سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » ئەم هەموو سووتان و تێكدانە لە پای چی ؟

دەر و دراوسێ

ئەم هەموو سووتان و تێكدانە لە پای چی ؟

زۆرێكمان لە بیرمانە ساڵی پار بەروبوومی دەغڵودانی جوتیارانی زۆربەی ناوچەكانی عیراق و سوریا ئاگریان تێ بەردرا و بوونە خۆراكی ئاگر، بۆ خۆشم دوای ئەوەی دەغڵودانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەشێكیان سووتێنرا، ئەوكات بەدوداچوونم بۆ كردوو وتارێكم لەسەر نووسی، ئەوەشم بۆ روون بۆوە ئەم ئاگرە هەر تایبەت بەو ناوچانە نییە و تاوانەكە فرە گەورەتر و قێزەونترە و پلان بۆ داڕێژراوبووە، بەشێكی زۆری ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقیشی گرتبۆوە، جگە لە سوریا بە خۆرئاوای كوردستانیشەوە .

سووتانەكانی ئەمساڵیش هەمان تاوان و كرداری قێزەوەنە بەڵام لە شوێن و كاتی ترو بە جۆرێكی جیاوازتر، سووتانی نەخۆشخانەكانی (ئین خەتیب لە بەغدا و ئیمام حوسێن لە ناسریە)، جگە لە زۆر كۆگاو بازاڕ لەهەولێری پایتەختی هەرێم و شوێنەكانی تریش، شەپۆلێكی تری تێكدان وێرانكردنی ژێرخانی ئابووری عیراقە و دەبێت خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بكرێت .

راستە رووداوی ئاگركەوتنەوە دەچێتە خانەی نەخوازراوە و لە زۆر شوێنی ئەم جیهانە رودەدات و قوربانی و زیانی لێدەكەوێتەوە، بەڵام ئاگركەوتنەوە بەم فراوانییەی ئێستا ناكرێت بە سروشتی وەربگێرێت و مایەی سەرسووڕمانە، پێویستە هەڵوەستەی لە سەر هەبێت ئیتر چ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بێت و پەرلەمانی كوردستان، یان دامودەزگاكانی حكومەتی مەركەزی و هەروەها هەرێم، دەبێت كەناڵەكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسانیش راپۆرتی بنكۆڵكاری لەسەربكەن .

دەكرێت بپرسین، ئایا دۆخی لاوازی دامودەزگاكانی دەوڵەتی عیراقە وایكردووە سنوورەكانی ئاوەڵابن بۆ دەستوەردانی وڵاتانی دەر و دراوسێی و دەزگا هەواڵگرییەكانیان كار لەسەر تێكدانی ئارامی و ئاسایشی ستراتیژی عیراق بكەن و بەر لە بونیاتنانی ژێرخانی پێویست بگرن لە عیراقدا بە هەرێمی كوردستانیشەوە بۆ ئەوەی هەمیشە ئەم وڵاتە ببێتە بازاڕی ساغكردنەوەی كاڵا و شتوومەكانی خۆیان ؟

ئەوەی دەزانرێت كار بە سووتان و ئاگر تێبەردانەوە نەوەستاوە، لە چەند هەفتەی رابردودا هەموومان بینەر و بیسەری هەواڵی رووخاندن و تەقاندنەوەی بورجەكانی گواستنەوەی تەزووی كارەبا بووین لە عیراقدا و لە بەشێك لە پارێزگاكان و تا ئێستاش ئەو كارە تێكدەرانەیە بەردەوامی هەیە، حكومەتی بەغداش دەستەوەستانە لە ئاستیدا .

ئەوەی لە عیراقی نوێدا مایەی نیگەرانیە بەستنەوەی خزمەتگوزارییە پێویست و سەرەتاییەكانە بە سیاسەت و ململانێی نێوان هێزەكانی سەر گۆرەپانی سیاسی، بە تایبەتی لە كاتی هەڵبژاردندا .

بۆنموونە لەپارێزگای زیقار و لە ناوەندی پارێزگاكەدا كە شاری ناسریەیە، نەخوشخانەیەك دروستكراوە و تەواوبووە، كە بە نەخۆشخانەی توركی ناسراوە هەرچەندە بە پارە و ماڵی عیراق دروستكراوە، بەڵام نەخۆشخانەكە رادەستی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی زیقار نەكراوە بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینێت و بیخاتە خزمەتی هاوڵاتیانی بەش مەینەتی ئەو پارێزگایەوە، بە بیانووی ئەوەی هێزێكی سیاسی لەكاتی نزیك بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان لە 10/10/ 2021 دا بیكات بە دەسكەگوڵی خۆی و بانگەشەیەك بۆ هەڵبژاردنەكان و بە هاوڵاتیانی بفرۆشێتەوە، وەكو ئەوەی خۆی لە پارەی باخەڵی خۆی وەكو خێر و سەدەقە دروستی كردبێت !

ئەمە لەكاتێكدا تووشبوانی كۆرۆنا لە ناوی ژووری دروستكراو بە موادی پلاستیكی (كەرەڤانە)، لە نەخۆشخانەی ئیمام حوسێندا بوون، بۆ چارەسەری، بوونە قوربانی ئەو سیاسەت و رەفتارە نابەرپرسانەی ئەو لایەنانەی بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتیان خستە سەرووی بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمانەوە .

لە كۆتاییدا دوای ئەو ماڵوێرانییەی بەسەر هاوڵاتیانی زیقاردا هات، یەهۆی ئاگركەوتنە لەنەخۆشخانەی حسێن، كە نزیكەی سەد كەس تێیدا گیانی لەدەستدا جگە لە بریندار، وەزارەتی تەندروستی عیراقیش بڕیاریدا هەموو ئەو نەخۆشخانانەی لە كەرڤانەدان دابخرێن، لە بەرئەوەی مەرجەكانی سەلامەتیان تێدا نییە، بەڵام دوای چی ؟

بۆیە پێویستە دامودەزگا تەنفیزی و تەشریعییەكانی عیراق، ئیتر بە تەنها بینەر نەبن لە ئاست هەموو ئەو خەمساردی و نابەرپرسیارێتییەی دەرهەق بە هاوڵاتیانی وڵات دەكرێت، بەڵكو پرنسیپی سزاو پاداشت بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیانی عیراق بە هەرێمیشەوە .

 97 جار بینراوە