سەرەکی » ئەدەب و هونەر » ڤۆدگا لیمۆن، عه‌شقێكی گه‌رم له‌ كه‌شێكی سارددا

ڤۆدگا لیمۆن، عه‌شقێكی گه‌رم له‌ كه‌شێكی سارددا

ره‌وه‌ز جه‌بار

دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، دۆخی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بوون تووشی گه‌لێك كێشه‌ و نه‌هامه‌تی و هه‌ژاری بوون. ئه‌و له‌ یه‌كترازن و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌. شه‌ڕ و برسێتی بۆ هێنان. ئه‌گه‌ر بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی سۆڤیه‌ت جارێك به‌دبه‌ختی و شه‌ڕ و ماڵوێرانی بووبێ بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد دووجار به‌دبه‌ختی بووه‌. چونكه‌ له‌ دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سۆڤیه‌تیش ئه‌و كوردانه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌تی په‌رته‌وازه‌ی وڵاتانی سۆڤیه‌تی كردبوون بۆیان نه‌بوو بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان، ئه‌وانه‌یش كه‌ له‌ ئازربیجان و ئه‌رمینیا مابوونه‌وه‌ دیسان تووشی به‌دبه‌ختی و ماڵوێرانی بوون. كورده‌ مسوڵمانه‌كان كه‌وتنه‌ ئازه‌ربایجانه‌وه‌ و كوردی ئێزدی كه‌وتنه‌ ئه‌رمینیاوه‌. به‌مه‌ش دووباره‌ كورد كه‌وته‌ ناو دۆخێكی ناخۆش و سه‌خته‌وه‌.

چیرۆكی فیلمه‌كه‌
ئه‌م فیلمه‌« ڤۆدگا لیمۆن» چیرۆكی فیلمه‌كه‌ له‌ گوندێكی ئێزدی له‌ ئه‌رمینیایه‌، چیرۆكی ئه‌و كورده‌ ئێزدییانه‌ی ئه‌رمینیا. كه‌ ژیانێكی سه‌خت و ناخۆشیان هه‌یه‌، بێكار و هه‌ژارن. هونه‌ر سه‌لیم له‌ چیرۆكی پیاوێكی ره‌به‌ن و بێوه‌ژنێكدا وێنه‌ی ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌ی ئه‌رمینیا نیشان ده‌دات كه‌ چه‌ند به‌ سه‌ختی و نه‌بوونی ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. به‌ جۆرێك كه‌ توانای دابینكردنی پاره‌ی ئاو و كاره‌بایان نییه‌. هیچیان نییه‌. بێكارن. له‌ مه‌مله‌كه‌تێكی ساردا به‌ ره‌زاله‌ت ده‌ژین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا عاشقن، له‌ نێو ئه‌و كه‌شه‌ سارد و شه‌خته‌به‌نده‌دا به‌ دوای ئه‌وین و ژیاندا وێڵن، ده‌یانه‌وێت بژین. عاشقبن.

فیلمی ڤۆدگا لیمۆن چیرۆكی نینای بێوه‌ژن و هامۆی ره‌به‌نه‌، ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ ره‌به‌نێكی به‌ساڵاچووه‌ له‌ یه‌كێ له‌ گونده‌كانی ئه‌رمینیا، دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران ژیان ده‌گوزه‌رێنن. ژیانێكی سارد له‌ شه‌خته‌به‌ندی ئه‌و وڵاته‌دا. هه‌ردوو كاره‌كته‌ری فیلمه‌كه‌ دوو كۆستكه‌وتووی گونده‌كه‌ن، هه‌موو جارێ‌ له‌ گۆڕستانێكی خامۆشی گونده‌كه‌یاندا یه‌كتر ده‌بینن، كه‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌ گونده‌كه‌وه‌ دووره‌. هامۆ دوو ساڵێك ده‌بێت ژنه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی مردووه‌ و یه‌كێ له‌ كوڕه‌كانی له‌ فه‌ره‌نسا ده‌ژی، هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نامه‌كانیدا پاره‌ی بۆ بنێرێ، به‌ڵام كامۆ وه‌ك هه‌میشه‌ نامه‌یه‌كی به‌تاڵ له‌ پاره‌ی بۆ ده‌نێرێ. كوڕه‌كه‌ی دیكه‌شی بێكاره‌. ئیتر به‌ ناچاری كه‌لوپه‌لی ناو ماڵه‌كه‌ی ده‌فرۆشێ. نینای بێوه‌ژنیش مێرده‌كه‌ی سه‌ربازبووه‌ و له‌ ساڵی 1994 كوژراوه‌. یه‌كێ له‌ كچه‌كانی شووی كردووه‌ و له‌ كازاخستان ده‌ژی. كچه‌كه‌ی دیكه‌شی له‌ یانه‌یه‌كدا پیانۆ ده‌ژه‌نێ و به‌ پاره‌یه‌كی كه‌م كه‌ وه‌كو شاباش پێی ده‌ده‌ن و دایكه‌كه‌ش» نینا» له‌ كۆشكێكی مه‌یفرۆشی گونده‌كه‌دا كار ده‌كات. ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌شی خودی خۆشی ناكات ئه‌وه‌نده‌ كه‌مه‌. هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌كه‌ ژیانێكی سه‌خت و هه‌ژارانه‌یان هه‌یه‌. به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌ نانه‌سكیش ناژین. نینا و هامۆ زوو زوو بۆ ده‌رده‌ڵ ده‌چنه‌ گۆڕستان و له‌گه‌ڵ مردووه‌ ئازیزه‌كانیان قسه‌ ده‌كه‌ن و ده‌رده‌دڵ ده‌كه‌ن. هامۆ له‌سه‌ر گۆڕی ژنه‌كه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ وێنه‌كه‌ی باسی ژیانی خێزانه‌كه‌ی ده‌كات. هه‌موو جارێ ده‌چێته‌ سه‌ر گۆڕی ژنه‌كه‌ی و به‌فری سه‌ر وێنه‌ی كێلی گۆڕی ژنه‌كه‌ی لاده‌بات تاوه‌كو وێنه‌ی سه‌رگۆڕه‌كه‌ی ببینێ و فه‌ریحییه‌ك به‌دڵیدا بێت. نیناش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ جلی ره‌شه‌وه‌ به‌بێ‌ ده‌نگی له‌سه‌ر گۆڕی مێرده‌كه‌ی داده‌نیشێ و سه‌یری وێنه‌ی مێرده‌كه‌ی ده‌كات له‌سه‌ر كێلی گۆڕه‌كه‌.

نینا و هامۆ هه‌موو جارێك بێ‌ ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بكه‌ن به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌چنه‌ گۆڕستانه‌كه‌وه‌ و هه‌ر به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ سواری پاسێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵ. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هاتوچۆیه‌دا نینا و هامۆ له‌و كه‌شوهه‌وا سارده‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی خۆشه‌ویستی گه‌رم و گوڕ په‌یدا ده‌كه‌ن.

به‌گشتی دیمه‌نه‌كانی ئه‌م فیلمه‌ نیشاندانی ژیانی سه‌خت و دژواری ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ دوای یه‌كێتی سۆڤیه‌ت چه‌ند به‌سه‌ختی ده‌ژین، ژیان چه‌ند قورس بووه‌، قورستر له‌ جاران كه‌ به‌شێك بوون له‌ سۆڤیه‌ت. به‌ڵام دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ژیان بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ سه‌ختتر بووه‌. به‌ تایبه‌ت له‌ وڵاتێكی وه‌ك ئه‌رمینیا كه‌ كێشه‌ی سنوور و خاكیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئازربیجان. به‌م دواییانه‌ جارێكی تر ئازربیجان ئه‌رمینیای بۆڕدا و به‌شێكی تری له‌و خاكه‌ له‌ ده‌ستی ده‌رهێنا، كه‌ به‌رزاییه‌كانی قه‌ره‌باغ بوو، ئه‌و خاكه‌ی له‌ بنه‌ڕه‌تدا وڵاتی كوردی سۆڤیه‌ته‌.

كاستی فیلمه‌كه‌
ڤۆدگا لیمۆن، به‌رهه‌می ساڵی 2003یه‌ و ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ هونه‌ر سه‌لیمه‌. چه‌ند ئه‌كته‌رێك له‌م فیلمه‌دا رۆڵیان بینیوه‌، له‌وانه‌ رۆمن ئه‌فینیان، لالا سركیسیان، جاجیك سركسیان، روزان میسروبیان، ئه‌رمین ماروتیان، ئیفان فرانك و…

هونه‌ر سه‌لیم
ده‌رهێنه‌ری ناوداری جیهانی سینه‌ما، هونه‌ر سه‌لیم له‌ ئاكرێ له‌ دایكبووه‌. له‌ ته‌مه‌نی17 ساڵیدا به‌ هۆی سیاسه‌ته‌كانی به‌عسه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌یدا به‌ ناچاری عیراق به‌جێده‌هێڵن به‌ره‌و ئیتالیا ده‌ڕۆن. سه‌ره‌تای كاركردنی هونه‌ر سه‌لیم به‌ وێنه‌كێشان و كاریكاتێر و نووسین ده‌ستیپێكرد. پاشان له‌ ساڵی 1985 به‌ره‌و فه‌ره‌نسا رۆیشتووه‌ و له‌وێ گیرساوه‌ته‌وه‌. به‌رهه‌می ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ چوار فیلمه‌. له‌ پای ئه‌و فیلمانه‌ی چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه‌. له‌ فیلمه‌كانی، فیلمی ڤۆدگا لیمۆن، له‌ ساڵی2003 له‌ فێستیڤاڵی سینه‌مایی ڤینیسیا له‌ ئیتالیا خه‌ڵات كرا و له‌ ساڵی1999 فیلمی قاچاغچییه‌كانی هیوا خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌، له‌ ساڵی1997 له‌ فێستیڤاڵی هه‌ندرێسی فه‌ره‌نسی خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆی وه‌رگرت.

خه‌ڵاته‌كانی
ئه‌م فیلمه‌ چه‌ند خه‌ڵاتێكی وه‌رگرتووه‌. له‌وانه‌ خه‌ڵاتی سان ماركۆ، خه‌ڵاتی لیژنه‌ی دادوه‌ری، خه‌ڵاتی باشترین فیلم میهره‌جانی بانكۆكی سینه‌مایی.

دوو دیمەن لە فیلمەکە

 185 جار بینراوە