سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » دارایی نوێنەران: پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 دەکەوێتە خولی داهاتووی نوێنەرانەوە

«پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم ئامادەیە»

دارایی نوێنەران: پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 دەکەوێتە خولی داهاتووی نوێنەرانەوە

هاوكات لەگەڵ چەندین پرس و دۆسێی گەرم، ئامادەكردن و پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022، یەكێكی دیكەیە لە پرسە گەرمەكان لە عیراق، لەوبارەیەوە ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 پەسەندبكات. ئەمەش لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی 10/10/2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق بەڕێوەبچێت.

״چاوەڕوان دەكرێت حكومەت بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی، كار بە یاسای بودجەی 2021 بكات״
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKmediaی راگەیاندووە: ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2022 پەسەند بكات، «ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت، ئەوا پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی داهاتوو دەكەوێتە خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە». وتیشی: پڕۆژەیاسای بودجە جیاوازە لە پڕۆژەیاساكانی دیكە، چونكە پەیوەستە بە سەرجەم وەزارەتەكان و پێویستی بە دانیشتنی بەردەوام هەیە لەگەڵ هەموو وەزارەتەكاندا، گفتوگۆش لەگەڵ وەزارەتەكاندا پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە و نابێت لە مانگێك كەمتر بێت. سەرباری ئەوەش، پێویستە خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە بكرێت و پاشان بخرێتە دەنگدانەوە، سەرجەم ئەم رێكارانەش بەلایەنی كەمەوە مانگ و نیوێكی پێویستە.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشداوە «زیاتر لە 200 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاندید كردۆتەوە و ئێستا هەموویان سەرقاڵن».

هەروەها شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەگەرچی پێویستە ساڵانە لە مانگی 10ی هەموو ساڵێكدا، پڕۆژەیاسای بودجە لە حكومەتەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت، بەڵام زۆرجار لەو كاتەدا پڕۆژەیاساكە ناگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، بەتایبەتی بۆ ئەمساڵ كە هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. وتیشی: لەكاتی پەسەندنەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022ی عیراق، كە بەدووری دەزانم حكومەت لەم بارودۆخەدا بتوانێت پڕۆژەیاساكە ئامادەبكات، چاوەڕوان دەكرێت حكومەت بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی كار بە یاسای بودجەی 2021 بكات.

پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم لەلایەكی دیكەوە، پەیوەست بە پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم، وەزیری پلاندانانی هەرێم رایگەیاند: پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم ئامادەیە.

د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم لە چەند رۆژی رابردوودا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان بە تەواوی ئامادەكراوە، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عیراقەوە، نەتوانراوە بودجەی هەرێم رەوانەی پەرلەمان بكرێت.

لیژنەی دارایی پەرلەمان نووسراوێك ئاڕاستەی حكومەت دەكات
هەرلەوبارەیەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لە رێگەی نووسراوێكەوە دوو داواكاری ئاراستەی حكومەتی هەرێم كردووە و تێیدا داواكراوە «پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022، رەوانەی پەرلەمان بكرێت»، هەروەك داواكراوە «لە كۆتایی ساڵدا دوو (بەیان مالی)، بۆ شەش مانگی یەكەم و دووەمی ساڵی 2021 و ژمێرەی كۆتایی و راپۆرتی چاودێریی دارایی ئاڕاستەی پەرلەمان بكرێت».

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە دوا كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووریدا، كە بەشێكی تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر بودجەی ساڵی 2021ی هەرێم، دوای گفتوگۆی ئەندامان و تاوتوێكردنی ئەو بابەتە، لیژنەكە بڕیاریدا لە رێگەی نووسراوێكەوە دوو داواكاری ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بكات، وتیشی: لە بڕگەی یەكەمی نووسراوەكەدا، داواكراوە حكومەتی هەرێم لە بری ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بۆ پەرلەمان، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022 ئامادەبكات، بۆئەوەی بتوانرێت لە كاتی یاسایی خۆیدا پڕۆژەیاساكە بۆ پەرلەمان بنێرێت.

ئاماژەی بەوەشدا «هۆكاری ئەو داواكارییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تائێستا وادەی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ بۆ پەرلەمان دیارنییە، لەكاتێكدا ئەگەر ئێستاش ئەو پڕۆژەیە رەوانە بكات، رەنگە پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە بكەوێتە كۆتایی ساڵ و ئەوكات گرنگییەكی ئەوتۆی نامێنێت، بۆیە باشترە ئامادەكاریی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو بكرێت.

سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی: سەبارەت بە داواكاریی دووەم كە لە نووسراوەكەی لیژنەی داراییدا ئاڕاستەی حكومەت كراوە، داوامان كردووە دوو (بەیان مالی) بۆ شەش مانگی یەكەم و دووەمی ساڵی 2021 بۆ پەرلەمان بنێرێت، هەروەها داوا لە حكومەتی هەرێم كراوە لە كۆتایی ساڵی 2021 ژمێرەی كۆتایی و راپۆرتی چاودێریی دارایی ئاڕاستەی پەرلەمان بكات، ئەوەش لە جیاتی یاسای بودجە.

 

 238 جار بینراوە