سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » چەسپاندنی ناوەندێتی دیموکراسی لە حزبداپەڕە 3

یەکبێژ

چەسپاندنی ناوەندێتی دیموکراسی لە حزبدا

دیموکراسی سیستمی بەڕێوەبردنە، ئەوانەش کە لەژێر چەتری ئەو سیستمەدا دەژین، دەبێت واخۆشکرابن و وافێر کرابن کە پەیڕەوی ئەو سیستمە بکەن، ئەویش بە رێزگرتن لە یاسا و قبوڵکردنی کەسانی دیکە بە جیاوازیی بیروبۆچوونیانەوە، دەنا ئەگەر تاکەکان لەم مانایە تێنەگەیشتبن و دیموکراسییان تەنها بۆ جوانکاریی قبووڵ بێت، ئەوا سیستمی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنەکەش سەرکەوتوو نابێت.

هەموو حزبێک لە کۆنگرەدا پەیڕەوی ناوخۆی خۆی دادەرێژێت و هەر کەس بیەوێت لەو حزبەدا کار بکات دەبێت بیخوێنێتەوە و پەسەندی بکات و لێی لانەدات، چونکە هەر لەوێدا سزاکانی لادان لە پەیڕەو دیاریی کراوە.

حزب سیستمی بیموکراسی بەکاردەهێنێت، چونکە ئەمە جوانترین سیستمی بەڕیوەبردنی سەردەمە، بەڵام بەو مانایە نا کە لە کۆبوونەوەی ئۆرگانێک یان شانەیەکی حزبیدا لەکۆی 10 کەس هەریەکە و رایەکی جیاوازی هەبێت، رای حزب کە لە باڵاترین دەسەڵاتەوە کە بەزۆرینەی دەنگ پەسەندکراو دەرچوو، دەبێت لەلایەن هەموو ئەندامانەوە بەهەر پلەیەکەوە کە هەیانە جێبەجێ بکرێت، ئەوەشی لێی لابدات دەبێت سزا بدرێت. یان دەبێت بچێتە دەرەوەی ئەو حزبە، ناکرێت لەناویدا بمێنێتەوە و رای دژبە حزبەکەشی هەبێت، دەکرێت رایەکەی خۆی بپارێزێت و هەڵیبگرێت بۆ کاتی یەکلاکردنەوە و دەرکەوتنی راستیی مەسەلەکان، ئەوکاتە بیخاتەوەڕوو و بیسەلمێنێت کە ئەو راستی وتووە.

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەسەرەتای دروستبوونییەوە بەوە ناسراوە کە فرەڕای جیاوازی تێدابووە، بەتایبەتی لەناو ئەندامانی سەرکردایەتییەکەیدا، لە زۆرێک لە قۆناغەکاندا توانراوە بە پارێزگاریی(ئیحتفاز) بەڕای جیاوازی کەسەکانەوە رووداو یان قۆناغەکە بەیەک هەڵوێستی تێپەڕێنرێت و لە بەرژەوەندیی گشتی بەکار بهێنرێت، بەڵام لە قۆناغی واشدا هەبووە کە ئەم فرەڕای جیاوازە کاریگەریی خراپی هەبووە بۆسەر هەڵوێستی حزبەکە و یەکڕیزیی ئۆرگانە جیاجیاکانی.

لای هەموان روونە کە هەرچەندە یەکڕیزیی ناو ئۆرگانەکانی حزب بە تین بێت، زۆر لەوە زیاتر دەتوانن زاڵ بن بەسەر هەموو کۆسپەکاندا، کە ئەمەش بوو، دەتوانن ئەو دروشمە ستراتیژییانە بەدیبێنن کە خەباتی بۆ دەکەن.

ئەمڕۆ لە دۆخی خەباتی شاخدا نین، دەبێت حزب خاوەنی پەیڕەوێکی تەواو داڕێژراوی مۆدێرنی حزبی بێت، بۆ هەموو ئەوانەی تیایدا ئەندامن وەک یەک لێپرسینەوە، سزا و پاداشت هەبێت، نابێت چاوپۆشی لەهەڵەی هیچ ئەندامێک بکرێت و رێگەی پێبدرێت رەفتاری شەخسی دوور لە بەرژەوەندیی گشتی حزب بکات و لەسەری کەڵەکە ببێت تا دواجار بگاتە گەندەڵی و لادان لە بیروباوەڕی حزبەکە.

هیچ ئەندامێک لە پلەی باڵای حزبیدا بێت یان لە بنکەی جەماوەریی، ناکرێت لە دەرەوەی سیاسەتی حزبەکەی لێدوان بدات و بڵێت ئەمە لای ئێمە واریدە و لەسەرەتاوە هەر وابووین.

لە حاڵەتێکی لەوجۆرەدا پێویستە ئەوەی ئەو لێدوانەی داوە سزای راستەوخۆ بدرێت و کارەکانی سڕ بکرێت، ئەم رێکارە ریزەکانی حزب پتەو دەکات و دووری دەخاتەوە لە کەرت و پەرت بوون، یان ئەوەی کە سەرکردەیەک لەناو حزبەکەدا بتوانێت رێکخستنێکی جیاواز بۆ خۆی پێکبهێنێت و کەی لە حزب جیابۆوە ئەوانیش دوای خۆی بخات.

لەناو حزبدا توانای ئەندامەکان جیاوازن، تیایاندا هەیە کەسی قاڵبۆوەی ناو سیاسەتە، بیروبۆچوونەکانی زۆربەیان لەکاتی خۆیدا باشن و ئامانج دەپێکن، دەبێت حزب هەمیشە حساب بۆ ئەم جۆرە کەسانە بکات و رێگەیان بۆ فراوان بکات تا ئەزموونەکانیان بخەنەگەڕ بۆ پێشخستنی حزب و رێکخستنەکانی، ستایشکردنی رێکخستنەکان و کادرەکان پێش دەخات، ئەگەر تەنها بە نامەیەکی سەرەوەی ئۆرگانە حزبییەکانیش بێت، بەسەرکردنەوەی کادر و ئەندامان پەیوەندییە حزبییەکان پتەوتر دەکات.

ئەندام دەبێت هەست بکات کە جێگەیەکی هەیە لەو حزبەدا و بەهی خۆی بزانێت، بەتایبەتی بۆ حزبێکی وەک یەکێتی کە لەم قۆناغەدا هەڵگری دروشمی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانی و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە، لەهەر کات زیاتر دەبێت پردی پەیوەندییەکانی سەرەوە لەگەڵ خوارەوە پتەوتر بێت.

گرتنەبەری هەندێک رێکاری توند و لەکاتی خۆیدا، لەلایەن سەرکردایەتییەوە بۆ خوارەوە یان بۆ ئەندامەکانی ناو دەستە باڵاکەی بەڕێوەبردن، کارێکی ئاسایی ژیانی حزبییە و پەیوەستە بەو پەیڕەوە ناوخۆییەوە کە هەمووان دەنگیان پێیداوە، هەموو کاتیش بڕیار و رێکاری نەرم و لاستیکی ئاسا، لەخزمەتی حزبدا نابێت، بەڵکو ئەو نەرمی و رێزگرتنە لە رای جیاواز و نەگرتنەبەری هیچ رێکارێکی لێپێچینەوە و سزادان، حزب تووشی کرمێبوون دەکات.‌‌‌‌‌‌‌‌

 308 جار بینراوە