سەرەکی » ئاراستە » بۆ یادی یه‌كه‌م ساڵه‌ی كۆچی دوایی لیوا جه‌لال عه‌بدولقادرپەڕە 1

راوێژكاری سه‌ربازیی سه‌رۆك كۆمار بوو

بۆ یادی یه‌كه‌م ساڵه‌ی كۆچی دوایی لیوا جه‌لال عه‌بدولقادر

ئاوات كۆكه‌یی

تێكۆشه‌ری دێرین و فه‌رمانده‌ی دیاری بواری سه‌ربازی و راوێژكاری سه‌ربازیی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ ماوه‌ی ساڵانی سه‌رۆكایه‌تیكردنی كۆماری عیراقدا، لیوا جه‌لال عەبدولقادر عه‌زیز ناسراو به‌ رائید جه‌لال، له‌ دایكبووی ساڵی 1951ی گوندی (دووشیوان)ی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێره‌.

كاتێك كه‌ ئه‌فسه‌ربووه‌ له‌ سوپای ده‌وڵه‌تی عیراقدا به‌ پله‌ی رائید، په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ شۆڕشی نوێوه‌و ئیتر له‌وساوه‌ ناسناوی (رائید)ی به‌سه‌ردا بڕاوه‌.

كاك جه‌لالی ره‌حمه‌تی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ تێكه‌ڵی ژیانی سیاسی بووه‌و رێگه‌ی كوردایه‌تیی گرتۆته‌ به‌ر، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ تا شۆڕشی نوێ و دواتریش له‌ دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عیراق كه‌ مام جه‌لال بووه‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق، كاك جه‌لال عه‌بدولقادر نزیك و هاوسه‌نگه‌ری سه‌رۆك مام جه‌لال بووه‌، تێكه‌ڵی و نزیكییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی شۆڕشی نوێ و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هه‌بووه‌.

قۆناغه‌كانی خوێندنی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌ هه‌ولێر ته‌واوكردووه‌، له‌ ساڵانی شه‌سته‌كاندا په‌یوه‌ندییكردووه‌ به‌ یه‌كێتی قوتابیانی كه‌وردستان- لقی هه‌ولێره‌وه‌، لایه‌نگری باڵی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌.

خاوه‌ن هه‌ستی به‌رزی كوردایه‌تی و نیشتیمانی بوو، خولیایه‌كی زۆری هه‌بوو بۆ كاری سیاسی و چالاكانه‌ ئه‌ركه‌كانی رێكخستنی له‌ ناوشاری هه‌ولێردا جێبه‌ێده‌كرد، رۆڵی گرنگی گێڕاوه‌ له‌ جۆشدانی بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كاندا، بۆ نمونه‌: جه‌ژنی نه‌ورۆز.

به‌ رێنمایی هه‌ڤاڵانی سه‌روو خۆی، له‌ كۆتایی ساڵانی شه‌سته‌كاندا په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌ سوپای عیراقه‌وه‌و دواتریش ده‌بێته‌ ئه‌فسه‌ر، دیاره‌ ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌بووه‌ تا له‌كاتی پێویستدا سود له‌ ئه‌زموون و شاره‌زاییه‌كی وه‌ربگیرێت، كه‌ بێگومان دواتر شۆڕشی كوردستان سودی له‌ تواناكانی ئه‌م ئه‌فسه‌ره‌ بینی، هاوكات له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامیشدابوو له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی كورد.

له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ی.ن.ك و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ، كاك جه‌لال په‌یوه‌ندییه‌كانی تازه‌ ده‌كاته‌وه‌و وه‌ك ئه‌ندامێكی رێكخستنی نهێنی كارده‌كات.

ساڵی 1981 مامۆستا زراری برای په‌یوه‌ندی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ ده‌كات، به‌وهۆیه‌وه‌ش مه‌ترسی و چاودێری زیاتر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی رائید جه‌لال، دواجارو له‌ ساڵی 1983دا یه‌كێك له‌ سیخوڕه‌كانی به‌عس چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی رائید جه‌لال به‌شۆڕشه‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت و خێرا ده‌زگای هه‌واڵگری به‌عس ئاگادار ده‌كاته‌وه‌و بڕیاری ده‌ستگیركردنی ده‌درێت، ئه‌ویش كه‌ پله‌كه‌ی رائید ده‌بێت و فه‌رمانده‌ی فه‌وجی مغاویر ده‌بێت له‌ فیرقه‌ی 23ی سوپای عیراق و باره‌گای فه‌وجه‌كه‌ی له‌ ناوچه‌ی قه‌سرێ ده‌بێت، زوو به‌هه‌واڵی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ ده‌زانێت و چالاكانه‌ فریای خۆی ده‌كه‌وێت و ناهێڵێت بكه‌وێته‌ به‌رده‌ستی دوژمن، پاشان له‌ رۆژی 14/11/1983 به‌ره‌و ناوچه‌كان ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشی نوێ به‌ڕێده‌كه‌وێت و دوای چه‌ند رۆژێك ده‌گاته‌ ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی.

كاتێك رژێمی به‌عس ئامانجه‌كه‌ی ناپێكێت له‌ ده‌ستگیركردنی رائید جه‌لالدا، هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵیان له‌ هه‌ولێرو هاوسه‌رو منداڵه‌كانی ده‌ستگیر ده‌كه‌ن و ده‌برێنه‌ زیندانی ئه‌بوغرێب، دواتر له‌ گفتۆگۆی نێوان یه‌كێتی و حكومه‌تی عیراقدا، ئازاد ده‌كرێن و ئه‌وانیش ده‌چنمه‌ ناوچه‌ ئاوزادكراوه‌كان.

له‌ ساڵی 1988دا رژێمی به‌عس برا گه‌وره‌كه‌ی رائید جه‌لال به‌ناوی (عومه‌ر) ده‌ستگیرو شه‌هید ده‌كات.

رائید جه‌لال خاوه‌ن پله‌یه‌كی باڵای سه‌ربازی بوو كه‌ په‌یوه‌ندی شۆڕشه‌وه‌ كرد، هه‌ر بۆیه‌ش له‌ ساڵی 1984دا به‌ پشتگیری هه‌ڤاڵ مام جه‌لال چه‌ندین خولی سه‌ربازی و راهێنانی سه‌ربازی ده‌كاته‌وه‌ له‌ (مێرگه‌پان و دۆڵه‌كۆگه‌)، هه‌مان ساڵیش ده‌كرێته‌ به‌رپرسی عه‌سكه‌ری مه‌ڵبه‌ندی 3ی هه‌ولێر.

كاتێك یه‌كێتی له‌ ساڵی 1987 باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی 4ی برده‌ بادینان، رائید جه‌لال وه‌ك به‌رپرسی عه‌سكه‌ری ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ دیاریكراو له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌دا چوونه‌ ناوچه‌كانی بادینان.

دوای ئه‌نفاله‌كان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی چوونه‌ ئێران و دواتریش هه‌نده‌ران، ساڵی 2000 به‌ یه‌كجاری گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا نوێكرده‌وه‌.

به‌ هۆی شاره‌زایی و ئه‌زموونی زۆری له‌ سلكی سه‌ربازی و زانستی سه‌ربازیدا، ساڵی 2008 ده‌كرێته‌ راوێژكاری سه‌ربازی سه‌رۆككۆماری عیراق مام جه‌لال به‌ پله‌ی لیواو تا كۆتایی هاتنی ماوه‌ی ئه‌و خوله‌ی سه‌رۆكایه‌تی، به‌رده‌وام بووه‌.

رائید جه‌لال وه‌ك كه‌سێكی شاره‌زای بواری جه‌نگ و ستتراتیژی سه‌ربازی، سه‌رپه‌رشیتارو نه‌خشه‌داڕێژەر‌ی چه‌ند شه‌ڕوهێرشێكی هێزی پێشمه‌رگه‌بووه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌كانی رژێمی به‌عس ده‌كات.

هه‌روه‌ها به‌شداریی له‌ چه‌ندین نه‌به‌ردیدا كردووه‌، وه‌ك: داستانی قه‌یوان- ماوه‌ت له‌ ساڵی 1986 كه‌ سێ مانگی خایاند، ‎شه‌ڕه‌كانی سه‌ركردایه‌تی و دۆڵی جافایه‌تی، ساڵی 1987، ‎شه‌ره‌كانی ته‌ق ته‌ق و دێگه‌ڵه‌ له‌ مانگی پێنجی هه‌مان ساڵ.

شه‌ڕه‌كانی ئامێدی و كانی ماسی و سه‌رپه‌رشتی گرتنی مقر فه‌وجی راڤینان له‌ ناوچه‌كای بادینان، ‎شه‌ڕه‌كانی دۆڵی خانه‌قا و رواندز و دواتریش شه‌ڕه‌كانی قه‌ندیل له‌ ساڵی 1988.

ساڵی 2012 باری ته‌ندرووستی روو له‌خراپی ده‌كات و بۆ چاره‌سه‌ر رووده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، نه‌خۆشییه‌كه‌ی به‌رده‌وام بوو تا له‌ به‌یانی رۆژی هه‌ینی 31/7/2020 كۆچی دوایی كرد.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین رائید جه‌لال بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی نووسیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام مه‌رگ رێگه‌ی نه‌دا چاپیان بكات، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ منداڵه‌كانی سه‌رقاڵی ته‌واوكرنی ئه‌و كاره‌ن.

له‌ راسته‌وه‌: سێیه‌م كه‌س جه‌لال عه‌بدولقادر- رائید جه‌لال، شه‌هید هاشمی جیهازو پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی هاوڕێیان له‌سه‌ر گۆڕی شه‌هید ئیبراهیم .
گوندی بازێ- بادینان، ساڵی 1988

 275 جار بینراوە