سەرەکی » وەرزش » ئەفرۆدێت مێژوویەكی پڕ سەروەریی نووسییەوە

ئەفرۆدێت مێژوویەكی پڕ سەروەریی نووسییەوە

ئەم مانگە وەرزشی كوردستان بەگشتی و وەرزشی شاری سلێمانی بەتایبەتی هەنگاوی زۆر باشی بەرەو لووتكەی سەركەوتن ناوەو لەسەر ئاستی نەك كوردستان بگرە لەسەر ئاستی عیراق دەستەكەوتی زۆر باش بەدەست هاتووە.

سەرەتا دەبێت پێش ئەوەی ئەم دەستكەوتانە باس بكەین، پێشتر وەرشكارانی یانەكانی سلێمانی هەر لەسەر ئاستی عیراق و لەیارییەكانی تۆپی سەرمێز و بالە و یارییەكانی گۆڕەپان مەیدانیشدا ئەنجامی باش و دڵخۆشكەریان تۆمار كردبوو، لە ستادیۆم و لەژمارەكانی پێشوودا ئاماژەمان بەو دەستەكەوتانە داوەو لێرەدا دووبارەیان ناكەینەوە.

بەڵام وا بۆ ئەمجارە ئاماژە بەچەند دەستكەوتێكی تر دەكەین كە مایەی شانازی و دەستخۆشی كردنە لەتەواوی یاریزانان و راهێنەران و ئیدارەی تیپەكان بۆ نووسینەوەی ئەو لاپەڕە پرشنگدارانە لەمێژووی وەرزشی كوردستان و شاری سلێمانیدا.

كچانی ئەفرۆدێت
بەم دواییە خولی نایابی بالەی كچانی یانەكانی عیراق لە سلێمانی بەڕێوەچوو، رۆژی 10/7/2021 كۆبوونەوەی هونەری خولەكە كراو هەشت تیپی شارەكانی عیراق بەمشێوەیەی خوراەوە بەسەر دوو گروپدا دابەشكران:

*گروپی یەكەم (ئەكاد، ئەفرۆدێت، دەربەندیخان، فەتات نەجەف).

*گروپی دووەم (قەرەقوش، سلێمانی، ئافرەتانی هەولێر، سەنحاریب).

دواتر بەرنامە بۆ یارییەكان دانران و لە رۆژی 11/7 -ەوە، یارییەكان لەهەردوو هۆڵی یانەی پێشمەرگە و یانەی سلێمانی ئەنجام دەدران.

هەردوو تیپی كچانی یانەكانی ئەفرۆدێتی سلێمانی و ئەكاد عەنكاوەی هەولێر سەركەوتووانە قۆناغی گروپەكانیان بڕی، هەردووكیان گەیشتنە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین، لەم قۆناغەشدا ئەفرۆدێت 3-0 لە لە ئافرەتانی هەولیری بردەوەو ئەكادیش 3-2 لە قەرەقوشی دهۆكی بردەوەو گەیشتنە یاریی كۆتایی و هەردوو دۆڕاوەكەش لەسەر پلەكانی سێیەم و چوارەم یارییان كرد.

لە یاریی سێیەم چوارەمیدا قەرەقوش 3-0 لە ئافرەتانی هەولێری بردەوەو پلەی سێیەمی عیراقی گرت، لەیاریی كۆتاییشدا، ئەفرۆدێت 3-1 لە ئەكاد عەنكاوەی هەولێری بردەوەو ئەفرۆدێت باڵا دەستی ئەكاد و قەرەقوشی لەم پاڵەوانێتییەی عیراقدا كۆتایی پێهێنا و بووبەپاڵەوانی عیراق و بۆ یەكەمین جارە تیپێكی كچانی شاری سلێمانی بتوانێت جامی پاڵەوانێتی بالەی كچانی عیراق بهێنێتەوە سلێمانی.

نەورۆز دووەمی عیراق
لەلایەكی تریشەوە رۆژی 16/7 یاریی كۆتایی خولی پلە یەكی یانەكانی عیراق لە بەغدا كراو تیایدا یانەی سەناعە 1-0 لە تیپی یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی بردەوە، بەوەش نەورۆز دووەمی خولی پلە یەكی یانەكانی عیراق بوو، پێشتر و پاش ئەوەی بوو بە پاڵەوانی گروپی یەكەم، سەركەوتنی بۆ خولی نایابی یانەكانی عیراق مسۆگەر كردبوو.

کچانی ئەکاد دووەمی خولی نایابی بالەی یانەکانی عیراق

کچانی قەرەقوش سێیەمی خولی نایابی بالەی یانەکانی عیراق

 

 73 جار بینراوە