سەرەکی » ئەدەب و هونەر » بەسەرهاتی کتێبێک کە حیکایەت نییە

بەسەرهاتی کتێبێک کە حیکایەت نییە

دلاوەر قەرەداغی

« لە نیگارەکانی کتێبەکە دەنۆڕم کە تا رادەیەک کتێبێکە بێ وشە و پیت، جگە لەو وشە کەمانە نەبێ کە نیگارکێشەکەی ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر نووسیویەتی. من پیت و دێڕەکان بۆ ئەم کتێبە دەنووسم. لەبەر ئەوە لەگەڵ خۆمدا سێودووی ئەوە دەکەم ئاخۆ دەبێ چیتان بۆ بنووسم.

خۆی نەریت وایە حیکایەت بۆ منداڵان دەگێڕدرێتەوە. حیکایەت بە گوزارەی ‹هەبوو نەبوو› دەست پێ دەکا. راستییەکەی ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو شتانەی دەگێڕدرێنەوە؛ روویان نەداوە، بەڵکو دروست کراون.»
بەم وشانە ئیڤان کلیما، رۆماننووس و شانۆنامەنووسی چیکۆسلۆڤاکی، دەست بە نووسینەوەی بەسەرهاتێک دەکا کە حیکایەت نییە، بەڵکو راستییە و سیوپێنج ساڵ پێشتر لەمیانەی زەمەنی داگیرکاریی نازییەکاندا، لە یەکێ لە ئۆردوگاکانی دەستبەسەردا گرتن لە چیکۆسلۆڤاکیا رووی داوە؛ کە کلیما خۆیشی لەو کاتەدا لە تەمەنی هەرزەکارییدا لەگەڵ باوک و دایک و براکانیدا لە دەستبەسەرداگیراوانی ئۆردوگاکە بوون.
کتێبی «ئەمە حیکایەت نییە…»

بەسەرهاتێکی دڵتەزێن
کورتەی ئەو بەسەرهاتە دڵتەزێنەی کە حیکایەت نییە، بەم جۆرەیە:
لە مانگی کانوونی دووەم ساڵی 1944 دا، شێوەکاری گەنجی چیکۆسلۆڤاکی «بێجی فریتا» کە ماوەی سێ ساڵ بوو لەگەڵ «هانسی» هاوسەری و کوڕە تەمەن سێ ساڵانەکەیاندا بە ناوی «تۆمیی» لە ئۆردوگای دەستبەسەراگرتنی دەرەزینشاد ـ ی نازییەکاندا لە چیکۆسلۆڤاکیا، لە ژیانێکی ئەوپەڕی پڕ لەترس و تۆقیندا دەژیان، کتێبێک لە نیگارەکانی خۆی بە بۆنەی یادی سێ ساڵەی لەدایک بوونی کوڕەکەیانەوە، بۆ دەکاتە دیاری.

بێجی ـ ی باوک ناچار دەبێ لەو»ئۆردوگا نموونەییە»ی نازییەکاندا و بەگوێرەی خواست و داواکاری ئەوان، وەک هونەرمەندی شێوەکار ئیش بکا. بەرۆژ خۆی و هاوکارە شێوەکارەکانی تری، وێنە و نیگار بەخواستی نازییەکان دەکێشن. بەڵام لە کاتی پشوودان و حەوانەوەدا، بێجی لەگەڵ «لیۆ هاس» ی هونەرمەندی شێوەکاری هاوڕێیدا، بە دزییەوە نیگاری تر دەکێشن. ئەم نیگارانەی تر پەردە لە رووی مەترسی و هەڕەشەی نازییەکان لەبەردەم ئایندەدا هەڵدەماڵن. ئەو وێنە و نیگارە نهێنییانە بۆ ئەوان هێندە مەترسیداربوو، وەک ئەوە وابوو شان لە شانی مردن هەڵبسوون.

نیگارەکانی کتێبەکە
نیگارەکانی ئەو کتێبی دیارییەی باوک بۆ یادی لەدایک بوونی کوڕە سێ ساڵانەکەی کە وەکوتر هەر لەو ئۆردوگایەدا لەدایک ببوو، هەموو ئەو شتانەی لەخۆ دەگرت کە ئەو منداڵە لە ئۆردوگاکەدا نەیبوون، یان بە چاوی خۆی نەیبینی بوون: ئاژەڵ، یاری منداڵان، شوێنی بێگانە، خواردن و نقووڵ. تۆمیی منداڵ لەمیانەی ئەو کتێبەوە هەموو ئەو شتانەی وەردەگرت کە دەکرا خەونیان پێوە ببینێ.

دەسبەجێ دوای بۆنەی یادی لەدایک بوونەکە، جەللادەکان ئەو نیگارانە بەرهەڵدا دەکەن کە بە نهێنیی کێشراون. سزاکە ئەوە دەبێ کە خێزانەکە لەبەریەک هەڵدەوەشێنن و بێجی فریتا، لیۆ هاس (کە لە ژیاندا دەمێنێ و دوای جەنگ تۆمیی، منداڵی هاوڕێکەی هەڵدەگرێتەوە) و ژمارەیەک نیگارکێشی تر بۆ ئۆردوگای قڕ کردن دیپۆرتدەکرێن. باوکی تۆمیی مانگێک دوای یادی لەدایک بوونەکە، لە ئاوشیوتز دەمرێ.
تۆمی منداڵ لەگەڵ هانسی دایکیدا وەک سزا لە کونجی زیندان دەئاخنرێن، دایکی لەوێ زەردوویی دەگرێ و ئیدی بەیانییەکیان لەپاڵ کوڕەکەیدا دەمرێ.

تۆمی چوار ساڵان لە ژینگەیەکی تەنراو بە شەڕانگێزییدا بە تەنیا دەمێنێتەوە. کتێبەکە تاقە شتێکە کە باوک و دایکی لە دوای خۆیان جێیان هێشتووە. سیوپێنج ساڵ دواتر تۆمیی دیارییە هەرە ئازیزەکەی خۆی لە ئەڵمانیای خۆرئاوا دەدۆزێتەوە.

دایک چیڕۆک بۆ کوڕەکەی دەگێڕێتەوە
دایکی تۆمییش وەک هەر دایکێکی تر، بە جیاوازی ئەو ژینگەی ترس و کابووسەوە کە تیایدا دەژین، چیڕۆک بۆ جگەرگۆشەکەی دەگێڕێتەوە. تا خەڵکانێک هەبن چیرۆک بۆ یەکتر بگێڕنەوە، ئەوا دەتوانن ئەو شتانە بدۆزنەوە کە لێیان شاردراونەتەوە و هەرگیز نابنە ژمارە. هەربۆیە دایک چیڕۆک لەسەرئەو نیگارانەی کە باوک کێشاونی، بۆ کوڕەکەی دەگێڕێتەوە. چیرۆک لەبارەی دنیای ئەودیو شوورەکانی ئۆردوگاکە، چیرۆک لەبارەی خۆر و مانگ و ئاوێنەوە. دایک سەبارەت بە خۆر دەگێڕێتەوە: خۆر رووناکی و گەرمیی دەبەخشێ، هاوینان گەرما زیاتر دەبەخشێ وەک لە زستانان.

ـ بۆچی هاوینان گەرمترە؟ کوڕەکە دەپرسێ.

ـ هاوینان زەوی لە خۆرەوە نزیکترە، رۆژەکان درێژتر و گەرمتر دەبن.

ـ ئەدی مرۆڤ ناتوانێ زستانان خۆر بۆ نزیکتر لە زەوی رابکێشێ تا زستانیش گەرم بێت؟

ـ مرۆڤ ناتوانێ خۆر بۆ لای خۆی رابکێشێ، خۆر تا بڵێیت گەورە و قورسە، جگە لەوەش هیش شتێک نییە کە مرۆڤ خۆی پێ بگەیەنێتە خۆر.

ـ بە چنگاڵێکی ئاگرین مرۆڤ دەتوانێ بگاتە خۆر…

ـ نا، نابێ. خۆر زۆر زۆر دوورە .

ـ بەڵام بە درێژترین چنگاڵی ئاگرینی دونیا دەتوانێ …

ـ تۆ دەبێ تێبگەیت کە خۆر زۆر زۆر دوورە. خۆ ئەگەر چنگاڵی ئاگرینی وا درێژیش هەبێت بگاتە خۆر. ئەوا بەر لەوەی بگات دەتوێتەوە و دەسووتێ

ـ چنگاڵی ئاگرین ناسووتێ.

ـ هەموو شتێک بە خۆر دەسووتێ، تەنانەت چنگاڵی ئاگرینیش.

ـ سۆپاش؟

ـ بەڵێ سۆپاش .

ـ دووکەڵکێشیش؟

ـ بەڵێ دووکەڵکێشیش، وەک هەر شتێکی تر.

ـ کەواتە ئەگەر دووکەڵکێشیش بسووتێنێ ئەوا مرۆڤ ناتوانێ ئاگر لە خۆردا بکاتەوە!

ـ کەس ناتوانێ ئاگر لە خۆردا بکاتەوە. هیچ مرۆڤ و ئاژەڵێک لەسەر خۆر نییە.

ـ ئەگەر مرۆڤ لەسەر خۆر هەبوایە ئەویش دەسووتا؟

ـ بەڵێ، ئەویش دەسووتا.

ـ باڵندەیش؟

ـ بەڵێ باڵندەیش.

ـ بەڵام باڵندە ئەگەرچی باڵیشیان هەیە، قەت بۆ خۆر نافڕن؟

ـ با، جاروبار روودەدا باڵندەیەک بە خەیاڵیدا دێ کە دەتوانێ ئەوە بکا، باڵندەکانی تر ئامۆژگاری دەکەن شتی وا نەکا. چونکە ئەمانیش رۆژێک لە رۆژان ئەوەیان تاقی کردۆتەوە و دەزانن چەند مەحاڵە. بەڵام باڵندەکە

پێچەقێنیی دەکا و بە قسەیان ناکا.

ئیڤان کلیما
ئیڤان کلیما، نووسەری تێکستەکە؛ هاونەوەی میلان کۆندێرا و ڤاسلاڤ هاڤێل و بوهومیل هرابال و کارێل چاپیێک و… ئەوانی ترە لە چیکۆسلۆڤاکیا. ساڵی 1931 لە پراگ لەدایکبووە. لە نۆڤەمبەری ساڵی 1941 لە لایەن نازییەکانەوە باوکی و پاشان لە دیسەمبەردا خۆی و دایکی و براکانی رەوانەی ئۆردوگای دەستبەسەرداگرتن دەکرێن، بەڵام بە زیندوویی دەمێنن. ساڵی 2002 خەڵاتی کافکا وەردەگرێ. لە رۆمانەکانی کلیما: «عیشق و زبڵ»، « نە قەدیس و نە فریشتە»، «وڵاتە شێتەکەم»، «هاوینێکی خۆشەویستی»، «پراگـ ـ ی خۆشەویستم»، «وەزیر و فریشتە»، «لە چاوەڕوانی تاریکی… لە چاوەڕوانی رووناکی»، «بەیانییە شادمانەکانم» و «یەکەم خۆشەویستییەکانم»..

سەرچاوە:
www.jmberlin.de/en/exhibition-bedrich

 102 جار بینراوە