سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » هەڵخەڵەتاندن و بردنی پارەی هاووڵاتیان لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردەپەڕە 2

هەڵخەڵەتاندن و بردنی پارەی هاووڵاتیان لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا

ماوەیەكە لێرە و لەوێ هاووڵاتیان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان گردبوونەوەی ناڕەزایی دەکەن و لە بەردەم دەزگاکانی راگەیاندن باس لە كێشەیەكی دیكە دەكەن كە پێشتر تووشی هەندێك كەسی تر هاتووە، ئەویش کێشەی هەڵخەڵەتاندن و گرێبەستی دوولایەنە و مامەڵەی نایاسایی كەسێك یان باندێكە بە ناوی بازرگانی و پڕۆژەی وەبەرهێنان و چەكی بانكی‌ و فرۆشتنی پشكی كۆمپانیاكان، پارە لە ژمارەیەك كەس وەرگیراوە، دواتر پارەکان براون و بەو هۆیەشەوە چەندین کەس لە ناوچە جیاجیاکانی مایەپووچ بوون.

لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە
وەك پەرلەمانتاران و ئابووریناسانان ئاماژەی بۆ دەكەن هۆكاری زیادبوونی ئەو جۆرە مامەڵانە كە خەریكە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، بۆ ناهۆشیاریی بەشێك لەو خەڵكانە دەگرێنەوە، كە بێ بەڵگە و دیكۆمێنی یاسایی پارە بەو كەسانە دەدەن و خۆیان دەخەنە ناو مامەڵەیەکی نادیارەوە، بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەتمەندیش بەو جۆرە دۆسێیانە بەشێكی زۆریان یەكلانەكراوەتەوە یان ماف بۆ خاوەن مافەكان نەگەڕاوەتەوە، دواجاریش چەندین كێشەی دارایی و كۆمەڵایەتی لێکەوتۆتەوە.

رۆژان شەهید حەمەڕەش ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەوەی هەستی پێدەكەین لە هەرێمی كوردستان كێشەی قەرز و فرت و فێڵ لە مامەڵەی بازرگانی‌ و وەبەرهێنان و جۆرەكانی دیكەی مامەڵە لە نێوان دوو لایەن زیادیكردووە، بە جۆرێك لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە، هاوکات بۆ چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی ئەو جۆرە كێشانەش یاسایەكی تایبەت نییە.

یاسای سزادانی عیراقی چارەسەری کێشەکە ناکات
وتیشی: راستە لە هەرێم یاسای سزادانی عیراقی لەو دۆسێیانە كاری پێدەكرێت، بەڵام وەك پێویست ناتوانێی چارەسەری بكات، چونكە كۆمەڵێك كۆت و بەند و مەرجی هەیە، لەوانە بوونی گرێبەست لە نێوان هەردوو لایەن و خستنەڕووی بەڵگەی رەسمی، بۆ ئەوەی بیسەلمێنی ئەو قەرزە وەرگیراوە ‌و ئەو پارەیەی دراوە یاساییە، ئەمەش كاتێكی زۆری پێویستە، بۆیە لەم سەردەمە پێویستمان بە یاسایەكی تایبەت بەو جۆرە كێشانە هەیە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد: زۆربوونی ئەو جۆرە كێشانە بۆئەوە ناگەڕێتەوە كە خەڵك بێكارە و كێشەی ئابووریی هەیە، چونكە ئەو پارەیەی نێوان هەردوو لایەنی كێشەكە مامەڵەی پێوەكراوە پارەیەكی زۆرە، بەڵکو ئەوە زیاتر پەیوەندیی بە هۆشیاریی خەڵكەوە هەیە، ئەوانەی پارەیان براوە دەبێت خۆیان لە قەرەی هەموو جۆرە مامەڵە و بازرگانییەك نەدەن، با تایبەتی كە پاڵپشتیەكی یاسایی نەبێت، تا لە كاتی كێشەی لەو جۆرە بتوانرێت لە رێگای یاساوە مافەكانی خۆی بەدەستبهێنێتەوە.

شەماڵ نوری ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە باس لەو كێشە دەكات و بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پرسی فرتوفێل و زیانگەیاندنی بە هاووڵاتیان لە وڵاتانی دیکە مێژوویەكی دێرینی هەیە و هەر لە كۆنەوە هەبووە، لە هەرێمی كوردستانیش ئەو جۆرە فێڵانە زیاتر لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بازرگانی و كۆمپانیای پشكداری و دراوی ئەلكترۆنی و كارتی بانكی دەكرێت.

وتیشی: لەم سەردەمە بەهۆی فراوانبوونی تەكنەلۆجیا و زۆربوون مامەڵە و جموجوڵی بازرگانی ئەو جۆرە مامەڵەیە زیاترە بووە و شێوازەكەی گۆڕانكاریی بەسەر داهاتووە، تەنانەت هەندێك لەوانە بە شێوەی یاسایی و بە ئاشكرا كارەكان دەکەن، كەچی دواتر دەردەكەوێت بەو جۆرە نییە كە بانگەشەی بۆ كردووە، لە ئەنجامدا كۆمەڵێک خەڵك تێیدا زەرمەند دەبن.

ئەركی حكومەتە رێگری بكات
شەماڵ نوری ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ ئەوەی خەڵكی زیاتر لەو جۆرە مامەڵانە زەرەرمەند نەبێت، ئەركی حكومەتە رێگری بكات، بەڵام پێویستە هاووڵاتیانیش زیاتر هۆشیار بن‌ و بەدەستی خۆیان زەرەر لە خۆیان نەدەن، بە تایبەتی خەڵكی ئێمە لە رووی زانستی تەكنەلۆژیا و زمانی بیانییەوە شارەزاییەكی ئەوتۆیان نییە و زووتر تووشی داوی ئەو جۆرە كەسانە دەبن، ئەوانیش بەرلەوەی ئاشكرابن رێوشوێنی پێویستیان بۆ دەربازبوون داناوە، هەندێكیان رادەكەن، یان دەستگیر دەكرێن.

ئەندامەکەی سەندیکای ئابووریناسان پرسیاری ئەوەش دەکات کاتێک ئەو تۆمەتبارە دەستگیر دەکرێت ئایا ئەگەر ئەو كەسە مایەپووچ بێت ‌و هیچی نەمابێت حکومەت چۆن دەتوانێت مافی ئەو خەڵكە وەربگرێتەوە؟ بۆیە پێویستە هاووڵاتیان وریابن و کارێك نەكەن بكەونە داوی ئەو جۆرە كەس و باندانەوە.

کوردستان بۆتە بازاڕێک بۆ ساختەکاری
ئەو ئابووریناسە روونیشیكردەوە: لەگەڵ زۆربوونی دیاردەی فرتوفێڵ و پارەبردن، بەڵام هێشتا بەراورد بە وڵاتان رێژەكە لە کوردستان زۆر نییە، بە پێیەی ئەو جۆرە كارانە زیاتر لە رێگای ئۆنلاین‌ و بەشێوەی ئەلكترۆنی دەكرێت، بەڵام ئەوەی دەبینین لە هەرێمی كوردستان هێشتا سیستەمی بانكی و مامەڵە بازرگانییەكان بە ئەلكترۆنی نەكراون هاوشێوەی وڵاتان، زیاتر بە پارەی نەختینەیی مامەڵەكان بەڕێوەدەچێت، هەر ئەمەش وایكردووە هەندێك لەو باندانە لە رێگای خەڵكی ناوخۆوە روو لە كوردستان بكەن، ئەوان لەبەرئەوەی لە وڵاتەكانی خۆیان ئاشكرابوون و دەرفەتی ئەو كارانەیان نەماوە، ئێرە شوێنێكی وەك كوردستان بۆیان دەبێتە بازاڕێكی باش تا سەختەكاریی تێدا بکەن.

هەر پەیوەست بەو بابەتە، رەمزی گۆمەشینی ئابووریناس و خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری هەولێر ئەوەی بە كوردستانی نوێ راگەیاند: ئەوەی دەبینرێی لە زیادبوونی دیاردەی فێڵكردن و بردنی پارەی هەندێك كەس لە لایەن هەندێك كەسی ترەوە كە خۆیان بە بازرگان یان وەبەرهێن ناودەبەن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەشێك لەو خەڵكانە دەیانەوێت لە رێگای مامەڵەی لەو جۆرەوە بە ماوەیەكی كەم پارەیەكی زۆریان دەستبكەوێت بەبێ ئەوەی خۆیان كار بكەن، واتا ئەو پارەیەی دەیدات لە ماوەیەكی كەم دوو سێ ئەوەندە زیاد بكات.

کێشەی دارایی و کۆمەڵایەتی لێکەوتۆتەوە
وتیشی: لێزانین ‌و ئەزموونی ئەو كەسانەی كە فێڵ لە هاووڵاتیان دەكەن وایكردووە بەئاسانی دەست بەسەر پارەی ئەو كەسانە دابگرن، چونكە ئەوان سەرەتا بڕێك سوود و قازانج بە هەندێك دەدەن و جۆرە تەماحێكیان پێدەدەن، وادەكەن خەڵكی جۆرە متمانەیەكی لا دروست ببێت، بۆیە لە خۆشیی قازانجی خێرا، بەدەستی خۆیان سەرمایەی خۆیان تەسلیمی ئەو جۆرە كەسانە دەكەن، كە لە رێگەی بانگەشە و دروستكردنی متمانە بونەتە بازرگان و جێگای باوەڕی ئەوان.

ئاماژەی بەوەشكرد: چارەسەرنەكردن و زیادبوونی ئەو جۆرە كێشە‌ و مامەڵەیە وایكردوە تاماوەیەك كاریگەری لەسەر بازاڕ هەبێت و متمانە لە نێوان خەڵكی و بەشێك لە بازرگانان كەمببێتەوە، بەجۆرێك خەڵكی بە هەستیارییەوە مامەڵە بكات، ئەمە جگە لەوەی چەندین كێشەی دارایی ‌و كۆمەڵایەتی لێکەوتۆتەوە.

 255 جار بینراوە