سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » مێرکل كورسی دەسەڵات بەجێدەهێڵێت

مێرکل كورسی دەسەڵات بەجێدەهێڵێت

بورهان شێخ رەئوف

ئەم هاوینە دوای خاوبوونەوەی ترس لە ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆنا، دوای ئەوەی ئەوروپییەكان دەستیان بەكارو گەشتوگوزاریش كردەوە، سەردەمی حوكمڕانی(ئەنگێلا مێركل) یش كۆتایی دێت كە 16 ساڵی خایاند وەكو راوێژكاری ئەڵمانیا.

مێركل شایستەی سەرسامی و رێزلێنانە لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە : –

1. یەكەم ژن بوو لە مێژووی ئەڵمانیادا هەڵببژێرێت بە راوێژکاری ئەڵمانیا لە ساڵی 2005.

2. رێژەی بێكاریی لە ئەڵمانیا بەرلە سەردەمی حوكمڕانیی مێركل ٪11 زیاتربوو، بەڵام لە دوای چوار كابینەی مێرکل رێژەی بێكاری گەیشتە ٪6 ، ئەگەر كۆرۆنا نەبوایە كەمتریش دەبۆوە.

3. پێش دەستبكاربوونی مێركل پێگەی ئەڵمانیا لە ئەوروپا زۆر لاوازبوو، تەنانەت بە پیاوی نەخۆشی ئەوروپا وەسف دەكرا، بەڵام ئێستا كەس گومانی لە رۆڵ و كاریگەریی ئەڵمانیا نییە لە سەركردایەتی كردنی ئەوروپادا.
لەلایەكی تریشەوە كاتێك جیهان دەتلایەوە بەدەست هەندێك سەركردەی عەنتەر و لەسەر تەوەر نەوەستاوی وەكو ترەمپ و بۆریس جۆنسۆن و ئەوانی تریش، مێرکل نموونەیەكی سەركردایەتی جوان و ژیرانە و پتەو و شایستەی نیشانداین.

سەركردایەتییكردنی ئەوروپا
زۆرێك لەو لێكۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنانەی كە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی مێركڵ كراوە، مێركڵ بە رزگاركەری ئەوروپا ناودەبەن، خاوەنی خواست و بڕوایەكی پتەو و جێگیر بوو لە سەركردایەتییكردنی ئەوروپا لە قۆناغێكی ئێجگار سەخت و دژواردا كە ئەوروپا بەرەو رووی چەندین قەیرانی بێ وێنە ببۆوە، كە پێشتر ئەوروپا شتی وای بە خۆیەوە نەدیبوو، بەتایبەتی كاتێك دەیەی رابردوو قەیرانی قەرزەكان ئەوەی پێی دەوترا ناوچەی یۆرۆ هاتە ئاراوە، هەموو دامودەزگاكانی یەكێتی ئەوروپای گرتەوە، مێركل سەركەوتوو بوو لەوەی دڵنیایی و كەفالەتی دارایی تەواو بداتە هەموو ئەندامانی یەكێتیی ئەوروپا بەتایبەتی ئەوانەی زۆر زیانیان كردبوو، هەروەها پشتیوانیی سیاسی تەواوی پرۆسەی خستنە بازاڕی زۆری پارەوە كە بانكی ناوەندی ئەوروپا جێبەجێی دەكرد.
هەروەها لەكاتی قەیرانی دوورگەی کریم كە ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆكی روسیا بەشێكی خاكی ئۆكرانیای بە هێزی سەربازی داگیركرد و لكاندی بە روسیاوە، میركڵ دانی بەخۆیدا گرت و دەستی بە دانوستان كرد دەربارەی رێكەوتننامەكانی مینسك.

كێشە و قەیرانی پەنابەران
لە ساڵی 2015 لە گەرمەی كێشە و قەیرانی پەنابەراندا، جوانترین هەڵوێستی مرۆڤانەی پیشاندا، كە باجێكی سیاسی گەورەشی لەو پێناوەدا دا، دەرگای كردەوە بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن پەنابەر كە زۆربەیان خەڵکی سوریا بوون تا بچنە ناو خاکی ئەڵمانیاوە، هەر خاوەنی ئەو وتە جوان و پڕ واتایەشە كە وتی موسڵمانان لە عیراق و سوریا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە دێن بۆ لای ئێمە ناچن بۆ مەككە و مەدینە كە قیبلەی موسڵمانانە لە تەنیشت خۆیاندا، بەڵکو دێن بۆلای ئێمە، چۆن دەرگایان لێ نەكەینەوە؟

مێرکل و دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا
مێرکل هاوكاریی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپای كرد كە بە بەرەیەكی یەكگرتوو بمێننەوە لە گفتوگۆكانی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا، هەروەها پێداگریی كرد لەسەر ئەوەی كە چوار ئازادیی گواستنەوە هەیە نابێت بە هیچ كلۆجێك دەستیان بۆ ببرێت بەو پێیەی یەك پاكێجن و بەش ناكرێن، ئەویش (شتومەك – خزمەتگوزاریی- سەرمایە – كەسەكان) كە بازاڕی یەكێتی ئەوروپای پێ جیادەكرێتەوە.

تەنگژەی کۆرۆنا
لە بەهاری ساڵی 2020 بە هەموو قورسایی سیاسی خۆیەوە مێرکل پشتیوانی دامەزراندنی سندوقی چارەسەری كۆرۆنای كرد بە بڕی ( 750) ملیار یۆرۆ واتە(913 ملیار دۆلار) كە پشتیوانی كرا بە کۆمپیالەی هاوبەش دەرچوو لە كۆمیسیۆنی ئەوروپاوە، كە ئەمەش هەنگاوێكی دیارو بەرجەستە بوو بەرەو دامەزراندنی سیستمی یەكێتیی دارایی و ئابووری لە یەكێتی ئەوروپادا.

رەخنە لە مێرکل
یەكێك لەو گلەیی و گازاندانەی كە لە مێرکل دەگیرێت لەلایەن گەلی ئەڵمانیاوە، ئەوەیە كە خەڵكێكی زۆری هێنایە ناو ئەڵمانیاوە لە سوریایی و عیراقی و ئەفغانی و شوێنی تریش، كە خەڵكی تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ و تاوانباری زۆریان تێدابوو، بەبێ ‌ئەوەوی وردبینی و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، دواتر تاوانی زۆریان کرد لە شارەكانی ئەڵمانیادا وەكو كۆڵن و بەرلین، لە ئاهەنگەكانی سەری ساڵدا پەلاماری خەڵكیان دەدا بە تایبەتی ژنان و تەكبیریان دەكرد و پەلاماری خەڵكیان دەدا.

لایەنێكی تری سیاسەتی مێرکل لەگەڵ رووداو و قەیرانەكانی ئەوروپادا، مێرکل بە جۆرێك لە فێڵ و درێژكردنەوە و راڕایی ناسرابوو.

لە كۆتاییدا مێرکل ژنێكی لێهاتوو خاكی و خۆشەویستی خەڵكە، هەربۆیە زۆرێك لە شرۆڤەكاران لەو باوەڕەدان كە مێرکل ئەگەر بۆ جاری پێنجەمیش خۆی هەڵبژێرێتەوە هەر سەردەكەوێت، هەرچەندە تا ئێستا شتی وانەبووە، تا ئێستا ئەو ئەو كەسایەتییە سیاسیەیە كە زۆرترین جەماوەری هەیە لە ئەڵمانیادا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی سەركردایەتی كردنی ئابوورییەكی جێگیر و لە ناوخۆ، ئیتر ئاكامەكانی لە دەرەوە هەرچۆن بێت، بەڵام جێنشینەكەی (ئەرمین لاشیت) لە سەركردایەتی حزبی دیموكراتی مەسیحی هیچ كاریزمایەك و بێرێكی نوێی پێ نییە، بەڵام تائێستا هاوڕاو هاوبیری رێبازی مێرکلە.

 190 جار بینراوە