سەرەکی » ئابووری » لیژنەی وردبینی 13 رۆژ لەسلێمانی دەبن

لیژنەی وردبینی 13 رۆژ لەسلێمانی دەبن

ئێوارەی دوێنێ 26-2-2018 كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ پارێزگاری سلێمانی‌و سكرتێری رۆژنامەوانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سازكرا.
لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: لیژنەی وردبینیكردنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان‌و لەئێستادا لەشاری سلێمانین. ماوەی 13 رۆژ دەمێننەوەو دەبێت لەو ماوەیەدا راپۆرتی كۆتایی وردبینی وەزارەتەكان تەواو دەكەن جگە لەمووچەی وەزارەتەكانی پەروەردەو تەندروستی‌و هەروەها هێزە ئەمنییەكان، چونكە وردبینی ئەوانە تەواوبوون.
وتیشی: «ئەو لیژنەیە لەگەڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی كۆدەبنەوەو راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتییەكان‌و لیستی مووچەخۆران وەردەگرن».
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد: هەموو كارئاسانییەكمان بۆ لیژنەكە كردووە كە 22 كەسن.
هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، سەمیر هەورامی سكرتێری رۆژنامەوانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لیژنەكە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی دەكەن.
وتیشی:»ئەو لیژنەیە بەڕەسمی كار لەسەر لیستی سیستمی بایۆمەتری دەكەن‌و هەركەسێك ناوی تۆمارنەكرابێت ناوی لەو راپۆرتە نابێت كە ئەو لیژنەیە ئامادەی دەكات».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*