی دوورخستەوە؟
-چەند كێشەیەك هەبوون لەو كاتەدا لە دەوروبەری عادل عەبدولمەهدی كۆبوونەوە ‌و بەڕێز عادل عەبدولمەهدی زۆربەی كاتەكان ئامادەكاری كردبوو بۆ ئەوەی قوربانی بەخۆی بدات تا وڵاتەكەی پێش بكەوێت.

*بەڕێز مەحمود عوسمان لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكاندا پێشتر پێی راگەیاندم، كە گرفتەكە لە نێوان هەرێم ‌و بەغدا، لە ئێرانەوە سەرهەڵدەدات، لەگەڵ ئێران چارەسەری كێشەكانتان بكەن، كێشەكانتان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەبن.
-بە دڵنیاییەوە بەڕێز مەحمود كەسێكی بەڕێزە، من پێموایە سیاسەتی خۆمان دەزانین، پەیوەندییەكانمان دەزانین، پێویستە لەناو خۆماندا چارەسەری كێشەكانمان بكەین، كارێكی باش نییە كە بەرپرسیارێتی بخەینە سەر ئەم لایەن یان ئەو لایەن، ئەمە جۆرێكە لە نەگرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتی. ئێمە ساڵانێكی زۆرە سیاسەت دەكەین، چەندین كەس هەیە لە عیراقدا كە سیاسەت دەكەن ‌و سیاسەت پەیڕەو دەكەن، بۆ ناتوانین خۆمان كێشەكان چارەسەر بكەین؟ بۆ ناتوانین كێشەكانمان بە هاوكاری یەکتر چارەسەر بكەین؟.

* باس لەوە دەكرێت كە حكومەتی كازمی لە دوای پشێوییەكی زۆر لە عیراق پێكهێنرا، ئێوە چۆن لەم حكومەتە دەڕوانن كە تەمەنی لە ساڵێك نزیكبۆتەوە؟
-ئێمە پشتیوانیمان لەم حكومەتە كرد ‌و پێمانوایە كە عیراق پڕە لە كێشە ‌و ئەم كێشانە لە یەك شوێندا كەڵەكە بوون، بەڕێز كازمی هەوڵی جددی داوە بۆ چارەسەری زۆربەی ئەم كێشانە، بەڵام بارودۆخەكان تایبەت بوون، ئێستا هەنگاوێكی باشیان ناوە بەرەو هەڵبژاردن، ئەگەر توانیمان خۆمان كۆبكەینەوە، پێموایە حكومەتی داهاتوو دەتوانێت خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش بكات.

* كاك بافڵ، پێدەچێت ئەمڕۆ باس لە دەوڵەتی كوردی بكرێت، دەوڵەتی كوردی خەونێكە كە كوردەكان خەونی پێوە دەبینن، كەی ئەم خەونە بەدی دێت؟
– من پیاوێكی واقیعیم، دەوڵەتی كوردی خەونی هەموو كوردێكە لە دنیادا، بەڵام من پیاوێكی واقیع بینم، من ئێستا سەرقاڵم بە گرفتەكانی ئەمڕۆوە، زۆر سەرقاڵی گرفتەكانی ئەمڕۆین، ماوەیەكی كەم یان مەجالێكی كەممان هەیە بۆ بیركردنەوە لەوە ‌و ئەوە خەونی هەموو هاووڵاتییەكی كوردە، ئایا بەدی دێت؟ ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە.

*تەنها شتێك كە زۆر هەڕەشە لە هەرێم دەكات، گەڕانەوەیە بۆ دوو ئیدارەیی، بۆچی ئەم بژاردەیە هەر لە سلێمانییەوە پێشنیار دەكرێت؟
-ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، باوەڕمان بە دوو ئیدارەیی نییە، ئێمە بڕوامان بە یەكخستنی كورد هەیە، هەندێکجار هاوڕێكانمان لە كوردستان هەست بە بێتاقەتی ‌و نیگەرانی دەكەن ‌و هەست دەكەن بە نەبوونی شەراكەتی راستەقینەی نێوان لایەنەكانی دیكە، پێدەچێت ئەمە هۆكاری ئەو دەنگۆیانە بێت، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باوەڕی تەواوی بە شەراكەتی راستەقینە ‌و یەكگرتنی كورد هەیە ‌و بڕوای بە دوو ئیدارەیی نییە.

* با ئێستا باسی پرسی كەركوك بكەین، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چۆن لە كەركوك دەڕوانێت؟ هەندێك تۆمەتبارتان دەكەن بەوەی كە كەركوكتان تەسلیم كردووە، چۆن وەڵامی ئەم تۆمەتە دەدەنەوە؟
– ئێمە كەركوكمان بە هیچ كەسێك تەسلیم نەكردووە، كورد دەڵێت كە كەركوك شارێكی كوردستانییە ‌و برا توركمانەكان ‌و برا سوننەكان ‌و برا شیعەكان پێكەوە لەم شارە دەژین، ئێمە كەركوكمان بە هیچ لایەنێك تەسلیم نەكردووە، بەڵكو حەزمان نەكردووە خوێنی یەكتر لە كەركوك بڕێژین ‌و ئەو شارە لەگەڵ زەوی تەخت بێت.

*بۆ گفتوگۆ لەبارەی رێكەوتنی شنگال-ەوە، ئێوە بیر‌وڕاتان چییە لەبارەی رێكەوتنی شنگالەوە، كە لە نێوان حكومەتی هەرێم ‌و حكومەتی بەغدا ئیمزا كرا ‌و چی رێگرە لەبەردەم جێبەجێكردنی؟
-من دەمەوێت بە شێوازێكی جیاواز وەڵامی ئەم پرسیارەت بدەمەوە، من پێموایە كە ئەگەر لەناوچەیەكدا رێكەوتنت كرد، پێویستە لەگەڵ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە گفتوگۆ بكەیت، ئەمە كارێك نییە كە حكومەتەكان لەسەری رێكبكەون، ئەمە دەبێت گفتوگۆ ‌و لێكتێگەیشتن لەگەڵ دانیشتووانی ئەو ناوچانە بكرێت. من نموونەیەكت دەدەمێ، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشێكە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام زانیاری نەبووە لەبارەی رێكەوتنی شنگالەوە ‌و لە رێگەی راگەیاندنەوە لەبارەی رێكەوتنەكەوە بیستمان.

*ئێوە شەریكی راستەقینەن لە ساڵی 2003 وە، هەموو پرسیاری ئەوە دەكەن، بۆچی ئەزموونی دیموكراتی لە دوای 2003 سەركەوتوو بوو، بەڵام لە بەغدا شكستی هێنا؟
-ئێمە ئەزموونێكی دیكەمان هەبوو كە پێدەچێت كاتی پێدابین كارەكان كەمێك بەرەو باشتر ببەین ‌و كارەكە ئاسانتر بوو بۆ ئێمە، ئەگەر بڵێی لە بەغدا سەرنەكەوت، ئەمە قورسە، من پێموایە ئەمە تا رادەیەك سەركەوتوو بووە، بەڵام لە راستیدا چاوەڕێمان دەكرد زیاتر پێش بكەوێت.

*پێتوایە ئەزموونی دوای 2003 شكستیهێناوە؟
-دەتوانم بڵێم وەك ئەوە نەبوو كە چاوەڕوان دەكرا، بەڵام كاتمان زۆر لەبەردەمدایە ‌و دەتوانین بیكەین.

*چۆن بەرەنگاری ئەو تۆمەتانە دەبیتەوە كە ئێوە خێزانی دەسەڵاتدارن لە هەرێم؟
-یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، حزبی خێزانێك نییە، من باوەڕم بەم شتە نییە، ئێمە كۆنگرەیەكی سەركەوتوومان بەست ‌و ئێمە حزبی مام جەلال-ین، بەڵام ئەگەر كەسێك لە ئەندامانی خێزان بتوانێت سەربكەوێت، نابێت غەدر لەو كەسە بكرێت. بۆ نموونە، زۆر ئاسانە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دووبارە كۆنگرە ببەستێت، ئەگەر من ‌و بەڕێز لاهور كارەكانمان بەشێوەیەكی پێویست جێبەجێ نەكرد، زۆر ئاساییە كەسێكی نوێ یان هاوسەرۆكی نوێ بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژێرن ‌و تاڵەبانی-ش نەبێت. من ناتوانم لەبارەی حزبێكی ترەوە بدوێم، بەڵام لەبارەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە قسە دەكەم.

*هەندێك لێرە و لەوێ تۆمەتبارتان دەكەن بە نزیكبوونەوەتان لە ئیسرائیل ‌و بوونی بارەگای ئیسرائیل لە سلێمانی، ئەم قسەیە راستە؟
-لە سلێمانی! بۆچی؟ ئەمە راست نییە، هیچ بارەگایەكی ئیسرائیلی لە سلێمانی نییە، من زۆر بە كەمی گوێم لەم بابەتە بووە، بەڵام دڵنیاییتان دەدەمێ كە هیچ بارەگایەكی ئیسرائیلی لە سلێمانی نییە.

*ئەی لە هەرێم بە شێوەیەكی گشتی؟
– ئەوەندەی من ئاگادار بم، هیچ بارەگایەكی ئیسرائیلی لە هەرێم نییە.

*گوێمان لە چەند هۆشدارییەك دەبێت لەبارەی داڕمانی سیستمی سیاسی لە ئەنجامی شكستی بەردەوام لە دوای 2003وە تا ئێستا، گەندەڵییەكی بەردەوام ‌و بڵاوبوونەوەی چەكی بێ مۆڵەت، ئاخۆ بە راستی سیستمی سیاسی بەرەو داڕمان دەچێت؟
– نەخێر، بەرەو رووخان ناڕوات، بەڵێ گەندەڵی هەیە، بەربڵاوی چەكی بێ مۆڵەت هەیە، بەڵام ئەو كەسانەی كە هەوڵدەدەن دۆخەكە چاك بكەن، زیاترن لەوانەی دەیانەوێت بارودۆخەكە تێكبدەن، ئێمە پێویستمان بە گفتوگۆی جددی ‌و بەرنامە هەیە.

*دەڵێن هیچ هاوڕێیەك بۆ كورد نییە، جگە لە شاخەكان، با باس لە هاوڕێكانی ئێستا بكەین، كێ نزیكترین هاوڕێتانە، ئێران یان ئەمریكا؟
-خۆشبەختانە ئێمە پەیوەندی هاوڕێیەتی زۆرمان هەیە، ئەمریكا هاوڕێمانە، ئێران هاوڕێمانە، وڵاتانی ئەوروپا هاوڕێمانن. ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆچی باسی هاوڕێكانمان نەكەین لە بەغدا؟ تەواوی لایەنەكان هەموویان هاوڕێمانن.

*با باسی هاوپەیمانێتییەكان بكەین، كێ لە هاوپەیمانێتیدا لێتانەوە نزیكە؟
– زۆربەی لایەنەكان نزیكن لێمانەوە.

*پێدەچێت لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكان قسەتان كردبێت، بەڕێز مالكی بێت، بەڕێز حەلبوسی بێت، بەڕێز حەكیم بێت، بەڕێز عادل عەبدولمەهدی بێت، لەگەڵ زۆربەی كەسایەتییەكان، چیت دەستكەوت لە وتەی لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە، ئاخۆ هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا دەكرێت؟
-تەواوی ئەو كەسانەی ناوت هێنان، بەجددییەوە گفتوگۆیان كرد كە هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بۆیە بەپێی وتەكانیان، بەڵێ.

*بەڵام لەكاتی بوونی ئەو مەترسییەی كە هەڕەشە لە دۆخی ئاسایشی هەڵبژاردنەكان دەكات، بە چەك یان سیاسی بێت، كە ئێستا لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان دەستیكردووە بە گەمە كردن. بۆ نموونە، دەربارەی كارتی بایۆمەتری، دەنگۆی ئەوە هەیە كە سێ ملیۆن كارتی بایۆمەتری دزراوە، چۆن ئەمە پاك ‌و بێگەردی هەڵبژاردنەكان دەپارێزێت؟
-من پێموایە، ئەگەر دەمانەوێت هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچن، بەڵێ دەتوانین لە كاتی خۆیدا هەڵبژاردنەكان بكرێن.

*دەتوانین گەرەنتی پاك ‌و بێگەردی هەڵبژاردنەكە بكەین؟
-بەڵێ دەتوانین، دەبێ هەڵبژاردنەكان پاك و بێگەرد بن، ئەگەر چاودێرییەكی پاك ‌و بێگەرد هەبێ و لە نێوان خۆماندا رێکبكەوین كە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكەین، بەڵێ دەتوانین بیكەین.

*با وایدابنێین كە هەڵبژاردنەكان پاك ‌و بێگەرد نەبن، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بە دڵی لایەنەكان نەبوو، ئاخۆ بەرەو پشێوی دەچین؟
-پشت بەخوا بەرەو پشێوی زۆر ناچین ‌و ئیشەڵڵا بەرەو پێشكەوتن دەچین.

* دیدی تۆ بۆ داهاتوو چییە؟
-من عیراقێكی پڕ لە خۆشەویستی، پڕ لە كەرامەت، پڕ لە ئارامی دەبینم، عیراق تێیدا هیچ ناكۆكییەك لە نێوان لایەنەكان ‌و گەلەكانیدا نییە ‌و لە نێوان ئایینەكاندا ‌و لە نێوان پێكهاتەكاندا نییە، تەواوی دانیشتووانەكەی پێكەوە كار دەكەن بۆ یەك ئامانج، كە ئەوەش ئەوەیە عیراق سەربكەوێت ‌و پێكەوە بتوانین بە ئاشتی ‌و تێگەیشتن لە نێوان خۆماندا بژین.

* لەبارەی رۆڵی خاتوو هێرۆ، رۆڵی سیاسی، رۆڵی حزبی، لە سەرەتاوە ناوی زۆر دەهات لە گۆڕەپانی سیاسیدا، بەڵام لە دوای كۆچی دوایی مام جەلال، ئێستا ناوی نابیستین، لە كاری سیاسی دووركەوتۆتەوە یان لە پشت پەردەوە بەڕێوەی دەبات؟
-بۆ زانیاریتان، زۆر دڵنیام زۆربەی بینەران ئەوە دەزانن كە دایكم لە دوای نەخۆشكەوتنی باوكم (خوا لێی خۆش بێت)، زۆر دەرنەكەوتووە، ئەو لە شاخ پێشمەرگە بوو، زۆربەی شەڕەكانی تۆمار كردووە ‌و یەكێك بووە لەو كەسانەی كە ئەو وێنانەی بۆ دەرەوە دەنارد، ئێستا ئەو لە سیاسەت دووركەوتۆتەوە.

*بەشێك لە دەنگۆكان باس لەوە دەكەن كە تۆ لە كاتی شەڕدا لە شاخ لە دایكبوویت، وەك پرژەی تاڤگە ناویان ناویت.
-بەڵێ راستە، من ناوم بافڵ-ە، ئەمە لە كوێوە هاتووە؟ باوكم لە ناوچەی چەمی رەزان بارەگایەكی هەبووە، بافڵ، لە پێشدا بافڕ بووە، ئەو ئاوەی هەوا دەیڕفێنێت، ئیتر ئەوە لە دوای ماوەیەكی دیكە بوو بە بافڵ، لەبەرئەوە مام جەلال ناوینام بافڵ، بەهۆی ئەو تاڤگەیەوە، خۆشت دەزانیت باوكمیان بە ئەبو شەلال بانگ دەكرد.

 1,199 جار بینراوە