سەرەکی » ئەدەب و هونەر » له‌ دڵی فه‌ره‌نساوه‌ برینه‌كانی لوبنان ده‌ژنێ

برایم مه‌علوف

له‌ دڵی فه‌ره‌نساوه‌ برینه‌كانی لوبنان ده‌ژنێ

ره‌وه‌ز جه‌بار

بنه‌ماڵه‌ی مه‌علوف له‌و بنه‌ماڵه‌ رۆشنبیرانه‌ن كه‌ خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ناوی دره‌وشاوه‌ن له‌ جیهانی رۆشنبیریی لوبنانیدا. خزمه‌تی زۆریان به‌ رۆشنبیری لوبنانی كردووه‌. له‌وانه‌ نه‌سیم مه‌علوف باوكی برایم مه‌علوفی موزیكژه‌ن، ره‌شید مه‌علوف رۆژنامه‌نووس و شاعیر و ره‌خنه‌گر باوكی رۆماننووس ئه‌مین مه‌علوف. ئه‌م بنه‌ماڵه‌ لوبنانییه‌ خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك رۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندن. یه‌ك له‌وانه‌ برایم مه‌علوفه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ به‌ره‌چه‌ڵه‌ك لوبنانییه‌ی له‌ فه‌ڕه‌نسادا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی داهێنه‌ر ناوی ده‌ركردووه‌.

برایم مه‌علوف موزیكژه‌نی فه‌ڕه‌نسی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك مه‌سیحی لوبنان. كوڕی موزیكژه‌نی ناودار نه‌سیم مه‌علوفه‌. دایكی نه‌دا مه‌علوف پیانۆژه‌ن بووه‌. له‌ بنه‌ماڵه‌ی مه‌علوفه‌ و خزمی نووسه‌ری ناوداری لوبنانی ئه‌مین مه‌علوفه‌. له‌ ساڵی 1980 له‌ به‌یروت له‌ دایكبووه‌. بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌و خێزانه‌ رۆشنبیره‌كانی لوبنانن. خاوه‌نی گه‌لێك نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی ناودارن. برایمی گه‌نجیش، موزیكژه‌نێكی داهێنه‌ره‌. یه‌كێكه‌ له‌ موزیكژه‌نه‌ ناوداره‌كانی مۆسیقای فه‌ره‌نسی، كه‌ ئامێری بوق» ترومپیت – Trompette» ده‌ژه‌نێ. چه‌ند ئه‌لبوومێكی پێشكه‌شی گوێگرانی موزیك كردووه‌. برایم له‌ ساڵی 2019 دا ژیانی خێزانی له‌گه‌ڵ ژنێكی هونه‌رمه‌ندی ناسراوی لوبنانیدا دروستده‌كات كه‌ ئه‌ویش هبه‌ توجیه‌ گۆرانیبێژ و ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ری ناوداری لوبنانییه‌. به‌رهه‌می ئه‌و ژن و مێردایه‌تییه‌ كوڕێكه‌ به‌ ناوی نائل. ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ئێستا له‌ پاریس ده‌ژی و له‌و ماوه‌یه‌ی له‌ دنیای موزیكدایه‌ چه‌ند به‌رهه‌مێكی پێشكه‌شی دنیای مۆسیقا كردووه‌. له‌ ساڵی 1997ه‌وه‌ چالاكانه‌ له‌ بواری موزیكدا كار ده‌كات و چه‌ند ئه‌لبوومێكی پێشكه‌شی گوێگران و هه‌وادارانی كردووه‌. له‌ پای به‌رهه‌مه‌كانی چه‌ند خه‌ڵاتێكی وه‌رگرتووه‌، له‌وانه‌ خه‌ڵاتی سیزاری پێبه‌خشراوه‌. له‌ ساڵی 2001 خه‌ڵاتی پێشبڕكێی بوقی نیشتمانی « واشنتۆن دی سی « بردووه‌ته‌وه‌. ساڵی 2003 خه‌ڵاتی پێشبڕكێی مۆریسی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ندرییه‌ له‌ پاریس بردووه‌.

له‌ ئه‌لبوومه‌كانی ره‌شه‌با، به‌رهه‌می ساڵی 2012. وه‌هم به‌رهه‌می ساڵی 2013. كه‌لسوم و تیشكی سوور و ره‌ش ساڵی 2015. چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌. ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ئه‌گه‌رچی له‌ پاریس ده‌ژی، به‌ڵام له‌ به‌رهه‌مه‌كانیدا تۆنی موزیكی ته‌قلیدی عه‌ره‌بی ده‌بیسترێ. هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانایه‌ و له‌سه‌ر ئاستی جیهان ناسراوه‌ و به‌و هه‌شت ئه‌لبوومه‌ی پێشكه‌شی گوێگران و هه‌وادارانی موزیكی كردووه‌ پێگه‌یه‌كی باشی بۆ خۆی گرتووه‌ له‌ جیهانی موزیكدا. له‌ پاڵ ئه‌و كارانه‌ی پێشكه‌شی كردووه‌ مۆسیقای چه‌ند فیلمێكی داناوه‌.

ئه‌م موزیكژه‌نه‌ ناوداره‌ مناڵی خێزانێكی هونه‌رمه‌نده‌، به‌ڵام شه‌ڕی ناوخۆی لوبنان كه‌ چه‌ندین نه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی وێران و سه‌رگه‌ردان كردووه‌، چاره‌نووسی برایمیشی به‌ پاریس گه‌یاندووه‌. بنه‌ماڵه‌ی مه‌علوف له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆی لوبنانیدا وڵاته‌كه‌یان به‌جێده‌هێڵن و ده‌چنه‌ پاریس. برایم مه‌علوف و له‌یلای خوشكی له‌وێ گه‌وره‌ ده‌بن. برایم ده‌ست له‌ پاریس ده‌ست به‌ خوێندن ده‌كات و له‌ ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵییه‌وه‌ ده‌چێته‌ دنیای موزیكه‌وه‌ و ده‌ست به‌ راهێنان ده‌كات له‌ سه‌ر ئامێری بوق. له‌گه‌ڵ ورگرتنی هونه‌ری موزیكی كلاسیك و بارۆك و موزیكی هاوچه‌رخدا كاریگه‌ری موزیكی كلاسیكی عه‌ره‌بیشی له‌سه‌ر بووه‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌و له‌ فه‌ره‌نسا ژیاوه‌ به‌ڵام كاریگه‌ری هونه‌ری وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ربووه‌ و موزیكی عه‌ره‌بی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌. زایه‌ڵه‌ی شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا و موشه‌كه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆی لوبنانی له‌ ئاوازه‌كانیدا ده‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌. ئه‌و له‌ دڵی فه‌ره‌نساوه‌ برینه‌كانی لوبنان ده‌ژنێ. خه‌مه‌كانی وڵاته‌ جوان و بێ نازه‌كه‌ی ده‌كات به‌ موزیك و پێشكه‌شی گوێگره‌كانی ده‌كات. به‌ڵام به‌ ستایلێكی به‌رزی هونه‌ریی و تازه‌.

 85 جار بینراوە