سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » داوادەکرێت فەرمانگەکان لە رێگەی ئۆنلاینەوە كاروباری هاووڵاتیان جێبەجێ بكەنپەڕە 3

داوادەکرێت فەرمانگەکان لە رێگەی ئۆنلاینەوە كاروباری هاووڵاتیان جێبەجێ بكەن

لە بەسەركردنەوەیەكدا بۆ یەكێك لە بنكەكانی فرۆشتنی وزەی كارەبا لە شاری هەولێر، دیاربوو بڕیارەكەی وەزارەتی كارەبای هەرێم لە بارەی گەڕانەوەی قەرزەكانیان كاریگەری هەبووە و قەرەباڵغیەکی زۆر هەبوو، دیاربوو رێژەی ئەوانەی بەمەبەستی تەسلیمكردنی پارەی كارەبا هاتبوون بەراورد بە پێش بڕیارەکە زیادیکردووە بەجۆرێك خەڵكی نۆرەیەكی زۆری گرتبوو و ماوەیەكی زۆریش چاوەڕوانبوو بۆ ئەوەی قەرزی كارەباكەی خۆی بداتەوە بە حكومەت.

هاووڵاتیان پارەی كارەبا دەدەن و حكومەتیش ئاگاداریان دەكاتەوە ئەگەر قەرزەكان نەگەڕێننەوە كارەباكەیان دەبڕێت، بەڵام ئەوەی نیگەرانی کردوون وەک هاووڵاتیان باسیانکرد پەیڕەوکردنی شێوازی كۆنی بەرێكردنی مامەڵەی هاووڵاتیانە لە فەرمانگەكانی حکومەت بەگشتی و کارەبا بەتایبەتی، لە كاتێكدا ئێستا تەكنەلوجیا پێشكەوتووە و فەرمانگەکان دەتوانن لەرێگا ئۆنلاینەوە زۆربەی كاروباری هاووڵاتیان جێبەجێ بكەن.

نۆرەگرتنێكی زۆر و درەنگ بەرێكردنی مامەڵەكانیان خەڵكی بێزاركردبوو، پرسیاریان دەكرد «بۆچی ئیش وکارەکانیان بە خاوی دەڕوات و لەو هەموو فەرمانبەرە زۆر بۆچی تەنیا یەك كەس مامەڵەی چل تا پەنجا كەس بەرێ بكات»، مامەڵەی هەر هاووڵاتیەک دوو بۆ سێ سەعاتی پێدەچوو تا پارەی كارەباکەیان دەدا، لەکاتێکدا پڕۆسەکە خۆی هەمووی چەند دەقیقەیەکی پێویستە.

هاووڵاتیەک لە نۆرەی بەڕێکردنی مامەڵەکان وەستابوو، فایلێکی بەدەستەوە بوو، بۆ کوردستانی نوێ وتی: شتێكی باشە دەبینین زۆربەی ژوورەكان بە كۆمپیتەر كاردەكەن و لە رێگای سیستەمێكەوە ناوی هاوبەشانی كارەبا دەدۆزنەوە و دەزانن چەند کارەبایان خەرجکردووە، پێویستە ئێستا هەرێمی کورستان بگاتە ئەو ئاستەی بە شێوەی ئەلكترۆنی و لە رێگای ئۆنلاینەوە مامەڵەی فەرمانگەكان بەرێ بکریت، لە نێوشیاندا پێدانی پارەی كارەبا، بۆ ئەوەی فەرمانگەكان توشی ئەو قەرەباڵغیە زۆرە نەبنەوە و هاووڵاتیان ماندووبن.

هاتنەوەی کرێی زۆری كارەبا
هاتنەوەی کرێی زۆری كارەبا گلەییەكی دیكەی بەشێک لە هاووڵاتیان بوو، ئەوان بەگومان بوون لەوەی ئەوەندە كارەبایان خەرجكردبێت، وەك یەكێكیان باسیکرد ئەو لە خانوویەکی سەد مەتریدایە، دوو سپلیت و فێنکەرەوەیەکی هەیە، کەچی بۆ ئەم مانگە نزیكەی سەدهەزار دیناری بۆ هاتۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی هەر لەم مانگە بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبای مولیدەی ئەهلی چواردە بۆ پازدە هەزار هەژماركراوە، واتا ماڵێك ئەگەر چوار ئەمپێریان هەبێت، شەست هەزاریان بۆ نووسراوە، لەگەڵ پارەی كارەبای نیشتمانی دەكاتە نزیكەی سەدوپەنجا هەزار دینار، بۆیە پێیانوابوو پارەیەکی زۆر دەدەنە کارەبا و کێشەکەش هەر بەردەوامە.

هاووڵاتیەکی دیکە كەسێكی تەمەن سەرووی شەست ساڵ دەبوو، وەک خۆی وتی بەهۆی تەمەن و ئەو نەخۆشیانەی هەیەتی ماندوو و شەكەتە، گللەیی لە فەرمانبەران دەکرد کە وەك پێویست وەڵامی پرسیارەکانی خەڵکی نادەنەوە و وتیشی ماوەی نیو سەعاتە لێرە نۆرەم گرتووە هێشتا فەرمانبەرەكەم نەبینیووە تاكو مامەڵەكەم لێوەربگرێت، پێشتریش سێ چارەکە سەعات لە بەردەم ژوورێكی تر بووم، دواتر وتیان کارەکەت لەم ژوورە نییە بڕۆ ئەو ژوورەی تر، جیا لەوەش خەڵكی دیكە بەناوی مامەڵەی دووبارە و نیشاندانی ناسنامەی پارێزەری لە دەرگاوە دەچنە ژوورەوە واستە دەكەن‌، ئەوان بە چەند چركەیەك مامەڵەكانیان تەواودەكەن، لە کاتێکدا ئێمە لە پەنجەرەکەوە بەو گەرمایە نۆرەمان گرتووە.

فەرمانبەران بەباشی کاری خۆیان ناکەن
هاووڵاتیەکی دیکە وتی، من لەم ماوەیەدا سێجار هاتووم تا پارەی كارەبا بدەم، جارێكیان وتیان سەری مانگە پارە وەرناگرین، دووەم جار لە سەعات 11ەوە خەریكی بەرێكردنی مامەڵەكان بووم، تا 1ی نیوەڕۆ راستەوخۆ، پاشان پەنجەرەكانیان داخستوو و وتیان دەوام تەواو بوو، ئەمجارەش هاتووم لە سەعات 10ەوە خەریكی مامەڵەم، تا ئێستا کە سەعات 12یە چوار ژوورم كردووە.

وتیشی، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی مامەڵەکان بەڕێدەكەن زۆر كەمترە لە هاووڵاتیان، هەر ئەمەش وایكردووە هەر كەسێك بۆ تەواوکردنی مامەڵەکەی دوو تا سێ سەعاتی پێویست بێت.

لەولاشەوە پیاوێک منداڵێکی بچووکی لەگەڵ بوو دەیگوت ئەو پارەی بۆی هاتۆتەوە زۆرە ئەو بەیەکجار بۆی نادرێ، دەیویست بیکات بەقیستی مانگانە، پێشتریش ئەو هەواڵەی زانیبوو کە حکومەت رێگەیداوە قەرزەکانی کارەبا بەقیست وەربگرێتەوە، ئەو لەو بارەیەوە وتی (قەرزێكی زۆری كارەبام لەسەرە، داوام كرد بۆم بكەن بە قیستی مانگانە، لەبەر ئەوەی كرێچیم سەعاتی ماڵەکەم بەناوی خاوەن خانووەکەیە، بۆیە ویستیان كێشەم بۆ دروستبکەن، وتیان دەبێ خاوەن خانووەكە خۆی بێت، دواتر هەرچۆنێك بێت رازیمكردن، پاشان وتیان بڕۆ بۆ ژووری ژمارە نۆ، دوای سێ چارەکە سەعات لە نۆرەگرتن، گوتیان کاکە ئیشی تۆ لەم ژوورە نییەو بڕۆ ژمارە هەشت لەوێ دوا حسابی قەرزەكانت بهێنەوە، لەو ژوورەش نیو سەعات وەستام، جارێكی تر گەڕامەوە ژووری تەنیشتی، بەراستی زەحمەتی و ماندوبونێکی زۆرم بینی تا پارەی كارەبام دا).

حکومەتیش قەرزاری ئێمەیە
ئەوانەشی مووچەخۆری حكومەت بوون، دووبارەیان دەكردەوە كە ئەوان چەندین ملیۆن دیناریان لە لای حكومەتە و لە رێگەی پاشەكەوت و لێبڕینەوە پێیاننەدراوە، بۆیە بەردەوام ئەو پرسیارەیان دەكرد بۆچی حكومەت داوای قەرزی كارەبا دەكاتەوە، ئەی قەرزەکەی ئێمە لە لای حكومەت؟

پرسیارەكانیان هەر لە بازنەیەكی داخراو دەسوڕایەوە، بەبێ ئەوەی هیچ وەڵامێکیان دەست بكەوێت، چونكە پێشتر ئەنجومەنی هەر سێ پارێزگاگەی هەرێم یاداشتێكیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد و داواكاربوون لە بڕی پارەی خزمەتگوزارییەكان، حكومەت لەو پارەیە كەمبكاتەوە كە لە مووچەخۆرانی پاشكەوتكردوە یان بە ناوی لێبڕین پێی نەداون، کەچی وەڵامی ئەو داواکارییە نەدرایەوە.

 343 جار بینراوە