سەرەکی » کەلتوور » گەشتێک بۆ ئارارات

گەشتێک بۆ ئارارات

فەرەیدوون سامان*

2-2 و کۆتایی

هه‌ر به‌پێی راپۆرتی وڵاته‌كه‌ بۆ به‌شی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، سه‌ركرده‌ یان سه‌رۆك عه‌شیره‌تی ئێزیدییه‌كان فه‌رموویه‌تی كه‌ ئێزیدی له‌ ئەرمەنستان رووبه‌ڕووی هیچ كێشه‌یه‌كی جیاكاری نابێته‌وه‌. له‌ هه‌مان كاتدا ژماره‌یه‌كی زۆری منداڵانی ئێزیدی نه‌یانده‌توانی بچن بۆ قوتابخانه‌ به‌هۆی هه‌ژاری و نه‌بوونی خوێندنگەی تایبه‌ت به‌ زمانی خۆیان، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا له‌ سه‌رده‌می سۆڤیه‌تدا و له‌ ساڵی 1925، زیاتر له‌ 50 خوێندنگەی كوردی له‌ ئەرمەنستاندا كراونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌كی دی مه‌سه‌له‌ی گۆڕینی ئه‌لف و بێ، یان پیت کێشەیەکی تره‌ له‌ هۆكاره‌كانی نه‌خوێنده‌واری له‌نێو كورده‌كاندا. ئه‌وان سه‌ره‌تا به‌ پیتی لاتینی ده‌نووسن، له‌ سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وای ئه‌رمه‌نستاندا و له‌ ساڵی 1920 ناچار ده‌كرێن زمانی كوردی به‌ پیتی ئه‌رمه‌نی بنووسن، له‌ 1927دا جارێكی دی ده‌بێته‌وه‌ به‌ لاتینی، پاشان له‌ 1945دا ده‌بێ به‌ پیتی سیریلیك، باڵابوونی پیتی سیریلیکیش له‌ ئە‌نجامی باڵابوونی كڵێسای ئەرتۆدۆكس بوو له‌ مه‌سه‌له‌ی ته‌بشیری له‌سه‌ر ده‌ستی سلاڤییه‌كان به‌ ده‌ستنیشانكراوی سانت كیلرس و سانت میتۆدیوس، ئه‌م كاره‌شیان ته‌نیا چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك كارا بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئەرمەنستان هه‌ڵگری باوه‌ڕی ئه‌رته‌دۆكسین، تا ئێسته‌یش كورده‌كان به‌ هه‌ردوو پیت ده‌نووسن. کاتێک وڵاتانی دەرەوە ئەمڕۆ بەرگری لە کورد دەکەن، لەپێناوی بارودۆخێکی نەخوازراودایە کە لە داھاتووی نزیکدا کاریگەریی خراپی بۆ ئەوان دەبێت، نەک لەپێناوی کورد، کاتێک سیاسەتمەدارێکی دەرەوە دێتە ناو کۆبوونەوەیەک بۆ باردۆخی ئێستای جیھان و بەرگری لە کورد دەکەن کە ئەمڕۆ شەڕ دەکات و دەڵێن ئێزیدیش کوردن، نەک لە پێناوی ئێزیدیدا، بەو بەڵگەیەی لە 74 جینۆسایدی ڕابردوودا نەبوون بە خاڵی سەر وشەیەکیش لە لای جیھاندا. بۆیە کاتێک قسەکەر لەبری داواکردنی پشتگیری بۆپرسی ئیزیدییەکان، داوای ئێدانەی حکوومەتی ھەرێم دەکەن، دەڵێن حکوومەتی ھەرێم ڕێگەی نەداون چەک ھەڵگرن، ئەگینا وەکو کۆبانی بەرگرییان دەکرد. (ئەمە لە کاتێکدا کە ئایینەکەیان بەگشتی دژی چەک و بەکارھێنانی چەک و تەقەمەنی و توندوتیژییە). لە ھەمان کاتیشدا قسەکەر نە قوربان و نە لەو دۆخەشدایە کە ئێزیدی تێیدا دەژی، داوای ھاوکاری بۆ خۆی دەکات، ئەگەر قسەکەشیان راست بێت، گوێگر دەزانێت لە چ جۆرە قەیرانێکی عەقڵ و مۆراڵیدایە لەبری دەنگ کۆکردنەوە لە دەوری کێشەی ئێزیدییەکان، ڕوویەکی ھەڕەمەکی و دواکەوتووی گرووپێک دەردەخات کە تەنانەت لە قورسترین ساتدا بەھرەی نوێنەرایەتیکردنی دروستیان نییە. دەکرێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان شایانی ڕەفتاری و پەرچەکرداری خراپ بێت، بەڵام بۆ بێگانەیەک ئەوە ‘باردۆخی ناوخۆی خۆتانی پێ دەوترێت، لەبری کاریگەری ئەرێنی، کاریگەریی خراپی بۆ سەر دۆزی ئێزیدی دەبێت نەک کورد. ئەگەر ئەوانەی دڵسۆزی کەیسی ئێزیدی بن، تەنانەت گەر سەرجەم ئەو بانگەشانەی دەیکەن ڕاستیش بن، دەزانن کەی، چۆن و لە کوێدا بیگەیەنن. لەو دۆخەدا کە ئێزیدی لە لاوازترین خاڵی ژیان و لە کەناری مەرگدا وەستاون، تەنها خەڵکێک بەرگرییان لێ دەکات ئەویش شەرڤان و پێشمەرگەی کوردە، ئیزەدییەکان بەو ژمارە کەمەی خۆیانەوە ئەمڕۆ وەکو ناویان ناوە‌ ئێزیدخان‌ شیان بۆ بکرێت بە دەوڵەتێک و بدرێتە دەستیان و ناوچەکەش لە داعش پاک بکرێتەوە، ھێشتا دەبن بە نێچیریەکی ئاسان و ڕاوکراو، بەو ژمارە کەمەی خۆیان و ئەزموونە لەرزۆکەیان لەگەڵ مێژووی چەکداری بە بێ ھاوکاریی حکوومەت و لایەن و خەڵکانێکی دی، ناتوانن لە سەردەمی ئێستادا خۆیان بپارێزن. کەواتە ئەو قسانەی دەکرێت لەپێناوی کێدا دەکرێن کە زیانی بۆ ئێزیدی ھەیە؟

جێگەی بەزەییە
زۆر جار خەڵکانێک خۆیان تەرخان دەکەن بۆ دژایەتیکردنی سیاسەتمەدارێک، تاکێک، حزبێک یان گرووپێک، لەبری دژایەتیکردنی فەرھەنگ، کولتوور، ئایدۆلۆژی و ئایدیای نادروست. جێگەی بەزەییە ئیتر ئەو خەڵکەش ئەم جۆرە قسەکەرە دەکەن بە پاڵەوان و لە ھەر کەناڵ و سۆنگەیەکەوە دەرکەوت دەیکەن بە مەکۆی گردبوونەوە و باوەڕەکانیان، ئەمە لە کاتێکدا دوور نییە قسەکەر بەر لە جنێو نووسینەکانی، پارەکەی لە جنیو پێدراوە وەرنەگرتبێت. چونکە ئەوەندەی ئەم جۆرە قسەکەرە دەستی بە باڵای گەندەڵی، سیاسەتباز و سیستمی شەقەوە گرتووە، خودی دەسەڵات و تاک و گرووپەکە نەیانکردووە. چوون ئەو ئاکارە لە چەند رووەوە ھاوکاریی لایەنی دژایەتیکراو دەکات، یەک: لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە جەماوەر لە دژایەتیکراوەوە نزیک دەکاتەوە، کاتێک بە بەردەوامی بەبێ ڕەچاوکردنی خاڵە باشەکانی ژیان، کاری ھەر تاک و گرووپێک بەردەوام دەخەیتە ژێر چەکوشی سەرکۆنەکردن، خەڵک ئەگەر زارەکیش دەری نەبڕێت، ناوەکی ھەست بە نادادوەری دەکات، نایەوێت ببێت بە بەشێک لەو نادادوەرییە، لە ڕوویەکی دیکەوە لەبەرئەوەی ئەو جۆرە قسەکەرە چاک و خراپەکانیان بە شیوەیەک تێکەڵ دەکەن، نەک تەنھا لەبەرئەوەی خەڵک پێی ڕادێت و دەبێت بە نۆرمی کۆمەڵگە، بەڵکو ئەوە ڕاستەکانیش بە درۆ دەبینێت، جگە لە ھەڵگری گومان و دڵەڕاوکێ نابێت بە خاوەنی ھیچی دی، لەم ڕوانگەیەوە ناتوانم نیەتپاکیی ئەوانەی بەو شیوەیەی باسم کرد نوێنەرایەتیی ئێزیدیەکانیان دەکەن، ئەوانەش بەھانەیان بۆ وەھا ھەڵوێستێک ئەوەیە کە ئەوان توڕەن، بەڵام ھیچ تایبەتمەندیی سیاسی و دپلۆماسیی لەپشت نییە بۆ مرۆڤی سیاسەتمەدار، مەگەر سیاستبازەکان ئەو جۆرە مەعریفە دیماگۆگییە بکەن بە ڕووکەشی فرۆشتن و دەستبەردان لە میللەتی خۆیان بە شێوەی ژێر بە ژێر. چوون هاووڵاتی کورد ئەو جۆرەیە کە بە چاو بیر دەکاتەوە نەک عەقڵ، ئەم تەنزە ھاشوھوشە، بایەخی بێ ھاوتای ھەیە و خاوەن ئەو جۆرە ئاکارانە وەکو گوتم پاڵەوانەکانی مەیدانی کوردین، بۆیەش ئەم جۆرە ئاکارە کە بەشێک لە تەکنیکی پاڵەوانی ساختەیە بە بەردەوامی بەرھەم دێتەوە، نەک تەنها دژی ئێزیدی، بەڵکو دژی دەسەڵات و حزبە کوردییەکانیش، ئەو کەسانەی گوایە دژ بە بەرژەوەندیی کوردستانن، بەڵام لە راستیدا ئەوانەی کە بە ڕاستی دژایەتیان کردووە دارەدەستی سیاسەتبازەکان نەبوون یان کوژراون یان وڵات بەدەر کراون، ئەوانەی کورژراون تەکنیکی پاڵەوانی ساختەیان بە ڕاست زانیوە و لەژێر چەترە ساختەکەی ئەوانەوە خۆیان خستووەتە مەترسییەوە و بوون بە قوربانی. بۆیە بەکورتی ئەوانەی گوایە بە بەرژەوەندیی ئێزیدی، دژی کورد و پێشمەرگە قسە دەکەن، زۆر بەجێیە وا مەزەندە بکەین بۆ یەکێک لەو لایەنانەی لەگەڵ لەناوچوون و ناشیرینکردنی ئێزیدیدان، کار بکەن. چوون بۆچوونەکانیان ھیچ جیاوازیی نییە لەگەڵ قسەی ئەو داعش و توندڕەوە ئیسلامییانەی، پشتگیرییان لە بکوژانی ئێزیدییەکان دەکرد بە بیانووی ئەوەی ئەوان کورد نین و شۆفینیزمی عەرەب فێری کردوون و ھانی داون کە جنێو بە پێشمەرگە و کورد بدەن و بەردەوام لە ئینتمای کوردبوونیان دابماڵن، ئەمە بەشە ئاشکراکەی نێو ھۆڵەکان، بەڵام لە پشتی پەردەکانەوە چی گوزەراوە، چیرۆکێکی دیکەیە. ئەو چاوەی سەیری کوردە بەشداربووەکانی ئەو بۆنانە دەکەن کە بۆ پشتگیریی ئەوان ئامادەن، مامەڵەی داعشیش بەو شێوەیە ناکەن. بەڵگەیەکی کۆنکرێتیی تریش بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ئێزدییانە نوێنەری ساختەی ئێزیدیەکانن و لە بنەمادا دژی دۆزی رەوای ئێزیدییەکان کار دەکەن ئەوەیە. بۆ ھاوکاری و دەستکەوتنی چەند زانیارییەک سەبارەت بە ئایینەکەیان، سەرباری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەی دەیکەن هەر دژایەتی یەکێتی نەتەوەیی گەلی کوردستان نییە، بەڵکو دژایەتیی دۆزی رەوای ئێزدییەکانیشە، بەڵام بۆ کێ و لەپێناوی بەرژەوەندیی کێدا دەیکەن، ئەمە ئەرکی ئێزدییە سیاسەتزان و دڵسۆزەکانیانە ھۆشیاریی نوێنەرایەتی کردنی ساختە بدەن، ئەگەر کەسی باڵاش بێت. دەبێ ئەمانە کاتێک دێن وێنەیان دەگرن و لە دەرەوە بۆ خۆیان سواڵی پێ کۆدەکەنەوە، باشتر بخرێنە ژێر چاودێرییەوە، ئیتر لەوە تێبگەن کە کاتی ئەوە ھاتووە ئێزیدی شۆڕشی دیپلۆماسی، سیاسی و چەکداری بکات لە کاتی پێویستدا و بتوانێت ڕاڤەی ژیانی خۆی و بەڕیوەبردنی خۆی بە شێوەیەک بکات لەگەڵ سەردەمەکە و سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوخۆدا گونجابێت بۆ ئەوەی بتوانێت کەرامەت و ئاسایش بۆ ئەو بڕە کەمەیان ماون دابین بکرێت. لەوەش سەرووتر پێویستە ئامانجی کورد واتە خودی ئێزیدیش ئەوە بێت کە گرووپ و ئایینی ئێزیدی بنبڕ نەکرێت و بەشێک پەیوەندیی بە لایەنی ھۆشیاریی کۆمەڵایەتیی خۆیانەوە ھەیە، چۆن ڕێژەی خۆیان زیاد دەکەن و ڕادەگرن، بەشێکیش پەیوەندیی بە بەرنامە و ھۆشیاریی حکوومەتی ھەرێم و دەسەڵاتی کوردییەوە ھەیە لە دابینکردنی ئاسایش و تایبتمەندییەک بۆ ژیان و کولتوور و ئایینی ئێزیدی گونجابێت ، کە لە بەشی داھاتوودا لێوەی دەدوێین. لە ئەنجامدا ئەو پێشنیارەم لا گەڵالە بوو کە چۆن لەو رەوشە نالەبارە ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەی ئەوان بتوانین خزمەتی کوردانی ئەرمەنستان بکەین. ئەم داواکارییە دەخەمە بەرچاوی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بۆ بەرێز/ … … …

بابەت/ ناوندی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی کوردانی ئەرمەنستان

ئاشکرایە زمانی کوردی وەک هەر زمانی نەتەوەیەکی سەر ئەو زەمینە سەبارەت بە زۆر هۆکاری سروشتی و مێژوویی و سیاسی لە چەندان زار و بنزارو دەڤۆک پێکهاتووە. بۆتە گەنجینەیەکی دەوڵەمەنی وشە و زاراوەی پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، مخابن سەبارەت بە داگیرکاریی نیشتمانەکەمان، زمانە شیرینەکەشمان دابەش بووە و زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی و ئەرمەنی هەژموونی باڵایان بەسەر زمانی کوردی هەیە، هەرچەند خۆشبەختانە زمانی کوردی لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و هەروەها عیراقیشدا بە رەسمی ناسراوە بەڵام هێشتا زمانێکی هاوبەش و ستاندارمان نییە، جا بە مەبەستی پاراستنی یەکێتی نەتەوەییمان و پاراستنی زار و بنزارە کوردییەکان بەداخەوە کە دوای هەڵوەشانەی دەسەڵاتی سۆڤیەت خەریکە ناسنامەی کوردبوون کۆتایی پێدێت، بەتایبەت لەناو کوردەکانی ئەرمەنستاندا، داوا لە بەرێزتان دەکەین رەزامەندی بفەرموون بۆ دامەزراندنی ئەو ناوەندە کولتووریو کۆمەڵایەتییە لە شاری یەریڤانی پایتەخت، کە ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتی کوردی تیایە.پردێکی کولتووری لەنێوان رۆشنبیرانی باشوور و کوردانی یەریڤانیش درووست دەبێت.

ئێمە وەکو رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزری داواکارین ھاوکارمان بن بۆ سەرخسنی ئەو پرۆژە نەتەوەییە پیرۆزە هاوبەشەی نێوانمان، لەپێناو پاراستنی شکۆی زمانی کوردی و رێکخستنی ئەو ئەو پرۆژەیە، ھاوپێچ لەگەڵ ئەو داواکارییەماندا بەرنامە و تێچووی ناوەندەکە دەخەینە بەردیدی بەرێزتان.

پرۆژەی دامەزراندنی ناوەندی کولتووری کۆمەڵایەتی کوردانی ئەرمەنستان

دەبێت رەزامەندی نوێنەری دەوڵەتی ئەرمەنستان لە هەولێری پایتەخت مسۆگەر بکەن بۆ رەزامەندی لەسەر ئەم داواکارییە.

سەردانێکی فەرمی بۆ ئەرمەنستان بۆ پەیوەندیکردنی بە رۆشنبیرانی کوردی ناوچەکە.

پێداویستییەکانی دامەزراندنی ناوەندەکە ئەمانەن:

-یەکەم: دابینکردنی خەرجی کرێی ساڵێک بۆ بارەگای ناوەندەکە لە شاری یەریڤانی پایتەخت.

-دووەم: دابینکردنی کەلوپەل و پیداویستی ناو بارەگاکە لە کورسی و میز و دۆڵاب.

-سێیەم: دابینکردنی مامۆستای زمانی کوردی بۆ پەروەردە و فێرکردن و کردنەوەی خوولی فێربوونی بەردەوام.

-چوارەم: بانگهێشتی ژمارەیەک لە کەسانی رووناکبیر و زمانپەروەری کوردی ناوچەکە بۆ هاوکاری کردنی پرۆژەکە.

دەرکردنی گۆڤارێکی رۆشنبیری گشتی (مانگانە یان وەرزی) بە زاری کورمانجی خەلکی ناوچەکە.

سازکردنی کۆڕو سیمیناری هزری و وێژەیی و کردنەوەی پێشانگای هونەری و نمایشی فیلم.

خەرجی پرۆژەکە مانگانە؟ دۆلاری ئامریکی تێدەچێت.

لەگەڵ ئەوپەڕی رێز و سوپاسماندا.

*سەرۆکی رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزری

 256 جار بینراوە