سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » كورد و ئەمریكا لە ئەفغانستانەوە بۆ عیراق

رای ئازاد

كورد و ئەمریكا لە ئەفغانستانەوە بۆ عیراق

ئەمریكا لە ئەفغانستان كشایەوە و ئەو وڵاتەی بۆ تالیبان بەجێ هێشت، ئەم رووداوە هەروا شتێكی ئاسایی و لە خۆڕا نییە، ئەم پرسە پێش هەر بابەتێكی دیكە پرسیاری ئەوە دێنێتە گۆڕێ ئایا ئەمریكا پرۆژەی كشانەوەی تەنها لە ئەفغانستان هەیە یان لە عیراق و سوریا «خۆرئاوای كوردستان»یش دەكشێتەوە؟

ئەگەر ئەمریكا ئەم ویستەی بۆ كشانەوە لە خۆرئاوای كوردستان و عیراقیش هەبێت، ئەوا رەنگە ناوچەكە لە ئایندەیەكی نزیكدا و لە غیابی ئەمریكادا ببێتە گەورەترین مەیدانی پێكدادانەكان و دەركەوتنی گروپە تیرۆریستی و رادیكاڵەكان، كشانەوەی ئەمریكا جگە لەوەی شكستێكی ئەمریكایە كە نەیتوانیوە سیستمی سیاسی وڵاتان بگۆڕێت، هاوكات جێهێشتنی خۆرئاوای كوردستان و عیراقە بۆ دوو وڵاتی نەیاریش كە لە خۆرئاوای كوردستان روسیایە و لە عیراقیش ئیرانە.

لە ئەگەری جێبەجێكردنی ئەم نەخشەیە، دەبێت كورد لەهەردوو بەشی باشووری كوردستان و خۆرئاوای كوردستانیشدا لە ئێستاوە خۆیان بۆ قۆناغێكی لەم شێوەیە ئامادە بكەن و هەموو رێگە دپلۆماسی و سەربازی و سیاسی و ئەمنییەكانیان بە جیهانی دەرەوە بەهێزتر بكەن.

لە راستیدا كاتێك دۆناڵد ترەمپ لەمانگی نۆی ساڵی 2019 بڕیاریدا هێزەكانی لە خۆرئاوای كوردستان بكشێنێتەوە، ئەو كات «ساڵح موسلیم» رایگەیاند: ئەوان داوایان لە ئەمریكا نەكردووە بێنە خۆرئاوای كوردستان و بیانپارێزن تاكو بە ڕۆشتنیان بڕوخێن، ئەم بۆچوونە نیشانەی ئامادەكاری و دڵنیایی پەیەدە و خۆسەری خۆرئاوا بوو بۆ هەر ئەگەرێك كە ئەمریكا لە خۆرئاوای كوردستان بكشێتەوە و ئەو وڵاتە جێبهێڵێت و كوردەكان بخاتە بەردەم جەنگێكی تاقەت پروكێن لەگەڵ تیرۆریستان و رژێمی سوریا و توركیاشدا.

لە هەرێمی كوردستان نەك پرۆژەیەك نییە بۆ دڵنیایی كورد لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا لە عیراق، بەڵكو لە هەولێرەوە دەنگێك هەیە داوا لە ئەمریكا دەكات فڕۆكەخانەكان چۆڵ بكەن چونكە پێیانوایە ئەمریكا هۆكاری هێرشەكانی سەر هەولێر و فرۆكەخانەی هەولێرە، بۆیە وێناكە وەها دێتەوە زیهنمان كە كوردەكان لە عیراق زەرەرمەند دەبن ئەگەر لەگەڵ هەر پرۆژەیەكی هێزە سیاسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بن بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق.

لە ماوەكانی رابردوودا «جینین بلاسخارت» نێردەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق، لە هەرێمی كوردستانەوە پەیامی ئەوەی بەسەركردایەتی كورد دا كە «واتێنەگەن ئەم ئۆتۆنۆمییە وەك خۆی بە دڵنیایی دەمێنێتەوە»، ئەم قسەیەی بلاسخارت ئەگەر تەنها زەنگێكی هوشیاركردنەوە بێت، ئەوا هیچ دوور نییە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق مەترسییەكانی سەر ئەم هەرێمە زیاد بكات و پێشیان بخات، كوردیش چەندە بە جددی ئەم هەڕەشەیەی وەرگرتبێت هێشتا كەمە.

باشترین كارێك سەركردایەتی كورد لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدەن ئەوەیە، یەكڕیز و یەك دەنگ بن و پرۆژەی خۆیان هەبێت بۆ عیراقی دوای ئەمریكا، دەبێت كوردەكان لە ئێستاوە هەنگاوی ئەوە بۆ زەمەنێك بهاوێژن كە ئەمریكا عیراق بەجێ دەهێڵێت.

لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، ئێستا مەترسی ئەوە لەئارادایە كە ئەمریكا لە عیراقیش بكشێتەوە و وڵات بكەوێتە دەست هەندێك هێز و میلیشیای بێ ناسنامە و دەرفەت بڕەخسێنێت هەندێك گروپی تیرۆریستی نوێ لە عیراق دەربكەوێت، بۆیە مادام ئەگەرەكان كراوەن، پێویستە كورد هوشیارانە و لێزانانە لەم یارییەدا بجوڵێتەوە و كەشكۆڵی خۆی كۆبكاتەوە بۆ ئەوكاتەی ئەمریكا عیراق بە جێدەهێڵێت.

 190 جار بینراوە