سەرەکی » وتار » ئیسلامییەكان و قەدەغەكردنی سیمبولە…

گەشبین

ئیسلامییەكان و قەدەغەكردنی سیمبولە…

ئیسلامییەكان و قەدەغەكردنی سیمبولەكانی دین لە فەرەنسا

حەسەن یاسین

فەرەنسا لە ساڵی 1905ەوە وڵاتێكی بێدینە. بێدین بەو مانایەی وڵات دینی رەسمیی نییە و لەهەمان كاتیشدا دوژمنایەتیی هیچ دینێكیش ناكات. لە مادەی دووی دەستووری فەرەنسادا هاتووە كە «كۆمارێكی عەلمانییە، بەڵام رێز لە هەموو دینەكان دەگرێت». لە فەرەنسادا دینی ئیسلام، وەك هەموو دینەكانیتر، لەڕووی تیۆری و كردارییەوە، مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. ئەگەرچی لە فەرەنسا، بەپێی قانوون، لە سەرژمێریدا رێگانادرێت ئاماژە بە هیچ دینێك بكرێت، بەڵام سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن 8 %ی دانیشتوانی فەرەنسا موسڵمانن و ئیسلام، دوای مەسیحییەت، دووەم دینە لەو وڵاتەدا.

فەرەنسا، وڵاتێكی بێدینە، لەو روانگەیەوە كە وڵاتێكی عەلمانییە و دین لە وڵات جیاكراوەتەوە. وڵات بەرامبەر بە دین بێلایەنە و قەدە‌غەیە دەست لە كاروباری هیچ دینێكەوە وەربدات. بۆیە نابێت ئینتیمای دینیی هیچ فەرمانبەر یان هاووڵاتییەك كە كارەكەی بۆ خزمەتی گشتییە، بە ئەرێنی یان نەرێنی، كاریگەریی بەسەر كاروباری خزمەتی گشتییەوە هەبێت. عەلمانیەت لە فەرەنسادا یەكێكە لە پرەنسیپەكانی ئازادی و هەموو بژاردەیەكی كەسیی سەبارەت بە مەسەلە جیاجیاكان لەبەردەم هاووڵاتیاندا، لە كۆمەڵگەیەكی كراوەدا رەخساندووە!.

عەلمانییەت لە فەرەنسادا پێچەوانەی پرەنسیپەكانی ئازادی نییە، چونكە جیاكردنەوەی كەنیسە یان مزگەوت لە وڵات واتا كۆمار دان بە هیچ دینێكدا نانێت، دین بۆ بەرژەوەندیی وڵات ناخاتەگەڕ، پشتیوانی لە هیچ دینێك ناكات، كەنیسە یان مزگەوت دەبێت خۆیان كاروباری خۆیان بەڕێوەببەن، هەموو كەنیسەكان، هەموو مزگەوتەكان، لەبەردەم قانووندا یەكسانن، نابێت كەنیسەكان یان مزگەوتەكان كاری دامەزراوەكان رێكبخەن یان دەستی تێوەربدەن. بۆیە ئەو رێكخراو و كۆمەڵانەی تایبەتمەندن بە جێبەجێكردنی سرووتەكانی دین، هەر دینێك بێت، نابێت وڵات كۆمەكیان بكات. بێلایەنیی وڵات واتا پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بە هەمووان وەكیەك، نابێت جیاكاری لەنێوان هاووڵاتیاندا بەهۆی دین و بیروباوەڕی دینی یان دژایەتیی دینەوە، بكرێت!.

بەپێی ئەم پرەنسیپانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێكردوون، فەرەنسا ساڵانێكی زۆرە بە قانوون جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە نابێت سیمبولەكانی دین، هەر دینێك، لەنێو دامودەزگاكانی وڵاتدا رەنگبدەنەوە. نابێت ئەو كەسانەی لەنێو دامودەزگاكانی وڵاتدان كارێكی وا بكەن كە بەهۆی سیمبولێكی دینییەوە، لایەنگرییان بۆ ئەو دینە پێوەدیاربێت. واتا قانوونی قەدەغەكردنی سیمبولەكانی دین، هەموو دینەكان، مەسیحی، جوو، ئیسلام و ئەوانەی لەسەر هیچ دینێك نین، دەگرێتەوە.

ئیسلامییەكان، هەمیشە حیجاب، بورقوع و باڵاپۆشی، وەك چەكێك بە تەرویجی حزبی و خۆجیاكردنەوە بەكاردەهێنن، بۆیە لە وڵاتانی ئەوروپادا هەمیشە كچان و ژنانی هەواداریان هاندەدەن كە شێلگیرانە جەخت لەسەر پۆشینی حیجاب و باڵاپۆشی بكەنەوە لەهەر شوێنێك بن، ئەمەش بۆتە مایەی ئەوەی موسڵمانانی ئاسایی و ئیسلامییەكان، هەردوو لایان وەك یەك دەربكەون و نەتوانرێت بە ئاسانی لەیەكتر جیابكرێنەوە، تەنانەت تیرۆریستە ئیسلامییەكانیش توانیویانە ژنانی سەر بەخۆیان لە پەنای ئەو جۆرە جلوبەرگە تایبەتمەندەوە بۆ زۆر كاری نهێنیی خۆیان بەكاربهێنن، وەك گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی!.

ئەوەی لە قانوونەكەی فەرەنسادا هاتووە تایبەت نییە بە سیمبولەكانی ئیسلام، بەڵكو بۆ هەموو دینەكانە، بەڵام ئیسلامییەكان دەیانەوێت وەك دژایەتیی دینی ئیسلام بە موسڵمانانی بفرۆشنەوە و لەسەر ئەو بناغەیەش دەیانەوێت موسڵمانان لە فەرەنسا هان بدەن كە لەو قانوونە یاخی ببن و دژی بوەستنەوە، بەمەش دەیانەوێت ئاژاوە بخەنە نێو ئەو وڵاتەی پەنایداون و كەشێكی ئارام و باوەشی وڵاتێكی خۆشگوزەرانی بۆ كردوونەتەوە، لەكاتێكدا لە بەرژەوەندیی موسڵماناندایە، لە هەر وڵاتێكی ئەوروپاییدابن، پابەندبن بە قانوونەكانی ئەو وڵاتەوە!.

 188 جار بینراوە