سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » مێرکل شوێنگرەوەی خۆی دیاریکرد

مێرکل شوێنگرەوەی خۆی دیاریکرد

دوای ئەوەی «پیتەرتاوبەر»ی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کریستیان وازی لەپۆستەکەی هێنا،ئەنجێلا مێرکلی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا نزیکترین هاوڕی ودۆستی خۆی «ئەنگرێت کرامپ کارنباوەر» ژنە سەرکردەی پارتەکەو ڕاسپارد بۆئەو پۆستەو لەمڕۆژانەش ئەو ژنە سیاسەتمەدارە کەسەرۆکی حکومەتی هەرێمی سارلاندە، دەست لەپۆستە حکومەیەکەی دەکێشێتەوەو خۆی تەرخان دەکات بۆ هەڵسوڕاندنی کاروبارەکانی پارتەکەیان. نزیکەکانی خاتو مێرکلیش دەڵێن: لەداهاتوو هەر ئەو ژنە کەبە مێرکلی بچوک ناسراوە، دەبێتە شوێنگرەوەی ئەنجێلامێرکل و لەئێستاوە ئامادەی دەکات.

دەمێکە لەگەڵ مێرکل هاوڕێن
ئەو ژنە سیاسەتمەدارە هاوڕێ و هاوبیری مێرکلەو لەسەر یەک هێڵ کاردەکەن، لەناو پارتەکەیاند کە بە هێڵی ناوەند ناسراوەو لەبەرامبەر هێڵی توندڕەوی نەیاریان، هەمیشە نەرمی دەنوێنن لەبەرامبەر ئەو دۆسیانەی کە هەمیشە دەبێتە مشتومڕی ناو پارتەکە.

لەدوای مێرکل دووەمینە
هەرچەندە بەشێک لە ئەندامانی ئەو پارتە داوا دەکەن گەنجێک بکرێتە سەرۆک بەڵام مێرکل بڕیاریداو ئەم پرسە لەکۆنگرەی پێشوەختی پارتەکەیان لە ٢٦ ی ئەم مانگە لەبەرلینی پایتەخت دەنگی لەسەر دراو بەکۆی ٩٨٪ ی ئەندامانی کۆنگرە ئەو کاندیدە کرایە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کریستیان.

شیاوە بۆ ئەو پۆستە
بە پێی تێڕوانینی شارەزایانیش ئەو پۆستە قابیلی ئەو ژنەیە،چونکە سیاسیەکی لێهاتوو و ژیرە و تەمەنیشی ٥٥ ساڵ و کامڵە، لەگەڵ لایەنەکانیش پەیوەندی باشی هەیە، بەو پێیە لەدوای مێرکل بووە دوەمین ژنە سیاسەتمەداری ئەڵمانی کە پۆستی سەرۆکایەتی ئەم پارتە وەربگرێت، چونکە مێرکل لە ١٩٩٨ تا ٢٠٠٠ ئەو پۆستەی هەبوەو دوای وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژکار دەستی لەکارکێشابۆوە.

کابینەی حکومەت
بەپێی کەناڵەکانی میدیا هەر لەو کۆنگرەکە بە زۆرینەی دەنگ بڕیار لەسەر ئەو هاوپەیمانێتیەدرا، کە سەرکردایەتی پارتەکەو ئەنجیلا میرکل لەگەڵ پارتی سۆسیالدیموکرایدا مۆریان کردبو بۆ پێکهێنانی حکومەت و مانەوەی مێرکل لەپۆستەکەیدا، کاندیدەکانی مێرکل بۆ پۆستە وەزاریەکان ڕەزامەندی کۆنگرەیان بەدەستهێناو پێدەچێت لەماوەی نزیکی داهاتوو و دوای پێنج مانگ لە دانوستان، کابینەی ئەم حکومەتە ڕابگەیەندرێت.

سەرۆک حکومەتێکی سەرکەوتوو بووە
لەکۆنگرەکەدا خاتو کارانباوەری جێگرەوەی مێرکل بەڵێنیدا کە لەسەر رێچکەی راستی و خزمەت بە بەرنامەی پارتەکەی و کۆمەڵگەی ئەڵمانی کاربکات، ئەم ژنە لە خولی ڕابردو ٢٠١٣ وئەمجارەش لە٢٠١٧ توانی لەڕابەرایەتیکرنی پارتەکەی لەهەرێمی سارلاند ٤٠٪ ی دەنگ بۆ پارتەکەی بێنێ وسەرلەنوێ ببێتەوە بە سەرۆکی حکومەت ، لەدوای راپرسیشدا کە لە هەرێمەکەدا سازدرابو، زۆرینەی خەڵک پێیان وابوە، ئەو کەسایەتیە دەستدەدات کە جێی مێرکل بگرێتەوە،بەتایبەتیش لەناو پارتەکەیاندا مێرکل ڕەخنەی زۆری لێگیراوە لە سیاسەتەکانی لەمەڕ کۆچ ودەرەوەو میانڕەوی لەدەسەڵاتەکانیدا، بۆیە پێیان باشە ئەلتەرناتیڤێکی گونجاو هەبێت کە جێگای بگرێتەوەو گۆرانکاری بکات.

کەسایەتیەکی کارامەو لێهاتووە
ڕۆژنامەی «سود دۆیچەزائیتۆنگ « لەمبارەیەوە نوسیویەتی: مێرکل لەمدواییەو لەسەروبەندی دانوستان لەگەڵ پارتی سۆسیالدیموکرات، سازشێکی زۆری بۆکردن و دەستبەرداری دوو پۆستی باڵای وەزارەتی دارایی ودەرەوەبوو، بۆیە ڕوبەڕوی ڕەخنەی توندبۆتەوە لەلایەن باڵی نەیاری پارتەکەی،جگەلەوەش کورتهێنانی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کریستیان لەهەڵبژاردنی ئەیلولی ڕابردو، هۆکارێکی تر بۆئەوەی هەمولایەک بەدوای کەسایەتیەکی تردا بگەڕێن کە سیاسەتێکی جیا لە مێرکل پیادەبکات، سیفەتی لێهاتویی و کارامەیی لە سیاسەت و بەڕێوەبردندا لەو ژنە کۆدەبێتەوە.
دەتوانێت قۆناغەکە تێپەڕێنێت
هەروەها پێگەی گۆڤاری فۆکۆس لەڕاپۆرتێکیدا نوسیویەتی: ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕابردوو کەتیایدا پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کەپارتێکی ڕاستڕەوە، دەنگی زۆری هێنا و بووە سیێەمین لەسەر ئاستی وڵاتەکە ، ئەمەش ئەڵمانیای خستە قۆناغێکی هەستیارو بەخۆداچونەوە بەسیاسەت، ئەمە وای لە مێرکل وپارتەکەی کردووە، کە گۆڕانکاری بکەن و وڵاتەکە نەخەنە ژێر ڕکێفی ڕاستڕەوەکان ،بۆیە کەسێکی زیرەکی وەک کارنباوەر دەتوانێ ئەم قۆناغە تێبەڕێنێ وئەزمونێکی باشی کارکردنی لە حیزب و حکومەتدا هەیە.

هەڵبژاردنێکی نایاب
ماڵپەڕی شپیگل ئۆنلاینەش لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەو ژنە سیاسەتمەدارە ڕوبەڕوی تەحەدای گەورە دەبێتەوەو لە باردوخێکی هەستیاردا هاتۆتە پێشەوە، مێرکل ئەگەر نەزانێت ئەو بارەی پێ ڕاست ناکرێتەوە، نایهێنێتە پێشەوەو نایکاتە جێگرەوەی خۆی، خۆیشی دڵنیایە لەوەی پارتەکەی قۆناغێک دەباتە پێشەوەو ئەو زیانەی بەری کەوتوە دەیگەڕێنێتەوە، بۆیە ماڵپەڕەکە ئەو بڕیارە بەژیرانە وەسفدەکاو دەڵێت: هەڵبژاردنێکی باشە.

 1,514 جار بینراوە