سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » كۆڕبەندی حەوت وڵاتە پیشەسازییەكەی جیهان

كۆڕبەندی حەوت وڵاتە پیشەسازییەكەی جیهان

ئامادەكردنی: بورهان ئەمین

لە چەند رۆژی رابردوودا لە بەریتانیا، سەركردەكانی هەر حەوت وڵاتە پیشەسازییەكەی جیهان «ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ژاپۆن ‌و كەندا «، بە سەرپەرشتی بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كۆبوونەوە ‌و نوێنەرانی یەكێتیی ئەوروپا و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكەكانی هەریەك لە ئوسترالیا و هیندستان و كۆریای باشوور و باشووری ئەفریقا، وەك میوان بەشدارییان تێداكرد ‌و دوای ئەوەی رۆژی هەینی رابردوو لەلایەن شاژنی بەریتانیاوە پێشوازییان لێكرا، رۆژی دواتر دەستیان بە گفتوگۆكان كرد.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەمە یەكەمین كۆبوونەوەی رووبەڕوویانە ‌و یەكەمین دیداری ئەو وڵاتانەشە لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

كۆرۆنا
گرنگترین دۆسێ لەو كۆڕبەندەدا، قەیرانی كۆرۆنا و چۆنێتی دابەشكردنی ڤاكسین و یارمەتی وڵاتە هەژارەكان و رێكارەكانی بنەبڕكردنی ئەو ڤایرۆسەیە لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە هەموویان رێكەوتوون لەسەر ئەوەی تاكۆتایی ئەمساڵ، ملیارێك ڤاكسین ببەخشنە وڵاتە هەژار و كەمدەرامەتەكان، بۆئەوەی بتوانن هاووڵاتیانی خۆیان بكوتن و مرۆڤایەتی لەو پەتایە رزگاری ببێت. جگە لەوەش، ئەو وڵاتانە بڕیاریانداوە هەریەكەیان بە جیا، ڤاكسین ببەخشنە وڵاتان، بۆ نموونە ئەمریكا نیو ملیۆن و یەكێتیی ئەوروپا 100 هەزار و لە ئەڵمانیا و فەرەنساش پەیمانی بەخشینی سەروو 30 ملیۆنیان داوە، بڕیاریشە هەموو ئەمانە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بەسەر 92 وڵاتدا دابەش بكرێن. هەموو ئەو بەخشینانەش لەسەر داوا و بانگەوازی پڕۆژەی كۆفاكس بوو، كە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ یارمەتیدانی وڵاتە هەژارەكان رایگەیاندووە.

لەسەر پێشكەشكردنی ئەم بڕانە لە ڤاكسین بۆ وڵاتان، چەندین كەناڵی میدیایی جیهانی ‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ‌و مافی مرۆڤ ‌و چالاكوانان بڵاویانكردەوە، كە ئەم بڕە ڤاكسینە دڵۆپێكە لە دەریا و بەشی چارەكی ئەو وڵاتانەش ناكات كە زۆر پێویستیان بەو ڤاكسینە هەیە و ناتوانن بیكڕن. لەسەر ئەمە، بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن: هەر تەنها ڤاكسینەكە بەس نییە، بەڵكو میكانیزمی پڕۆسەی كوتان ‌و رێگرتن لە گەندەڵیكردن پێیەوە پێویستە و تەنها پڕۆسەی كوتانە سەرتاسەرییەكە پێویستی بە 16 ملیار دۆلارە بۆ وڵاتە هەژارەكان.

دۆسێی تر
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی RND بێت، بەر لە كۆڕبەندەكە، دوو رۆژ كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەر حەوت وڵاتەكە بەڕێوەچووە و باسیان لە زۆر كێشەی جیهانی كردووە، لەوانە، كێشەكانی چین و میانمار و لیبیا و سوریا و ئێران و كۆریای باكوور سۆماڵ و وڵاتانی باڵكان.

بەرلەوەش، وەزیرانی دەرەوە هێڵە گشتییەكانی ئەو دۆسێیانەیان خستۆتە بەردەم گروپی حەوت و سەرنج و پێشنیارەكانی خۆیان تێدا خستۆتەڕوو.
سەبارەت بەگرژی نێوان روسیا ‌و ئۆكرانیا، داوایان لێكردن كێشەكانی نێوانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن، بۆ مەسەلەی ئێرلەنداش، دیسان داوایان لە بەریتانیا كرد، كە هەوڵی رەواندنەوەی گرژییەكان بدات.

چین كێشەیەكی تایبەتە
لە دوای قەیرانی كۆرۆنا، ئەو دۆسێیەی زیاتر باسی لێوەكرا، وڵاتی چین و هەژموونەكانیەتی لە دەرەوە و هەوڵەكانی ئەو وڵاتەیە بۆ بوون بە جەمسەرێكی بەهێز لە گۆڕەپانی سیاسی و ئابووری جیهاندا. بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، سەرۆكی ئەمریكا بەو ئاراستەیەی سیاسەتی چین زۆر نیگەرانە و دەیەوێت كۆڕبەندەكە سنوورێكی بۆ دابنێت، هەروەها نیگەرانییەكەی ئەمریكا بەو وڵاتە راگەیەنراوە دەربارەی گۆڕانی قەیرانی كۆرۆنا بۆ قەیرانێكی سیاسی.

سەرچاوە: DIE Zeit, France 24, DW

 151 جار بینراوە