سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » داڕمانی كه‌رتی كاره‌با له ‌عیراق

داڕمانی كه‌رتی كاره‌با له ‌عیراق

داڕمانی كه‌رتی كاره‌با له ‌پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق، لەم ماوەیە‌ی‌ دواییدا، بۆتە باسی گه‌رمی میدیاکانی عیراق و به‌شێك له میدیاکانی وڵاتانی عه‌ره‌بی. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، هۆكاری قه‌یرانی ئه‌مجاره‌ی كاره‌با له ‌عیراق نوێیە یان كه‌ڵه‌كه‌بووی ساڵانی رابردووه‌؟ ئه‌و قه‌یران و داڕمانه‌ به‌هۆی‌ گه‌نده‌ڵییەوەیە له‌و كه‌رته‌دا یاخود كاری تیرۆریستی و تێكده‌رانه‌ یان هۆكاری تری هەیە؟ بۆچی وا به‌خێرایی و به‌زه‌قی له‌م هاوینه‌ گه‌رم و تاقه‌ت پڕۆكێنه‌ی‌ عیراقدا سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌ و زۆربه‌ی‌ ساته‌كانی شه‌و و رۆژی له‌و ناوچانه‌ بێ كاره‌با كرد.

عیراقی دوای رووخانی به‌عس، کە تێیدا زۆرێك له ‌جومگه‌ سەرەکیی و ژیانییەکانی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت به‌ده‌ست نوێنەران و وەزیرانی پێکهاتەیەکی دیاریکراوەوەیە و به‌هۆی‌ بوونی گه‌نده‌ڵییه‌كی‌ زۆر و ململانێ نێوان لایه‌ن و هێزه‌ جیاوازه‌كانیشەوە، له‌پاڵ به‌رده‌وامیی كردەوە تیرۆریستییەکان، ئه‌وا خزمه‌تگوزاریی له‌ كه‌رته‌ جیاوازه‌كاندا یان هه‌ر نییه‌، یاخود شكستخواردووه‌، یه‌ك له‌و كه‌رتانه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌ی‌ بۆی‌ ته‌رخان كراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانەوە له ‌18 ساڵی رابردوودا کارەبایە، كه‌ بەگوێرەی داتا رەسمییەکانی عیراق، تائێستا 62 ملیار دۆلار لەسەر بودجەی عیراق کەوتووە، كه ‌هێنده‌ی‌ بودجه‌ی‌ چوار ساڵی ئو‌رد‌ن ده‌بێت و به‌شی بنیاتنانی باشترین تۆڕی كاره‌با ده‌كات، به‌ڵام هه‌ر شكستخواردووه‌ و حكومه‌ت نه‌یتوانیووه‌ كاره‌با به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌عقول به ‌هاووڵاتی بگه‌یه‌نێت، كه‌ ساڵانه‌ رووبه‌رووی كه‌می دابینكردنی كاره‌با ده‌بێته‌وه‌ له ‌ناوچه‌ جیاجیاكانی عیراق و به‌تایبه‌تیش له وەرزی ‌هاویندا، كه‌ ئه‌وه‌ش بۆ‌ته‌ هۆی‌ ناڕه‌زایه‌تی و تووڕه‌ییه‌كی‌ زۆری خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌.

بڕانی ته‌زووی كاره‌بای ئه‌مجاره‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ زۆری پله‌كانی گه‌رما، كه‌ له ‌هه‌ندێک ناوچه‌ی عیراقدا 48 پله‌ی‌ تێپه‌ڕاندووه‌، بڕانه‌كه‌ش به ‌جۆرێكه‌ هه‌موو تۆڕی نیشتمانی دابه‌شكردنی كاره‌بای گرتۆته‌وه‌ له ‌پارێزگاكانی عیراق جگه‌ له ‌هه‌رێمی كوردستان، كه‌ تاڕادەیەک كاره‌با لە هەرێم باشتره‌ به‌به‌راورد به‌و ناوچانه‌.

به‌پێی وته‌ی‌ هاووڵاتیانی به‌غدا، له ‌چه‌ند رۆژی رابردوودا و به‌تایبه‌ت ‌شه‌وان، تاریكییه‌كی‌ ته‌واو به‌شه‌ جیاجیاكانی شاره‌كه‌ی‌ گرتۆته‌وه‌، له ‌پارێزگاكانی تری وه‌ك دیاله‌ و ئه‌نبار و دیوانییه‌ و به‌سره‌ و زیقار و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لاش بڕانی ته‌زووی كاره‌با به‌هه‌مان شێوه‌ بووه‌.

به‌رپرسانی كه‌رتی كاره‌با، چه‌ندین هۆكار بۆ بڕانی كاره‌بای ئه‌مجاره‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو وه‌ك كه‌می دابینكردنی گاز و هه‌روه‌ها به‌ئامانج گرتنی تاوه‌ره‌كانی كاره‌با له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك، كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن به‌كاری تیرۆریستی و هه‌ندێكیش به‌كاری به‌شێك له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی ده‌زانن، كه‌ مه‌به‌ستیان لێدان و لاوازكردنی حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌، كه‌ خودی خۆی‌ له ‌ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوو ئاشكرایكرد کە تاوه‌ره‌كانی كاره‌با به ‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام و به‌مه‌به‌ست دەکرێنە ‌ئامانج له ‌هه‌ندێك پارێزگا و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دابینكردنی كاره‌با بۆ هاووڵاتیانی هه‌ندێک ناوچه‌ هه‌بووه‌.

كازمی كه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ وه‌زیری كاره‌بای قبوڵكرد، به‌هۆی‌ بارودۆخی ئێستای كاره‌باوە له ‌عیراق، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی پێكهێنا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی چه‌ند رۆژی رابردوو بۆ گه‌یشتن به ‌هۆكاری بڕانی ته‌زووی كاره‌با، هه‌روه‌ها بۆ زانینی لایه‌نی پشت به ‌ئامانجگرتنی هێڵ و تاوه‌ره‌كانی كاره‌با، له ‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشیدا سه‌باره‌ت به ‌قه‌یرانه‌كه‌ وتی: «ده‌مانه‌وێت بزانین ئایا له‌به‌رده‌م كاری تێكده‌رانه‌ی‌ سیاسی یان تیرۆریستیداین»، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات، كازمی گومانی زۆری هه‌یه‌ لایه‌نی سیاسی هه‌بن هه‌وڵ بۆ رووخاندنی کابینەکەی بده‌ن.

ده‌مێنێته‌وه‌ بڵێین لێدان و به‌ئامانجگرتنی هیڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی‌ كاره‌با و تاوه‌ره‌كان له ‌به‌شێك له ‌ناوچه‌كانی عیراق به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوبووه‌، كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با دروستكردووه‌ و كه‌رتی كاره‌بای له‌داڕمان نزیك كردۆته‌وه‌، هۆكاری سه‌ره‌كیش بۆ قه‌یرانه‌كه‌ زیاتر په‌یوه‌ندیی به‌ گه‌نده‌ڵیی ناو داموده‌زگاكانی حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌، ئینجا كاری تیرۆریستی و كاری تێكده‌رانه‌!

 243 جار بینراوە