سەرەکی » هەواڵ » بافڵ تاڵەبانی: پێویستە هەموومان پێکەوە دوور لە موزایەدەو ناکۆکی خەمی جدیی شنگال بخۆینپەڕە 3

بافڵ تاڵەبانی: پێویستە هەموومان پێکەوە دوور لە موزایەدەو ناکۆکی خەمی جدیی شنگال بخۆین

ئەمڕۆ بە خەمێکی قووڵەوە یادی داگیرکردنی شەنگال و جینۆسایدی ئەو خوشک و برا ئێزیدییانە دەکەینەوە کە بۆ هەمیشە وەک برینێکی ساڕێژنەبوو لە ویژدانی نەتەوەییماندا دەمێنێتەوە. دروود بۆ رۆحی شەهیدان دەنێرین و هیوای گەڕانەوە بۆ ئەو خوشک و برایانە دەخوازین کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

ئەمڕۆ کە حەوت ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە مێژووییەدا تێدەپەڕێت، بەداخەوە بەشێکی زۆر لە خوشک و براکانمان لە دۆخێکی خراپدا لە کەمپەکان و دوور لە زێدی خۆیان ژیان بەسەر دەبەن و هیچ هەوڵێکیش بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچەیە نەدراوە و سیمای ژیانی بۆ نەگەڕێنراوەتەوە. ئەمەش مایەی نیگەرانی ئێمەیە و پێویستە هەموومان پێکەوە دوور لە موزایەدە و ناکۆکی خەمی جددی شەنگال بخۆین و هەوڵەکانمان لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە و ئارامی بۆ شەنگال و خەڵکە خۆشەویستەکەی چڕ بکەینەوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکە بۆ بووژاندنەوەی شەنگال و بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە گەورەیە و بەدەنگەوەهاتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. دەبێت حکومەتی عێراق لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ قەرەبووکردنەوە و ئاساییکردنەوەی ژیان لە شەنگال و چیتر ئەو ناوچەیە نەبێتە مەیدانی ململانێ سیاسییەکان.

سڵاو لە رۆحی پاکی شەهیدان و هیوای سەرفرازی بۆ خوشک و برایانی ئێزیدی و سەرجەم خەڵکی خۆشەویستی کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 154 جار بینراوە