سەرەکی » راپۆرت » یادی دە ساڵەی كەناڵی ئاسمانیی كەركوك

یادی دە ساڵەی كەناڵی ئاسمانیی كەركوك

راپۆرتی: هێمن ئەحمەد

لە دوای ئازادکردنی ئەوە شارەوە، تەلەفزیۆنی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك دیاریی سەرۆك مام جەلال بۆ ئەم شارە دامەزرا، لە دواییدا و بەمەبەستی برەودان بە تەلەفیزیۆنەكە لە پەخشێكی لۆكاڵییەوە لە 3ی ئەیلوولی ساڵی 2011دا بووە كەناڵێكی ئاسمانی.

لە مێژووی كەركوكدا، ئەمشارە هەردەم پێشەنگ بووە لە بواری پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكانی رۆژگاردا، لە دوای بەغداوە كەركوك یەكێكە لەو شارانەی كە لەبواری تەلەفزیۆن و سینەمادا ناوبانگی خۆی هەبووە، لە كۆتایی شەستەكاندا تەلەفزیۆن لەم شارەدا هەبووە و تا ئێستاكە بەردەوامە و جۆرەها كەناڵی ئاسمانیی و لۆكاڵی تێدا پەخش دەكرێت.

لە مێژووی دە ساڵەی كەناڵی ئاسمانی كەركوكدا گەلێك بەڕێوەبەر و كارمەندی هونەری و پیشەیی جۆراوجۆر خزمەتیان بەم كەناڵە كردووە و جۆرەها بەرنامەی مێژوویی و كۆمەڵایەتی و ئاینی و تەندروستی و دیكومێنتاری و منداڵان بەرهەمیان هێناوە كە بەشێك لەو بەرنامانە تاوەكو ئێستا بەردەوامە.

دیكومێنتاری پێویستییەكی گرنگی كەناڵەكەیە
سمكۆ بەهرۆز كارمەندی بەشی دیكومێنتارییەكانی بۆ كوردستانی نوێ وتی: هەر لە كاتی دامەزراندنی ئەم كەناڵەوە لەم بەشە كاردەكەین، چەندان بەرنامەمان بەرهەمهێناوە وەك سەكۆی ئازاد، دیرۆك، گەشتی ژیان، كەڤنار و نزیكەی چوار سەد كاری دیكیۆمێنتاریمان بەرهەمهێناوە بە زمانی عەرەبی و كوردی، دیكیۆمێنتاری كۆڵەكەیەكی گرنگە بۆ كەناڵی ئاسمانیی كەركوك، چونكە ئەركی سەرشانمانە مێژووی ئەم شارە لەسەر بنەمای پێكەوە ژیان و راستگۆیی بە پێكهاتەكان ئاشنابكەین لەسەر ئەو رێچكەیەی كە چەپكە گوڵەكەی مام جەلال كە بناغەی بۆ داناوە، بۆیە دووبارە نووسینەوەی مێژووی كەركوك لەسەر رێچكەیەكی راست ئەركی كەناڵی ئاسمانیی كەركوكە، هیوادارم لە مەودوا بەشێوازێكی تر بە بەرگێكی نوێوە مۆمی یانزە ساڵەی داگیرسێنین.

بە چوار زمان هەواڵ پێشكەش دەكات
کەناڵی کەرکوک بە چوار زمانی کوردی، عەرەبی، تورکی و سریانی هەواڵ و بەرنامە پێشکەش دەکات، محێدین عومەر لێپرسراوی یەكەی پەیامنێران بەكوردستانی نوێی راگەیاند، پلانیان هەیە گرنگی بە سەرجەم رووداوەكانی شارەکە بدەن بەتایبەتی ناوچە جێناكۆكەكان و كێشە كۆمەڵایەتییەكان و سەرقاڵی فراوانكردنی تۆڕی پەیامنێرانین لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان.

دروشمی كەناڵەكە ئاشتی و پێكەوە ژیانە بۆیە بەرپرسانی کەناڵەکە هەوڵ دەدەن زۆر گرنگی بەو هەواڵ و زانیاری و بابەتانە بدەن کە ئاشەوایی نێوان پێکهاتەکانی سارەکە تۆخ دەکاتەوە، هەر بۆیە رۆژانە شەش گەشتی هەواڵ بە زمانی پێكهاتەكانی كەركوك لەو کەناڵەوە پەخش دەکرێت، جگە لە چەندین بەرنامەی سیاسی و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە لە ئاست خواست و داواکار بینەرەکانیاندا بن.

كارگێڕی سەرچاوەی ئیشەكان
ئەركان ئاغا جێگری بەڕێوەبەری كارگێڕی ئیدارەی كەناڵەكە کە لە نەتەوەی توركمانە، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لە رووی كارگێڕیی و بەڕێوەبەرییەوە هەنگاوی گەورەمان ناوە و توانیومانە بگەینە ئەو ئاستەی كە خزمەتی هەموو كارمەندان بكەین بەبێ جیاوازی بۆ ئەوەی لە ئاستی مەرامەكانیاندا سەركەوتووبین تا بگاتە ئەوەی كە پێویستی رۆژانەی كارمەندان جێبەجێ بكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە كەشێكی لەباردا كارەكانیان راپەڕێنن.

پڕۆژەی (HD)
بە مەبەستی زیاتر بەرەوپێشبردنی کەناڵەکە بەرپرسانی دەزگای میدیایی کەرکوک داوای بە (HD) کردنی کەناڵەکەیان کردووە و عیماد ناسیح سەرپەرشتیاری دەزگای میدیایی کەرکوک بەكوردستانی نوێی راگەیاند، هەوڵ هەیە كەناڵەكە بكرێت بە (HD) لەبەرئەوەی پەخشەكەمان لە ئاست و خواستی بینەرەكانماندا نییە.

وتیشی: ئێستا گرنگی زیاتر بە هەڵمەتی هەڵبژاردن ‌و سەرخستنی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان دەدەین، بەڵام دوای هەڵمەتەكە كار لەسەر گشت كێشەكانی نێو كەركوك دەكەن بەتایبەتی بابەتە كۆمەڵایەتییەکان لەبەرئەوەی سەرۆك مام جەلال هەمیشە گرنگی بە ئاشتەوایی نێوان نەتەوەكانی كەركوك دەدا بۆیە ئێمەش وەك كەناڵی ئاسمانیی كەركوك لەسەر ئەو رێچكەیە بەردەوام دەبین.

باسی لەوەشكرد، كەناڵەكە گرنگی زۆر بە بەرنامەی هونەری دەدات و هونەرمەندانی گشت پێكهاتەكان بانگهێشت دەكات و مەقام و قۆریات و گۆرانی بۆ سەرجەم پێكهاتەكان دەڵێن و ئەمەش كاریگەری تەواوی لەسەر پێكهاتەكان دەبێت و ئاشتەوایی لە نێوانیان دروست دەكات.

خواستی بەرەو پێشچوونمان هەیە
هەر لە یادەكەدا هەڤاڵ ستران عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی و سەرپەرشتیاری گشتی مەكتەبی راگەیاندنی (ی.ن.ك) رایگەیاند: داواكاری سەرەكی هەڤاڵانمان لە دەزگای میدیایی كەركوك و داواكاریشمان وەك مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی ئەوەیە كە كەناڵی كەركوك و گەلی كوردستان بكرێن بە (HD) بۆیە پێموایە یەكێك لە ئەركەكانی یەكێتی نیشتمانیی کوردستانە کە ئەو داوایە جێبەجێ بكات، چونكە تەكنەلۆژیان رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە گەیاندنی پەیامە سیاسی و راگەیاندنەكان.

 166 جار بینراوە