سەرەکی » وەرزش » ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ – 2020

ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ – 2020

چەند رۆژێكی كەم ماوە بۆ دەستپێكردنی ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ و سەرجەم ئامادە كارییەكان بۆ دەستپێكردنی كۆتاییانهاتووە.

بڕیار وایە رۆژی 23/7/2021، واتە رۆژی هەینی ئایندە ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ – 2020 دەستپێبكات و رۆژی 8/8 كۆتاییبێت.

ئەم ئۆڵۆمپیادە بەپێچەوانەی ئۆڵۆمپیادەكانی رابردووەوە پەتای كۆرۆنا زەبری كوشندەی لێداوەو زۆر لە جوانییەكانی شێواندووە، تەنانەت گوشارێكی زۆر كرا بۆ ئەوەی لەبنەڕەتەوە هەر نەشكرێت و دوا بخرێت، بەڵام بەگرتنە بەری چەند رێوشوێنێكی توند، دواجار رۆژی هەینی ئایندە ئەم بۆنە گرنگە جیهانییە دەستپێدەكات.

دیارترین ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتە بەر

1- بەهیچ شێوەیەك هاندەران وبینەران ئامادەی بینینی هیچ كام لە یاریی و پێشبڕكێیەكانی نابن و سەرجەم وەرزشە جۆراو جۆرەكان لەپشتی دەرگا داخراوەكانەوە دەكرێن.

2- سەرۆكی حكومەتی ژاپۆن (یۆشیهدیە سۆگا) بەرەسمی بارودۆخی نائاسایی لە تۆكیۆ رادەگەینێت و بەجۆرێك لە جۆرەكان كەرنتینە لەو شارە پەیڕەو دەكرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی كەمترین بەریەككەوتن روبدات و رێژەی تووشبون بەو پەتایە بەرز نەبێتەوە.

3- گەشتی مەشخەڵی ئۆڵۆمپی هەڵوەشێنراوەتەوە، تەنیا رۆژی هەینی بەڕێڕەوێكی كورتا گەشتێكی بەپەلە دەكات و دەڕوات و دەگەیەنرێتە یاریگای سەرەكی.

بەشدار بووان تائێستا ئەوەی بڵاو كراوەتەوە ئەوەیە كە:

* 11 هەزار وەرزشكاری كوڕو كچ لەسەرجەم وەرزشە جۆراو جۆرەكاندا بەشداریی ئەم ئۆڵۆمپیادە دەكەن.

*ئەو وەرزشکارانە نوێنەرایەتی 206 وڵات دەكەن، لەم ئۆڵۆمپیادەدا وڵاتێكی تر زیادی كردووە كە دورگەكانی ڤارۆیەو بەناوی دانیماركەوە بەشداریی دەكەن.

*324 پێبشڕكێی كوڕان و كچان لە 33 وەرزشیی جۆراو جۆردا بەڕێوە دەچن.

*لەم ئۆڵۆمپیادەدا پێنج وەرزش زیاد كراون كە پێشتر لە ئۆڵۆمپیادەكانی تردا نەبوون:

1- سوار بوون یان سەركەوتن بەسەر شەپۆلە بەهێزەكانی دەریادا.

2- سەركەوتن بەسەر چیادا، لەم ئۆڵۆمپیادەدا ئەم وەرزشە بە دیواری دەستكرد بەڕێوە دەبرێت.

3- خلیسكان بە سكۆتەر، ئەم وەرزشە لە هەردوو جۆری شەقامە گشتییەكان و نێو باخچەكان دەبێت.

4- كاراتێ (كۆمیتە و كاتا).

5- بەیسبۆڵ.

سەرەتایەك بۆ مێژووی ئۆڵۆمپیاد
ئۆڵۆمپیاد یان یارییەكانی ئۆڵۆمپی بیرۆكەی ئەم سەردەمە نییەو زادەی بیری كەسانێكی زۆر ناوداری پێشووی جیهانییە و ئەوان زۆر تێكۆشاون تا ئەم بۆنە جیهانییە بێتە ئاراوە.

ئۆڵۆمپیاد هەر چوار ساڵ جارێك لە شارێك رێكدەخرێت و بەناوی شارەوە ناو دەبرێت نەك ناوی وڵاتەكە، سەرجەم وەرزشە هاوینەكان و زستانەكان و وەرزشی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش لەخۆ دەگرێت، بۆ هەر یەكەشیان ئۆڵۆمپیادێك رێكدەخرێت، واتە سێ جۆر ئۆڵۆمپیاد هەن (ئۆڵۆمپیادی هاوینە بۆ یارییە هاوینەكان)(ئۆڵۆمپیادی زستانە بۆ یارییە زستانەكانی ناو بەفرو سەهۆڵ)(پارائۆڵۆمپی بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت).

خاوەنی بیرۆکەکە کێیە؟
بیرۆكەی دروستبوونی ئۆڵۆمپیاد و یارییە ئۆڵۆمپییەكان و چۆنییەتی سەرهەڵدانی ئاسان نییە و ئەركێكی ئاڵۆزە، تائێستا بەتەواوی یەكلا نەبۆتەوەو مێژوونووسانی وەرزش نەیانتوانیووە یەكەم كەسی خاوەنی بیرۆكەكە دیاریی بكەن، چونكە بیرۆكەكە لەساڵانی پێش زاینەوە هاتۆتە ئاراوە، زۆر جار باسی(هێركۆلیس) دەكرێت كە ناوی تەواوی (فلافیۆس ئۆگستۆس هێركۆلیس) ە و یەكێك بووە لە ئیمپراتۆرەكانی ئیمپراتۆرییەتی بیزنتییەكان.

ئەمە تاچەند راستەو تا چەند لە واقیعەوە نزیكە ئەمە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئۆڵۆمپیاد بیرۆكەی یۆنانییەكان بووە، ئەوان دامەزرێنەر و خاوەنی رەسەنی ئۆڵۆمیادن و هەرلەبەر ئەوەشە ناوەكەی لە شاری ئۆڵیمپیای یۆنانییەوە وەرگیراوە.

لانكەی لەدایكبوون
شاری ئۆڵۆمپیادی یۆنانی لانكەی لەدایكبوونی ئەم بۆنە گرنگە وەرزشییەی جیهان بووە، وەك باس دەكرێت سەدەی هەشتەمی پێش زاینی تا پێنجەمی پێش زاینی وادەی لەدایكبوونی بووە.

بەڵام بیرۆكەی دەستپێكردن و لەدایكبوونی ئۆڵۆمپیاد بەم شێوە نوێ و زانستییەی ئێستای، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1870 ی زاینی، بیرۆكەكەش لە بیرو هۆشی كەسێكەوە دروستبووە كە ناوی (ئیڤانگیلۆس زاباس) بووەو كەسێكی بزنس مان بووە، لەسەرتاشەوە چەندین رێگری و كێشەیان بۆ بیرۆكەكەی دروست كرد، بەو بیانووەی كە فێستیڤاڵێكی وەرزشیی لەو جۆرەی (ئیڤانگیلۆس زاباس) پێشنیاری كردووە، پارەی زۆری دەوێت و یاریگاو دامەزراوەی وەرزشیی زۆر گەرەكە و چەندین بیانوی تریش هێنرانەوە، بۆیە نەیانهێشت بیرۆكەكە بكرێتە واقیع.

بەڵام دوای زیاتر لە 20 ساڵ لە بیرۆكەكەی (ئیڤانگیلۆس زاباس)، كەسایەتییەكی وەرزشی ناوداری فەرەنسی بەناوی (بارۆن دو كۆپرتان) دێت و خەون و بیرۆكەكەی خۆی دەكات بە واقیع.

ئەم كەسایەتییە واتا (دی كۆپرتان) كاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر دەركەوتن و دەستپێكردنی ئۆڵۆمپیاد، ئەو چەند ساڵێك لە هەوڵدا بوو تا بیرۆكەكە بكاتە واقیع، زۆر ماندوو بوو بۆی، پاش توێژینەوەو و لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر پاشماوەكانی شاری ئۆڵیمپیای یۆنانی كە بە لانكەی یارییە ئۆڵۆمپییەكان دادەنرێت، دی كۆپرتان بڕیاریدا ئەو یارییانە كەلەو شارە كراون زیندوو بكرێنەوە.

ئەو هەوڵ و ماندوو بون و لێكۆڵینەوانەی(دی كۆپرتان) بەرهەمەكەی ئەوەبوو مانگی حوزەیرانی ساڵی 1894 كۆنگرەیەكی جیهانی گرنگ بۆ ئەو مەبەستە بەسترا، لە كۆنگرەكەدا لیژنەیەكی ئۆڵۆمپی جیهانی دامەزرا، (دیمتریۆس فیكیلاس)ی یۆنانی كرا بە سەرۆكی لیژنەكە، (دی كۆپرتان) بوو بەجێگری، دوا بڕیاریشیان ئەوەبوو یەكەمین خولی یارییە ئۆڵۆمپییەكان ساڵی 1896 لە ئەسینای پایتەختی یۆنان رێكبخرێت و ئەمەش بووە دەستپێكی مێژوویەكی نوێ لەسەر ئاستی وەرزشی جیهان.

یەكەم ئۆڵۆمپیاد
پاش شەن و كەوی وردی بیرۆكەی رێكخستنی یەكەم ئۆڵۆمپیاد و پاش ئەوەی زۆر بە وردی بەرنامە بۆ چۆنییەتی دەستپێكردنی یەكەمین ئۆڵۆمپیاد دانرا، بۆ بەرز راگرتنی ئەوەی كە یۆنانییەكان خاوەنی ئیلهامی ئۆڵۆمپین، شاری ئەسینا دیارییكرا بۆ ئەوەی یەكەمین ئۆڵۆمپیادی تیادا رێكبخرێت و ساڵی 1896 بووبەساڵی رێكخستنی یەكەمین ئۆڵۆمپیاد.

چوار ساڵ دوای ئەو مێژووەش، بۆ رێزلێنان لە دیكۆپرتانی ئەندازیاری رێكخستنی یەكەمین كۆنگرەی لیژنەی ئۆڵۆمپی و خاوەنی بیرۆكەی یارییە ئۆڵۆمپییەكانی سەردەمی نوێ، بڕیار درا دووەمین ئۆڵۆمپیاد لە فرەنسای زێدی دیكۆپرتان و شاری پاریس ساڵی 1900 رێكبخرێت.

لەیەكەمین ئۆڵۆمپیادا 1896 – ئەسینادا:

*241 وەرزشكار بەشدار بوون.

*رێگە نەدرا كچان ژنان بەشداربن و تەنانەت رێگەیان نەدرا سەیری یارییەكانیشی بكەن، بەڵام لە دووەم ئۆڵۆمپیاد كە لە شاری پاریس ساڵی 1900 كرا، كچان و ژنان بەشداریی یارییەكانیان كرد.

*14 وڵات بەشدارییان تیادا كرد.

*یارییەكانی یەكەم ئۆڵۆمپیاد بریتی بوون لە (زۆرانبازی، پایسكلسواری، جومباز، یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان، مەلە، نیشان شكاندن، تێنسی سەرزەوی، بەرزكردنەوەی قورسایی.

*لەم ئۆڵۆمپیادەدا ئەمریكا بەكۆكردنەوەی 19 میدال یەكەم بوو.

*هاندەرانێكی زۆر ئامادەی بنینی یارییەكانی دەبوون، گرنگییەكی زۆری جەماوەریی پێدرابوو، ئەوانەی یەكەم دەبوون ملوانكەیەكی گوڵی (غار) دەكرایە ملیان، سەركەوتووەكان جگە لەو ملوانكەی گوڵە، میدالێكی زیویشان دەكرایە مل و چەندین خەڵاتی تریشیان پێ دەبەخشین.

ئیتر بەو شێوەیە هەر چوار ساڵ جارێك ئۆڵۆمپیاد رێكدەخرا، هەر جارەو لەشارێك بووە، یەكەم تا سێیەم ئۆڵۆمپیاد بەمشێوەیە بووە:

ئەسینا-1896

*14 وڵات بەشدار بوون.

*241 وەرزشكاری كوڕ بەشدارییان تیادا كرد.

*9 وەرزشی تیادا كرا و لەو وەرزشانەشدا 43 پێشبڕكێ بەڕێوە چوون.

*ئەمركییەكان یەكەم بوون.

پاریس – 1900

*24 وڵات بەشدارییان كرد.

*997 وەرزشكار بەشدارییان تیادا كرد.

*بۆ یەكەمین جار كچان ژنان بەشدارییان لە ئۆڵۆمپادا كرد و ژمارەیان لەم ئۆڵۆمپیادەدا 22 كچ و ژن بوو.

*18 وەرزشی تیادا كراو 95 پێشبڕكێ لەو وەرزشانەدا كران.

سانت لویس – 1904

*12 وڵات بەشدارییان تیادا كرد.

*651 وەرزشكار تیایدا بەشدار بوون.

*تەنیا 6 وەرزشكاری ژنان و كچان تیایدا بەشدار بوون.

*17 وەرزشی تیادا كرا.

*لەو 17 وەرزشەش 91 پێشبڕكێی لە خۆ گرتبوو؟

سێ ئۆڵۆمپیاد بۆچی نەكران؟
وەك باسكرا هەر چوار ساڵ جارێك و بەشێوەیەكی رێك و پێك ئۆڵۆمپیاد رێكخراوە تا ساڵی 1912 كە لە ستۆكهۆڵم بووە، بەڵام دوای ئەم ئۆڵۆمپیادە، ئۆڵۆمپیادی 1916 – بەرلین بەهۆی یەكەمین جەنگی جیهانییەوە نەكرا.

دواتر ئۆڵۆمپیادەكانی 1920-ئەنترۆیپ تا 1928 ئەمستردام، لەكات و شوێنی خۆیاندا كران، بۆ جاری دووەم و پاش ئۆڵۆمپیادی 1936 بەرلین، هەردوو ئۆڵۆمپیادی 1940 و 1944 كە دەبوو یەكەمیان لە تۆكیۆ و دووەمیان لە لەندەن بوایە، رێكنەخران ئەوەش بەهۆی هەڵگیرسانی دووەمین جەنگی جیهانییەوە بوو.

دواتر ئۆڵۆمپیادی 1948 لە لەندن كراو تائێستا بەبەرنامەیەكی دانراوی رێكو پێك، هەر چوار ساڵ جارێك ئۆڵۆمپیادی هاوینە لەوادەی خۆیدا رێكدەخرێت، ئەگەر چی ئەم ئۆڵۆمپیادەی تۆكیۆش دەبوو ساڵی 2020 بوایە، بەڵام بە هۆی پەتای كۆرۆناوە دواكەوت بۆ ئەم وادیەی ئێستای.

ماسكۆدی ئەم ئۆڵۆمپیادە
ماسكۆد یان تەمەیمەی ئەم ئۆڵۆمپیادە لە دوو كەسایتی گوێ قوت پێكدێت كە لەسەر شێوازی تەختەی یاریی شەترەنج بە چوارگۆشە سورو شینەكان رووپۆشكراون، ناوی (میرای توا) یان لێناوە كە بە ژاپۆنی (میرای) واتا پاشە رۆژ و (توا) ش واتە نەمری.

 

 80 جار بینراوە