سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » روسیا هۆشداری دەداتەوە بە تالیبان

روسیا هۆشداری دەداتەوە بە تالیبان

لە ماوەی هەفتەیەكدا، روسیا بۆ جاری دووەم هۆشداری توند دەداتەوە بە بزوتنەوەی تالیبان لە ئەگەری زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی، بە تایبەتی دوای ئەوەی تالیبان چەند ناوچەیەكی سنووری نێوان ئەفغانستان ‌و چەند كۆمارێكی سەر بە یەكێتیی سۆڤێتی جارانی كۆنترۆڵكردووە.

باجەكەی قورس دەبێت
زامیر كابۆلۆڤ نێردراوی سەرۆكی روسیا بۆ ئەفغانستان رایگەیاند: هەر هەوڵێك لەلایەن تالیبانەوە بۆ زیانگەیاندن بە دۆخی ئەمنیی وڵاتە هاوپەیمانەكانیان لە ئاسیای ناوەڕاست، باجەكەی قورس دەبێت.

روونیشیكردەوە: بزوتنەوەی تالیبان گەرەنتی بە مۆسكۆ داوە كە ئەفغانستان نەكاتە بنكەیەك بۆ پەلاماردانی وڵاتانی دیكە، ئەو گەرەنتییەشیان لە باڵاترین سەركردەكانی ئەو بزوتنەوەیە لە دەوحە وەرگرتووە، هەروەها بەرپرسانی بزوتنەوەكە بەڵێنیانداوە كە ئەفغانستان وەك بنكەیەك لە دژی بەرژەوەندیی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە بەكارناهێنن.

نێردراوی سەرۆكی روسیا بۆ ئەفغانستان پێشبینی ئەوەش كرد، كە تالیبان ناوچەی زیاتر لە ئەفغانستان كۆنترۆڵ بكات ‌و شەڕ ‌و پێكدادان تا دوو مانگی دیكە بەردەوام دەبێت.

بەڵێن لە بەرامبەر داواكاری
چەند رۆژێكیش لەمەوبەر، تالیبان كۆنترۆڵكردنی 85 %ی خاكی ئەفغانستانی راگەیاند، هەمان كات روسیا هۆشداری دایە بزوتنەوەكە لە تێپەڕاندنی سنووری ئەفغانستان ‌و جەختیكردەوە لەوە كە بەرپەرچی توندی هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر ناوچە سنوورییەكان دەداتەوە.

لە بەرامبەر بەڵێنەكەی تالیبان بۆ پەلامارنەدانی وڵاتانی هاوپەیمان یان هاوسنوور لەگەڵ روسیا، بزوتنەوەی تالیبان داوای لە دەسەڵاتدارانی روسیا كردووە، تالیبان لە لیستی سزاكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربهێنرێت.

نیگەرانییەكانی روسیا
نیگەرانییەكانی مۆسكۆ دوای ئەوە دێت، كە سەرەتای ئەم مانگە، تالیبان كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەكی سنووری نێوان ئەفغانستان لەگەڵ پێنج وڵاتی دراوسێدا راگەیاند، ئەوانیش ئێران ‌و تاجیكستان ‌و توركمانستان ‌و چین ‌و پاكستان بوون.

ئەفغانستان سنووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ هەریەك لە توركمانستان ‌و ئۆزبەكستان ‌و تاجیكستان (وڵاتانی سەر بە یەكێتیی سۆڤێتی جاران) لە باكوور، پاكستان لە باشوور، ئێران لە خۆرئاوا ‌و چین لە خۆرهەڵات.

بەبۆچوونی چاودێرانی سیاسی: دوای دوو دەیە ‌و لە پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، دەركەوت بزوتنەوەی تالیبان زۆرێك لە خاكی ئەو وڵاتەی لە ژێر دەسەڵاتدایە، ئەمەش بۆتە هۆكارێكی گرنگ بۆ نیگەرانییەكانی روسیا، چونكە تێكچوونی دۆخی ئەمنیی ئەفغانستان، بە قاچاخبردنی چەك ‌و تەقەمەنی بۆ وڵاتانی ناو (رێكخراوی ئاسایشی كۆمەڵ) دەگەیەنێت، كە هاوپەیمانییەكە لە نێوان روسیا ‌و ژمارەیەك لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست ‌و خۆرهەڵاتی ئەوروپا پێكهاتووە، هەروەها ئەگەری زۆری بە قاچاخبردنی مادەی هۆشبەر ‌و دزەكردنی تیرۆریستان بۆ وڵاتانی یەكێتیی سۆڤێتی جاران لەئارادایە ‌و بەلای روسیا، هەموو ئەمانە دەبنە هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی.

هەنگاوەكانی روسیا
ئاماژە بەوەش دەدەن: روسیا لەم دۆسێیەدا بە چەند ئاراستەیەك هەنگاو دەنێت، لەوانە، زیادكردنی ئامادەیی سەربازی روسیا لە نزیك سنووری ئەفغانستان، زیادكردنی هاوئاهەنگیی سەربازی لەگەڵ تاجیكستان لە چوارچێوەی رێكخراوی ئاسایشی كۆمەڵ، هەروەها زیادكردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ چین، كە بەرەوڕووی هەمان مەترسی دەبێتەوە، چونكە ئەویش یەكێكە لەو وڵاتانەی لەگەڵ ئەفغانستان سنووری هاوبەشی هەیە.

هۆشدارییەكانی روسیا بۆ تالیبان لە كاتێكدایە، كە بزوتنەوەكە لەگەڵ حكومەتی كابول لە دەوحەی پایتەختی قەتەر كۆبوونەتەوە ‌و وتوێژی ئاشتیی ئەفغانستانیان دەستپێكردووە ‌و سەرچاوەیەكی لە وەفدی ئەفغانستان رایگەیاندووە، كە وتوێژەكانی ئاشتی بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە و ئەوەی ئێستا پێویستە، رێكەوتنە بۆ راگرتنی هێرش ‌و پەلامارە سەربازییەكان.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 149 جار بینراوە