سەرەکی » راپۆرت » بنەتۆوی خراپ زیانی بە جووتیارانی کەرکوک گەیاندووەپەڕە 1

بنەتۆوی خراپ زیانی بە جووتیارانی کەرکوک گەیاندووە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

پاش 45 رۆژ لە خزمەتکردن، جووتیارانی سنووری ناحیەی پردێ لە شاری کەرکوک لەجیاتی لێکردنەوەی بەرهەمی خەیار خەریکی هەڵکەندن و فڕێدانی بڕکەی خەیارەکانن بەبێ بەرهەم.

ئێستا وەرزی پێگەیشتنی خەیارە لە شاری کەرکوک، بەڵام زەرەرکردنی جووتیاران بەهۆی بنەتۆوی ساختە هەمووانی نیگەران کردووە نزیکەی 50 ژووری پلاستیکی جووتیاران لە سنووری ناحیەکە هەمان کێشەیان هەیە و ئەو بنە تۆوە خەیارەی بۆ ئەمساڵ روواندویانە بەرهەمی نەبووە بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لێ کەوتووە.

ئەمساڵ بەرهەمی خەیاری ناوخۆ کەم دەکات
جوتیارێکی زیانلێکەوتوو دەڵێت، هەر ژووریكی پلاستیکی نزیکەی دوو بۆ سێ ملیۆن زیانی پێگەیشتووە و بەهۆیەوە بڕی 500 تۆن بەرهەمی خەیار لە ناوچەکە کەمدەکات.

سالانە لە ناحیەی پردێ و دەوروبەری رێژەیەکی زۆر خەیار بەرهەمدەهێنرا، بەشێوەیەک لە پێیوسیتی شاری کەرکوک زیاتر بووە و بەشێکی دەنێردرایە دەرەوەی شارەکە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەو زیانەی بەشێک لە جووتیاران بەرهەمی خەیاری ناوخۆ لە پارێزگاکە کەمی کردووە و جوتیاران داوای بەدواداچوون و لێپێچینەوە دەکەن.

تۆۆی ئێرانی نابێتە بەرهەم
ئەحمەد رەجەب، كە جوتیارێكی ناوچەی شوانە لەسەر زیانی بەرهەم هێنانی ئەم ساڵی خەیار وتی، ئەوانەی كە تۆوی خەیاری ئێرانی یان هندییان كڕیوە بۆ بەرهەم هێنانی خەیار زەرەریان کردووە و ئەمە یەکەمجار نییە تۆوی ئێرانی تووشی ئەم رەنجەڕۆیەمان بكات.

عومەر چیمەنی جوتیارێكی گوندی چیمەنە وتی، ئەمە یەكەم جار نییە ئەم كارە لە كەركوك روو بدات، بەڵكوو دوور و نزیك روویداوە، بەڵام بەشێوەیەكی بەربڵاو وەكو ئەمساڵ نەبووە، بۆیە لە دێی چیمەن و دەورووبەری جووتیارێكی زۆر رەنجەڕۆی بەرهەمەكانیان بوون كە خۆم یەكێكم لەو جوتیارانە. وتیشی: ئەوەی سەرنج دەدرێت ئەم تۆوە دەڵێن تۆوێكی بەرهەمهێنراوی وڵاتی هیندستانە و لەكاتی سەوزبوونیدا گوڵێك دەكات و لە دوایدا گوڵەكە ووشك دەبێتەوە نابێتە بەروبوومی خەیار.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکوک باس لەوە دەکات کە ئاگاداری ئەو زیانە نییە کە بە جوتیارانی ناوچەکە کەوتووە بەهۆی بنەتۆوی ساختەوە و هیچ جوتیاریكیش سکاڵای نەکردووە.

تۆۆی ساختە دەهێنرێتە کوردستان
زانا عەبدولقادر، خاوەنی كۆمەڵگەی زانا بۆ فرۆشتنی بنە تۆو و پێویستیەكانی كشتوكاڵ وتی، ئەو بنە تۆوەی لە بازرگانێكی خەڵكی هەڵەبجە كڕیوە كە گوایە بنە تۆوەكە لە بنەڕەتدا لە بەرهەمهێنانی ووڵاتی توركیایە، بەڵام دەركەوت ئەو بازرگانە لە ئێرانەوە ئەم بنە تۆوەی هێناوەتە هەرێمی کوردستان.

وتیشی، بنە تۆوەكە ناوی «سوڵتان»ە، ‌و لە ئێرانەوە هێنراوە و بەبێ مەرجی تەندروستی و زانستی دابەشیكردووە.

خاوەنی فرۆشگاکە باسی لەوەشکرد، بە جووتیارانی وتووە كە فرۆشتنی ئەم بنە تۆوە بێ مەرجە، سەرەڕای ئەوەش كاتێك جووتیارەكان زیانیان بەركەوتووە، قەرەبووی ماددی ئەو جوتیارانەی كردۆتەوە كە بنە تۆوەكەیان لێ كڕیوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بازرگانە لە هەولێر و قوشتەپە و سلێمانیش رێژەیەكی زۆری لەو بنەتۆوە ساختەیەی بڵاوكردۆتەوە و زیانەكانی جوتیارانی ئەو ناوچانەی زۆر لەوانەی كەركوك زیاترە.

جووتیاران خۆیان سکاڵا ناکەن
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك سەبارەت بەكوردستانی نوێی راگەیاند: تا ئێستا هیچ جووتیارێك سەردانی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوكی نەكردووە بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەو بنەتۆوانە، چونكە لەلایەن كشتوكاڵەوە دابەش نەكراوە بەسەر جووتیاراندا و خۆیان لەبازاڕ ئەو بنە تۆوانەیان كڕیوە..

وتیشی: هۆبەی تایبەتیان هەیە بۆ پشكنینی ئەو بنە تۆوانە ئەگەر هاتوو جووتیاران سكاڵا بکەن و دەستبەجێ رێو شوێنی یاسای دەگرینەبەر بۆ دەستبەسەراگرتنی ئەو بنەتۆوە ساختانە و رووبەڕووی یاسایان دەكەینەوە، چونكە ماندووبوون و رەنجی جوتیاران بەفیڕۆدەچێت و بگرە زیان بە زەوییە كشتوكاڵییەکەش دەگەیەنێت.

ئەو دیاردەیە تەنها ئەمساڵ جوتیارانی نەگرتووەتەوە بەڵکو لە ساڵانی رابردووشدا بەهەمان شێوە بنەتۆوی ساختە درابووە بەشێک لە جووتیاران و بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان کرد.

لەرووی زانستیەوە بنەتۆوی بەسەرچوو یان دەسکاریکردنی کرۆمۆسۆمەکانی بە هەر هۆکاریک بێت دەبێتە هۆی لە دەستدانی بنەماكانی و كڕینی ئەو جۆرە تۆوانە زیانی زۆر بە جوتیارانی دەگەیەنێت و بەرهەمیان نابێت بۆیە پیویستە جوتیاران هۆشیار بن لە بنەڕەت و کوالێتی ئەو جۆرە تۆوانەی دەیکڕن.

 252 جار بینراوە