سەرەکی » کەلتوور » چەند کەسايەتيیەکی کورد لەبەڵگەنامەکانی ساڵی 1936 بریتانیادا

بەدواداچوونێک

چەند کەسايەتيیەکی کورد لەبەڵگەنامەکانی ساڵی 1936 بریتانیادا

عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی

1-2

شێخ مەحموود
لەبنەماڵەی ساداتی بەرزنجەیە. لە باوک و باپيرییەوە نفووسێکی عەشایەری و ئايينی لە هەموو ناوچەکانی کوردستانی باشوور بۆماوەتەوە.

پاش ماوەیەکی کەم لە داگیرکردنی عیراق لەلایەن بریتانیاوه، ساڵی 1918 کرا بەحوکمدار لە سلێمانی.

لە حوزەیرانی ساڵی 1919 دا شۆڕشی دژی دەسەڵاتی بریتانی بەرپاکرد، بریندارکرا و بۆ دورگەی (هنگام) لە کەنداوی(فارسی) نەفیکرا.

دووبارە ساڵی 1922 کرایەوە بە حوکمدار لە سلێمانی، پاش ئەوەی تورکەکان فەرمانڕەوا سیاسییەکانی بریتانیایان ناچار بە کشانەوە کرد.

ساڵی 1923 حکومەتی بریتانیا ناچار بوو، بەمەبەستی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی و وەستانی لە سنووری دیاریکراوی خۆیدا، چەند کارێکی چەکدارانە دژی بکات، چونکە هەوڵی ئەوەی دەدا نفوس و دەسەڵاتی خۆی بەرەو کەرکوک و هەولێر فراوان بکات.

دووبارە ساڵی 1924 سلێمانی داگیرکرایەوە، بەڵام تا ساڵی 1927 نەتوانرا بگەنە مەرجی لێک تێگەیشتن لەگەڵیدا، ئەو مەرجانەیش، ئەوە بوون، کە لە سیاسەت دوور بکەوێتەوە و لە دەرەوەی عیراق لە یەکێک لە دێکانی خۆی نزیك سنوور دابنیشێت.

ئەویش(پیران)ی هەڵبژارد، هەر لەوێ تا ساڵی 1930 بەبێ دەنگی مایەوە.

جارێکی تر هەستایەوە و شۆڕشی بەرپاکرد و ئەمەیش هانی دا جارێکی تر بۆ کۆڕی سیاسەت بگەڕێتەوە. بۆیە پێویستی کرد سەرلەنوێ هێزی پیادە و ئاسمانی بۆ دژایەتی کردنی بنێردرێت، لە 31 مایسدا لە پێنجوێن تەسلیم بوو، مانگانەیەکی بۆ تەرخان کرا و نێردرا بۆ شاری (حلە ) تا لەوێ نیشتەجێبێت، پاشان بۆ رومادی گواسترایەوە، ساڵی 1933 رێگەی پێدرا لە بەغداد دابنیشێت.

مانگانەیەکی لە لایەن حکومەتی عیراقییەوە بە بڕی 900 روپیە بۆ تەرخان کرا.

سێ کوڕی هەیە، رەئوف، بابا عەلی، لەتیف. رەئوف کەسێکی بێدەنگ و بەکار و کاسبە و لەسلێمانی دادەنیشێت. بابا عەلی، پاش ئەوەی خوێندنی لە کۆلێجی فیکتۆریا لە ئەسکەندەرییە تەواوکرد، نێردرا بۆ زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک بۆ خوێندنی ئابووریی سیاسی.

(لەتیف)یان نازپێدراوی باوکێتی و ئەگەر هەلی بۆ بڕەخسێت لەسەر ڕێی ئەو دەڕوات.

عەباسی مەحمود ئاغا
سەرۆکی هۆزی پشدەرە. بەشێوەیەکی گشتی حەز لە گێرەشێوێنی دەکات، بەتایبەتی ئەو وەختانەی پشێوی روودەدات.

لەگەڵ بابەکر ئاغادا ناکۆکە، بەڵام هەردووکیان سوورن لەسەر ئەوەی کە ئەم ناکۆکییەی نێوانیان نەبێتە هۆی لاوازکردنی هێزی عەشرەتەکە.

ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ
لەپیاوماقوڵانی کوردی سلێمانییە. ساڵی 1898 لەدایک بووە، بواری بۆ رەخساوە لەناو هاوچەرخەکانی خۆیدا زانیاریی زیاتر وەربگرێت و بخوێنێت. لە رۆژانی سەرەتای داگیرکردنی لیوای سلێمانیدا، پلەوپایەی ئیداریی جۆراوجۆری وەرگرتووە. ساڵی 1924

پاش دووبارە داگیرکردنەوەی سلێمانی، بووەتەوە بە موتەسەریف (هاوتای پارێزگاری ئێستا…. وەرگێڕ).

چەند جارێک حکومەتی عیراقی، هەوڵی ئەوەی داوە بیگۆڕێت و کەسانی تر لە جێی دابنێت، بەڵام ئەوانەی کە بۆ ئەم پلەیە هەڵدەبژێران سەرکەوتوو نەبوون.

لە ساڵی 1930 وە تا ئێستا (ساڵی 1933) ئەحمەد بەگ بێ دابڕان موتەسەڕیفە.

لە ژن و ژنخوازییەوە خزمایەتیی لەگەڵ خانەوادە دەسەڵاتدارەکانی عەشرەتی پشدەردا هەیە و موڵکیشی لە ناحیەی (سوور داش) هەیە. پیاوێکی رووخۆش و قسەخۆشە، روخسارێکی جوانی هەیە، هەموو کاتێک لای فەرمانبەران و ئەفسەرانی بریتانی خۆشەویست بووە. لە نیسانی ساڵی 1935 دا بە موتەسەڕیفی بۆ هەولێر گواسترایەوە.

بابەکر ئاغا
سەرۆکێکی بەهێزی نێو سەرۆکەکانی عەشرەتی پشدەری کوردە لە قەڵادزێ (لەسەر رووباری زێی بچووک لە باکووری شاری سلێمانی).

هەموو کات، لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ حکومەتدا لەسەرخۆ و بەویقار بووە، بریتانی بوو بێت یان عیراقی.

پیاوێکی بە توانا و بەڕێزە، هەر کەسێک لە نزیکەوە پەیوەندیی پێوە بکات رێزی لێ دەگرێت.

بەرهەڵستکارەکەی مەحمود ئاغایە، کە هەموو کاتێک دژی حکومەت دەوەستا، لەگەڵ ئەوەیشدا، لە تشرینی 1932 دا، هەردووکیان پێکەوە سەریان لە بەغداد دا و دڵنیاییان دا و لایەنگریی و ملکەچیی خۆیان بۆ حکومەتی عیراقی نواند.

جەلال بەگی بابان
کوردە و لە خێزانی بابانەکانە. لە ساڵی 1892 لە دایک بووە. لە سەرەتاوە، لە رۆژانی یەکەمی داگیرکردنی بریتانییەوە، بە شێوەیەکی چالاک پەیوەندیی بە نیشتمانپەروەرە توندڕەوەکانەوە هەبوو، لە ساڵی 1920 بۆ دورگەی (هەنگام) دوورخرایەوە. لە ساڵی 1921 ئازادکرا، ساڵی 1923 کرا بە قایمقام و تا تشرینی دووەمی ساڵی 1932 هەر لە بەڕێوەبردنی کاروباری مەدەنیدا پلەی موتەسەریفی لە ناسرییە و کەربەلا و هەولێر وەرگرتووە، پاشان لە حکومەتەکەی ناجی شەوکەتدا بووە بە وەزیری ئابووری و ڕیگاوبان و هاتووچۆ.

لە ئازاری ساڵی 1933 دا، لە کابینەکەی رەشید عالی گەیلانیدا بووە بە وەزیری بەرگری و لەگەڵ رەشید عالی گەیلانیدا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1933 دا دەستی لە کار کێشاوەتەوە.

لە شوباتی ساڵی 1934 دا بووە بە وەزیری مەعاریف (پەروەردە )، لە ئابی ساڵی 1934 دا لەگەڵ کابینەکەی جەمیل مەدفەعیدا دەستی لە کار کێشایەوە و لە کانوونی یەکەمی 1934 دا بوو بە بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری دارایی.

جەمال بابان
پارێزەرێکی کوردە. لەساڵی 1890 هاتووەتە دونیاوە. ماوەیەک لە لیواکانی باکوردا حاکم بووە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1928 دا بووە بە نوێنەری هەولێر. لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1932 لە کابینەکەی نوری پاشادا بووە بە وەزیری داد.

لە تشرینی دووەمی ساڵی 1933 دا لە کابینەکەی جەمیل ئەلمەدفەعیدا بووە بە وەزیری داد. کاتێک لە شوباتی ساڵی 1934 جەمیل ئەلمەدفەعی دەستکاریی وەزارەتەکانی کرد، ئەم پلەکەی خۆی پاراست.

لە کابینەکەی عەلی جەودەتیشدا کە لە ئابی ساڵی 1934 پێکهێنرا، وەک وەزیری داد مایەوە. لەگەڵ ئەندامانی حکومەتەکەدا لە شوباتی ساڵی 1935 دەستی لە کار کێشایەوە. لە تشرینی یەکەمدا، چووە ئەو حیزبەوە، کە جەمیل مەدفەعی بۆ دژایەتی یاسین پاشا دایمەزراند.

هاوبەشیکردنی بەردەوامی لەو کابینە یەکبەدوا یەکهاتووانەدا،بۆ ئەو نەریتە دەگەڕێتەوە، کە دەبێت هەموو کابینەیەک وەزیرێکی کوردی تێدابێت.

محەمەمەد ئەمین زەکی بەگ
کوردێکی خەڵکی سلێمانییە، ساڵی 1880 لە دایک بووە. بەباشی خوێندوویەتی و زانیاریی چاکی هەیە، بە فرەنسی و ئەڵمانی و ئینگلیزی دەدوێت.

لە سوپای تورکیدا ئەفسەری روکن بووە. لە تشرینی دووەمی ساڵی 1926 دا بووە بە وەزیری کار وهاتوچۆ، پاشان بووە بە وەزیری مەعاریف و بەرگری.

لەو وەزارەتانەدا کە کاری تێدا کردوون دەسەڵاتی کەم بووە.

سیاسەتەکەی ئەوەیە هەوڵ بۆ رازیکردنی کورد بدات، ئەویش بە پشتگیریی کوردانی نەتەوەخواز، لەگەڵ تێکنەدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەرەبدا.

لە هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی 1930 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە دەست دا.

لە تەمووزی 1931 جارێکی تر کرایەوە بە وەزیری ئابووری وگەیاندن، لە تشرینی یەکەمی 1932 دا دەستی لە کار کێشایەوە. لە ئازاری 1933 بوو بە بەڕێوەبەری گشتیی ئابووری و گەیاندن، بەڵام کاتێک لە ئەیلوولی ساڵی 1934 دا ئەم ناونیشانە نەما و لادرا ئەویش بێ کار و وەزیفە مایەوە.

لە ئازاری ساڵی 1935 دا لە کابینەکەی یاسین پاشادا بوو بە وەزیری ئابووری و گەیاندن.

 305 جار بینراوە