سەرەکی » هەمەڕەنگ » جاهیت یاڵچین له‌ فیلمی بێ نیشتمان رۆڵ ده‌بینێت

جاهیت یاڵچین له‌ فیلمی بێ نیشتمان رۆڵ ده‌بینێت

«جاهیت شاهین یاڵچین» ئه‌كته‌ری ناوداری باكوری كوردستان له‌گه‌ڵ «هانی» گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی كورد، له‌ فیلمی سینه‌مایی «بێ نیشتمان» سێیه‌مین فیلمی درێژی «توورج ئه‌سڵانی» رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینن.

فیلمەکە به‌رهه‌می كۆمپانیای سینه‌مایی «ماد موڤی»، به‌رهه‌می هاوبه‌شی «ره‌ز هه‌ڵكه‌وت ره‌شید»ەو بڕیارە ‌رۆژانی جه‌ژنی قوربان فیلمەکە له‌ سەر شاشەی سینه‌ماكانی هه‌رێمی كوردستان نمایش ‌بكرێت و دواتریش له‌ سینه‌ماكانی شاره‌كانی دیكه‌ی عیراقیش نمایشبكرێت.

«جاهیت شاهین یاڵچین» له‌ ئامه‌د له‌ دایك بووه و له‌ سه‌رده‌می خوێندنی دواناوه‌ندیدا ده‌ستی بەکاری هونەریی کردووە، دوای ماوه‌یه‌ك له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ بواری ئه‌كته‌ریدا به‌ره‌وپێشچوونێكی باشی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووە و ماوه‌یه‌ك له‌ ئه‌وروپا سه‌رقاڵی نواندن بووە و ماوه‌یه‌كی زۆریش له‌ بواری شانۆدا له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی خۆی كاری كردووە و جگە لەم فیلمە لە چەندین کاری هونەریی تردا رۆڵی بینیووە.

مه‌نسوور جیهانی

 242 جار بینراوە