سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » پوتین: نامانەوێت بە دەمامكی پەنابەرەوە، چەكدار بێتە روسیاوە

پوتین: نامانەوێت بە دەمامكی پەنابەرەوە، چەكدار بێتە روسیاوە

دوای تێكچوونی دۆخی ئەفغانستان ‌و كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات لەلایەن چەكدارانی تالیبانەوە ‌و ویستی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان لە جێهێشتنی وڵاتەكەیان، ئەمریکا ‌و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا دەیانەوێت بە شێوەیەكی كاتی ‌و تا پێدانی ڤیزا پێیان، ئەو پەنابەرانە لە وڵاتانی دیكەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نیشتەجێ بكەن، بەڵام حكومەتی مۆسكۆ لەو هەنگاوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەوروپا نیگەرانە.

پوتین ئەو پێشنیازەی بە توندی رەتكردۆتەوە
ئاژانسەكانی هەواڵ لە روسیا، لە زاری ڤلادمیر پوتین سەرۆكی وڵاتەكەیانەوە بڵاویانكردۆتەوە: ململانێكان لە ئەفغانستان، كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دۆخی ئەمنیی روسیا دەبێت ‌و رەخنەی لەو وڵاتانەش گرتووە، كە لە هەوڵدان پەنابەرانی ئەفغانستان رەوانەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بكەن كە دراوسێی وڵاتەكەیانن، تا ئەو كاتەی ڤیزای چوونە ناوەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان ‌و ئەوروپا وەردەگرن.

سەرۆكی روسیا بەڵێنیشیداوە، كە لە دۆسێی ئەفغانستاندا هاوئاهەنگی لەگەڵ خۆرئاوادا دەكات، بەڵام نایانەوێت بە دەمامكی پەنابەرەوە، چەكدار بچێتە وڵاتەكەیانەوە ‌و هەموو هەوڵێكیش دەدەن بۆ گرەنتیی سەقامگیریی ئەفغانستان ‌و بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هاوبەشەكانیان لە ئەوروپا.

باسی لەوەشكردووە، كە هاوبەشە ئەوروپییەكانیان سوورن لەسەر نێشتەجێكردنی كاتیی پەنابەرانی ئەفغانستان لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، تا ئەو كاتەی ڤیزای ئەمریكا ‌و ئەوروپا وەردەگرن بۆ چوونە ئەو وڵاتانە.
پوتین ئەو پێشنیازەی بە توندی رەتكردۆتەوە و پرسیاری كردووە، كە ئایا دەكرێت ئەو پەنابەرانە بەبێ ڤیزا رەوانەی وڵاتانی دەوروبەر بكرێن، لە كاتێكدا خۆرئاواییەكان بەبێ ڤیزا پێشوازییان لێ ناكەن؟

مانۆڕی سەربازیی سوپای روسیا
دوو هەفتە لەمەوبەریش، وەك ئامادەكارییەك بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك بكرێتە سەر تاجیکستان، كە یەكێكە لە كۆمارەكانی پێشووی یەكێتیی سۆڤێت ‌و ئێستاش دۆستێكی نزیكی روسیایە، هەزار سەربازی روسیا لە تاجیكستان كە هاوسنوورە لەگەڵ ئەفغانستان، لە مانۆڕێكی سەربازیدا بەشداربوون.

لە بەیاننامەیەكدا، سەنتەری فەرمانگەی سەربازیی روسیا رایگەیاندبوو: نزیكەی هەزار سەربازی وڵاتەكەیان لە یەكێك لە بنكە سەربازییەكانی تاجیكستان، لە مانۆڕێكی سەربازیدا بەشداربوون، بە مەبەستی باشتركردنی توانای شەڕكردنیان.

ئاماژەی بەوەشكردبوو: لە مانۆڕەكەدا، هێزەكانی تۆپهاوێژ ‌و ئەندازەی سەربازی ‌و بەرگریی ئاسمانی ‌و جەنگی ئەلیكترۆنی ‌و هێزەكانی بەرگریی كیمیاوی ‌و بایۆلۆجی ‌و تیشكدانەوە بەشداربوون ‌و هەریەكەیان بەپێی تایبەتمەندیی خۆی، لەماوەی مانگێكدا ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 225 جار بینراوە