سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » پاریس، لە گەندەڵییە بەربڵاوەکەی لوبناندا هاوبەشە

دیدار لەگەل جۆرج کەڕووم

پاریس، لە گەندەڵییە بەربڵاوەکەی لوبناندا هاوبەشە

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

ساڵێک دوای ئەو تەقینەوەیەی بەشێک لە پایتەختی لوبنانی داڕماند، جۆرج کەڕومی مێژوونووس و وەزیری دارایی پێشووی لوبنان کۆمەڵە کتێبێکی دەربارەی جیهانی عەرەب نووسی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (Inhumanity)ی ئۆرگانی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسا، هەڵسەنگاندنێکی نیگەرانکەری سەبارەت بە بارودۆخی لوبنان خستەڕوو.

نیتراتی ئامۆنیۆم و رۆڵی حزبوڵڵا

لەبارەی ئەوەی کە دوای ساڵێک لە کارەساتەکەی بەیروت، چی دەربارەی ئەو تەقینەوەیە دەزانێت، کەڕومی دەڵێت: بێگومان ئێمە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە نازانین، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیش لەم بارەیەوە زۆر بە سیاسی کراوە و هەندێک حزبوڵڵایان تۆمەتبار دەکرد، کە نیتراتە ئامۆنیۆمەکەی هێناوەتە بەندەری بەیروت، بەڵام بەڕاستی ئەوە لۆژیکی نییە، چونکە سەرچاوەکانی چەک و چۆڵی حزبولڵا زیاتر لە رێگەی سوریاوەیە و نیتراتی ئامۆنیۆم بۆ دروستکردنی مادەی تەقینەوەی زۆر سەرەتایی بەکاردەهێنرێت. جیاوازیی چەکەکانی ئێستای حزبولڵا لەگەڵ ئەوەدا ئاسمان و رێسمانە. دادوەری بەرپرسی دۆسییەکە بەردەوامە لە کارەکەی، بەڵام ئەو گەورە بەرپرسانەی رۆڵیان لە بەڕێوەبردنی بەندەرەکەدا هەیە، بانگهێشتی دادگا کراون بەبێ ئەوەی وەڵامێک هەبێت. دۆسییەکەش بە بنبەست گەیشتووە.

سەبارەت بەوەش کە چۆن پێناسەی بارودۆخی کۆمەڵایەتیی هەنوکەیی دەکات رایگەیاندووە: بەیروت بۆتە دۆزەخ، هەرچەند هێشتا ئێمە دەبینین بۆ چینی بۆرژوازی وەکو ئەوە وایە نەبای بینیبێ نە باران، هیچ شتێک نەگۆڕاوە و بە هەڵەشەیی پارە خەرج دەکەن. تا رادەیەک لیرەی لوبنان هیچ بەهایەکی نییە.

دەشڵێت: پارێزگاری بانکی ناوەندی تۆمەتبارە بە سپیکردنەوەی پارە لە فەڕەنسا، سویسرا و بەریتانیا، ملیاران لیرەی لوبنان چاپ دەکات کە شێتانە دەبێتە هۆی هەڵاوسان، بەڵام زۆربەی لوبنانییەکان بە پێشبینیکردنی داتەپینی سیستمی بانکی و هاڕەکردنی لیرەی لوبنانی، پارەکانیان گۆڕیوەتەوە بە دۆلار. بە پێچەوانەوە، ئێمە زیاتر و زۆرتر کەسانی هەژار دەبینین هیچیان نییە و لەسەر شەقامەکان دەخەون.

دەستەبژێری فەرمانڕەوا بێئاگان
لەبارەی کاریگەرییەکانی تەقینەوەکەشەوە بە سەر سیاسەتی وڵاتەوە دەڵێت: بەداخەوە، چینی باڵادەست لەگەڵ پەرەسەندنی جووڵانەوەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی زۆر کاریگەر لە ساڵی 2019، هێشتا لەسەر کارە. ئەم گروپە، لەگەڵ ئەوەی خەڵک زۆر رەخنەی لێ دەگرن و سووکایەتی پێدەکەن، بەڵام تەواو چۆتە ناو قەپێلکەکەی خۆیەوە. لە دنیای خۆیدا بەندکراوە، تەواو بێئاگایە لەوەی خەڵکی لوبنان زۆر داماوە و لە سەبەتەی خۆڵ و خاشاکدا بەدوای خواردندا دەگەڕێت. بەردەوام ژمارەی سواڵکەر لە زیادبووندایە و هاوکات تۆ نمایشی سامانی گروپی گچکەی نوخبەکان دەبینی تووشی گێژبوونت دەکات.

ئەوە بانکدارانن بەم سیستمەی (بانکۆکراسی)یە کە لە جیهاندا زۆر بێوێنەیە و بە پێچەوانەی بنەمای مافەکانی مرۆڤە، ژیانی رۆژانەی ئێوە دیاری دەکەن: چەند مافی خۆتە لە ئەژمارە بانکییەکەت هەڵبگری، چۆن دەتوانی دەستت بەدۆلار بگات، دۆلار بە چەندین نرخ ئاڵوگۆڕ دەکرێت، کە بانکی ناوەندی لوبنان بۆ دەستەبەرکردنی داهات سوودی لێوەردەگرێت. ئەگەر چی ئەم سیستمە بەتەواوی رەخنەی لێ دەگیرێت، هێشتا سەرۆکی بانکی لوبنان لە پۆستەکەیدایە. یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری لوبنان بانگهێشتی نانخواردنی ئێوارە کراوە بۆ ماڵی سەرۆکی بانکی ناوەندی و ئەوە واتای پشتگیریکردنی دەرەکییە کە بەشێک لە چینی باڵادەستی لوبنان هەروەک لێی بەهرەمەندن. هاوکات نوێنەرانی فەڕەنسا بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی چارەنووسی ئەم وڵاتە سەردانی سعودیە دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە فەڕەنسا ئاگاداربێت: ئەوە فەڕەنسابوو لوبنانی گەورەی بنیاتنا، رێک بە هەمان شێوە کە لە ساڵی 1936 سیستمی سیاسی هاوبەشییەکانی نەژادی – ئایینی دامەزرا و ئەم پۆلێنکارییە، بە هەمان شێوە لە دەستووری لوبناندا دووپاتکراوەتەوە، دەبێت (بە کاتی) و لە بارودۆخی (سازان) دا بێت، هێشتا ئێمە ئازار بەدەستییەوە دەچێژیین. نەجیب میقاتی، مشتەری فەڕەنسایە، ئێمە پێشتر لە رێگەی جاک شیراک و پەیوەندی لەگەڵ رەفیق حەریری (باوکی سەعد حەریری، سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوە)، پاریس لە هەموو گەندەڵییەکاندا هاوبەشی تاوان بووە. نابێت ئەوە لەبیر بکەین. تەنانەت ئێمە ئاگامان لە بڕی ئەو چەکانەیە کە سەرۆک کۆماری پێشووی فەڕەنسا مانگانە وەری دەگرت و بڕی 800 هەزار فرەنکی فەڕەنسایی ئەوکاتە بوو.

کەڕومی سەبارەی بە دۆخی وەبەرهێنانی سیاسیی دەسەڵاتە ناوچەییەکان، لە سیستمی سیاسی لوبناندا روونیکردۆتەوە کە سەمیر جەعجەع-ی سەرۆکی عزبی کەتائیبی لوبنان کەسێکی تووندڕەوە، پەیوەندیی لەگەڵ سعودیەدا باشە، بەڵام لەوکاتەوە سپاردنەکان لەلایەن هەمان (بانکۆکراسی) وەستێنراوە، سیستمی بانکی دیکە لە کەنداو پارە راناکێشێت. کێ ئەمڕۆ پارە بۆ لوبنان دەهێنێت؟ تەنانەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی پیشەسازی یان کشتوکاڵی. پێویستە وڵاتەکەمان لە روانگەی خۆراکەوە خۆبەس بێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ کێڵگەی گەورەی حەشیش لە دۆڵی بیقاع بەبەرچاوی هەموومانەوەیە.

لەبارەی تێچووی کۆنفرانسەکەی پاریسەوە سەبارت بە دۆخی لوبنان کە ئیمانۆیل ماکرۆن سازیکرد و بڕی 300 ملیۆن یۆرۆی تێچوو، کەڕومی پێیوابوو کە ئامانج لەم کۆنفرانسە کۆکردنەوەی پارەیە بۆ هاوکاریی مرۆڤدۆستانە. ئەمە رێکخراوە ناحکومییەکانی ئەوێ بەهێز دەکات، کە هەموویان لە ژێر دەسەڵاتی خۆرئاوادان و لە ئەنجامدا پێگەی وڵات وەک دەوڵەتێکی (حائل- وڵاتێکی سەربەخۆی گچکەیە و کەوتۆتە نێوان چەند دەسەڵاتێکی رکابەر و لە ئەنجامدا مەترسی روودانی شەڕ لە نێوانیاندا کەم دەکاتەوە). ئێمە لە سەرەتای دروستبوونی لوبنانەوە لەبەردەم کاریگەریی دەرەکی فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا یان ئیسرائیلیدا بووین. بەتایبەت کە لوبنان سیمبولی کۆمەڵگەیەکە تێیدا مەسیحی و موسڵمانان پێکەوە دەژین.

فەرەنسا ئەم ناوچەیەی بەخشی بە تورکیا
سەبارەت بەوەش کە ئاخۆ قەیرانی ئابووری هەڕەشە لەم مۆدێلی پێکەوەژیانەی لوبنان دەکات کەڕومی پێیوابوو کە باڵیۆزی ئەمریکا ئێستا هەوڵ بۆ بەهێزکردنی سنووری نێوان سوریا و لوبنان دەدات بە ئامانجی بەرگرتن لە یەکگرتوویی ئاسایی نێوان دوو وڵات، کە بەشێوەیەکی دەستکرد لەلایەن ئیستعماری فەڕەنساوە لێک جیاکراونەتەوە. پێویست بە بیرهێنانەوەیە لەسەردەمی پارێزگاریی سوریادا، لەوێ هەوڵدرا بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی (عەلەوی) و دەوڵەتێکی (دروزی)، کە خەڵکی سوریا قبووڵیان نەکرد.

لەوە خراپتر، تەنانەت فەڕەنسا لەساڵی 1939، ناوچەی ئەنتاکیا، لانکەی هەموو کڵێسا و بەرپرسانی ئایینی ناوچەکەی بەخشی بە تورکیا.

سەبارەت بەوەش کە دوای ئەو هەموو قەیرانە مێژووییەی بەرۆکی لوبنانی گرتووە، ئایا هیچ ئاسۆیەک بەدیی دەکات؟ کەڕومی وتی: گەشبینی من لە بارودۆخی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و سعودیە سنووردارە. لە مێژە ستراتیژەکانی ئیسڕائیل کاردەکەن بۆ لە گرێژنەبردنی لوبنان، کە لە روانگەیانەوە بەهۆی هەمان پێکەوەژیانی نێوان کۆمەڵی جۆراوجۆری ئایینیەوە، بە دوژمنی بەزەبر ئەژمار دەکرێت. گروپە سیاسییە بێمتمانەکانی لوبنان لەناو وڵاتدا، سەر هەڵدانی کۆڤید19یان قۆستەوە، چونکە کۆتایی بە ناڕەزایی گەورەی دژی سیستمی سیاسی دۆگما هات.

هاوکاریکردنی رێکخراوە ناحکومییەکانی لوبنان زۆر باشە، بەڵام ئەوە شتێک نییە کە ئەم وڵاتە بە شێوازێکی بەردەوام لە تەنگانە رزگار بکات.

دەبێت هەنوکە لە لوبنان پەیڕەوی لە پڕۆژەی چینی و روسی بکەین: هاوشێوەی بووژاندنەوەی پاڵاوگەی ئەم وڵاتە یان هێڵی گواستنەوەی غاز لە قەتەرەوە کە دەتوانێت وزەی زیاتر بەم وڵاتە بگەیەنێت. کێشە ئەوەیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکارییەکانی خۆی مەرجدار بە لە ناوبردنی یان لاوازکردنی جێگا سەرنجی حزبوڵڵا کردووە، بەڵام ئەمە گریمانەیەکی بەتەواوی ناڕاستە.

ئەو حزبە بوو کە باشووری لوبنانی لە سی ساڵی داگیرکاری ئیسرائیل رزگارکرد.

سەرچاوە: melliun.org

جۆرج کەڕووم

 223 جار بینراوە