سەرەکی » راپۆرت » دێلتا خێراتر بڵاودەبێتەوە و تەندروستیش داوای خۆپارێزی و وەرگرتنی ڤاکسین دەکات

دێلتا خێراتر بڵاودەبێتەوە و تەندروستیش داوای خۆپارێزی و وەرگرتنی ڤاکسین دەکات

ئەسرین محەمەد

مام عوسمانی تەمەن 50 ساڵ پاش توشبوونی بە کۆرۆنا 25 رۆژ لە ماڵەوە ماوەتەوە و چارەسەری وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی خراپ بوونی باری تەندروستی و دابەزینی ئۆکسجینی لەشی، ئێستا لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا کەوتووە و بە ئۆکسجین نەبێت ناتوانێت هەناسە بدات.

کاروانی کوڕی وتی، باوکم پێشتر هیچ خۆپارێزی نەدەکرد و زۆر تێکەڵاو دەبوو باوەڕی بە ڤاکسین نەبوو، ئەوە مانگێکە توشی کۆرۆنا بووە و بەردەوام دۆخی تەندروستی بەرەو خراپبوون دەچێت.

ئەوەی دەبینرێت سستبوونێكی تەواو هەیە لە پابەندبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی لە هەموو شوێنەكان وەزارەتی تەندروستیش جگە لەوەی بەردەوام داوای خۆپارێزی دەکات هۆشداریش دەدات و دەڵێت» کارەسات بەڕێوەیە».

توشبوون بە كۆرۆنا سێ هێندە زیادی كردووە
وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، بەراورد لەگەڵ چەند هەفتەیەك بەر لە ئێستا رێژەی توشبوون بە كۆرۆنا سێ هێندە زیادی كردووە، ئامارەكان ترسناكە و پێشبینی هەزاران توشبووی رۆژانە دەكرێ لە داهاتوو دا.

هاوکات ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستی کۆبووەتەوە و پێشنیازەكانی داوەتە لایەنی پەیوەندیدار سەبارەت بە زۆریی رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا و گرنگترین رێكارەكان كە پێویستە بگیرێنەبەر لە رۆژانی داهاتوو دا.

هەرچەندە بەشێک لە هاووڵاتیان پابەندن بە وەرگرتنی ڤاکسین، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری هاووڵاتیان بەبێ هیچ هۆکارێک پابەند نین و ڤاکسینی دژە کۆرۆنا وەرناگرن، ئەوەش بە یەکێک لە هۆکارەکان دادەنرێت کە شەپۆلی نوێی کۆرۆنا روو لە هەرێم دەکات و نەخۆشخانەکان پڕ دەبنەوە لە توشبووان و رێژەی گیانلەدەستدانیش زیاد دەکات.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی تائێستا 399 هەزار ژەمەڤاکسینی دژەڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن دانیشتووانی هەرێمی کوردستانەوە وەرگیراوە، لەوانە زیاتر لە 255 هەزار هاوڵاتی کە دەکاتە رێژەی 7.8% ژەمی یەکەم و زیاتر لە 144 هەزار هاوڵاتی کە دەکاتە رێژەی 4.4% ژەمی دووەمی ڤاکسینی دژەڤایرۆسی کۆرۆنای وەرگرتووە.

دیارترین نیشانەکانی دێلتا هەڵامەت و ئازاری گەدەیە
لەگەڵ تۆمارکردنی جۆری نوێی ڤایرۆس کۆرۆنای ناسراو بە زنجیرەی دێلتا تەندروستی هۆشدارییەکانی زیاتر کردووە و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنا زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و سەرجەم نەخۆشخانەکان ئاگادار کراونەتەوە ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ وەرگرتنی توشبووانی کۆرۆنا.

هاوکات سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، دیارترین نیشانەی جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنای دێلتای هیندی هەڵامەت و ئازاری گەدەیە هەر هاووڵاتیەک ئەو نیشانانەی هەبوو پێویستە بە زوترین کات بچنە نەخۆشخانە و پشکنین بکەن.

وتیشی، %95 ئەو کەسانەی ئێستا لە نەخۆشخانەکان داخڵکراون و دۆخیان خراپە ئەو هاووڵاتیانەن کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی باسی لەوەشکرد، پێویستە هاووڵاتیان لە خۆیانەوە چارەسەر وەرنەگرن و سەردانی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا بکەن.

لە جیهاندا شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شەپۆلی گەنجان و منداڵان ناسراوە و شەپۆلی ئەو کەسانەیە کە ڤاکسینیان دژی کۆرۆنا وەرنەگرتووە.

لە عیراقیش رێژەیەکی کەم ڤاکسین وەرگیراوە
بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە رێژەیەکی زۆر و پڕبوونی نەخۆشخانەکان ژوورەکانی ئۆپراسیۆنی ناچارکرد لە هەریەک لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی کۆببنەوە و لە یەکەم هەنگاودا چەند بڕیارێك دەربکەن بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی و تێکەڵاوبوون.
ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر رایگەیاند، پێویستە سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان و فەرمانبەران تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن، بەتایبەتی بەستنی دەمامک و دروستنەکردنی گردبوونەوە و قەرەباڵغی، ھیچ ھاوڵاتییەک بۆ راییکردنی مامەڵەکانی بۆی نییە بەبێ بەستنی دەمامک بچێتە نێو ھیچ فەرمانگە و دام و دەزگایەکی حکومی، ھەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەک و فەرمانبەرێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە بەرپرسیارن.

هەروەها لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی سلێمانی رایگەیاند، پێویستە هەموو چالاكییە سیاسی و ئەدەبیی و هونەریی و رێكخراوەیی و كۆمەڵایەتییەکانی كە دەبنە مایەی تێكەڵاوبوون و بەریەككەوتن رابگیرێت و دەزگاكان و دامەزراوەكانی راگەیاندن هاوكارو هەماهەنگ بن لە هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پابەندبوون بە خۆپارێزیی و بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا.
بەپێی دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی لەسەر دۆخی کۆرۆنا توشبوونی رۆژانە زیاترە لە هەزار کەس و مردن لە سەروو 15 کەسەوەیە، لە کاتێکدا پشکنین شەش هەزار و 796 کەسە و چاکبوونەوەش 900.

بەپێی ئاماری گشتی وەزارەتی تەندروستی تائێستا لە هەرێم 211 هەزار و 828 کەس تووشی کۆرۆنا بوون لەو ژمارەیە 191 هەزار و 294 کەس چاکبوونەتەوە، 15 هەزار و 859 کەس لەژێر چارەسەر کردندان و چوار هەزار و 675 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

تەنها لە هەرێمی کوردستان نییە کە رێژەیەکی کەمی هاووڵاتیان ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە بەڵکو تائێستا لە تەواوی عیراق ملیۆنێک و 100 هەزار کەس ڤاکسینی وەرگرتووە کە کەمترە لە %3 ی کۆی دانیشتووان و پسپۆڕانی بواری تەندروستی جەخت دەکەنەوە بۆ ئەوەی هەر وڵاتێک بەدوور بێت لە کارەساتەکانی کۆرۆنا لە کاتێکدا چەند جۆرێکی ڤاکسین بەردەستە پێویستە هاووڵاتیان ناچار بکرێن خۆیان بکوتن.

 174 جار بینراوە