سەرەکی » کەلتوور » خۆراک و هەڵگەڕانەوەی پەرەسەندنی مرۆڤ

خۆراک و هەڵگەڕانەوەی پەرەسەندنی مرۆڤ

مەحمود شێرزاد

کاتی خۆی ئیبنی سینا گوتوویە: ئەگەر خۆراکی کەم بخۆی دەبێ بە چارەسەر، ئەگەر مامناوەند بخۆی دەبێ بە خۆراک، ئەگەر زۆری لێ بخۆی دەبێ ژەهر. هەموومان ئەم قسەی ئیبنی سینامان بە کردار بۆ دەرکەوتووە، هەموومان تا رادەیەک هەر سێ حاڵەتەکەمان ئەزموون کردووە. لێرەدا سێ خاڵ زۆر گرینگن و دەبێ بیانزانین، یەکەم: کەمخۆری، دووەم: چیخۆری، سێیەم: کەیخۆری. بە گوێرەی ئەزموون کەمخۆری گرینگترین رێگەیە و رێبازی کەمخۆریی هەم لەرووی عیرفانییەوە و هەم لە رووی عیلمییەوە بێ هاوتایە، تەنانەت کەمخۆری لە چی خۆری گرینگترە، یانی بە پلەی یەکەم گرینگ نیە ئێمە چی دەخۆین، گرینگ ئەوەیە چەند دەخۆین. لە دوای کەمخۆرییەوە ئینجا چی خۆری گرینگە، یانی چ خۆراکێک دەخۆین. ئەگەر مرۆڤ هەم کەمخۆر بێ و هەم سروشتیخۆر و خاوێنخۆر بێ زۆر باشە. بەهەمان شێوە هاوشان لەگەڵ چەندخۆری و چیخۆریدا کەیخۆریش زۆر زۆر گرینگە، یانی ئێمە کەی بخۆین.

پەرەسەندووی سادە
ئێستا ئەو بابەتە بە شێوەی زانستیش بە تەواوی یەکلا بۆتەوە کە ئاژەڵ و بەروبومی ئاژەڵ و کوڵاو و برژاو و سوورەوەکراو خۆراکی مرۆڤ نین. مرۆڤ دەبێ سەوزەکان، میوەکان و دانەوێڵەکان بخوا. بە گوێرەی ئەزموونی یۆگی و پزیشکی ئایورڤیدا تا پێکهاتەی خۆراک لەرووی «پەرەسەندنەوە» لە ئاستی پەرەسەندنی مرۆڤ دوورتر بێ، بۆ مرۆڤ سروشتیتر و باشترە، بەهەمان شێوە تا پێکهاتەی خۆراک لەرووی پەرەسەندنەوە لە ئاستی پەرەسەندنی مرۆڤ نزیکتر بێ بۆ مرۆڤ ناسروشتیترە و مرۆڤ نابێ بیخوا. سەوزە و میوە و دانەوێڵەکان لەڕووی پەرەسەندنەوە لە ئاستی سەرەتاییدان، پەرەسەندنێکی ئاڵۆز و چڕ و قورسیان نیە، هەر بۆیەش ئەو خۆراکانە بۆ سیستمی هەرسی ئێمە ئاسانن، مێشک دەیاناسێتەوە و زوو رەمزەکانیان دەکاتەوە، لەولاوە هەموو ئاگری گەدە بۆ خۆیان نابن، وزەی کەسەکە لەهەموو روویەکەوە لە گەدەدا کۆ ناکەنەوە و لەوێدا خەرجی ناکەن، زۆر زوو هەرس دەبن و زوو لە گەدەوە دەچنە ریخۆڵەکانەوە و لەوێشەوە بە وزەیەکی کەم و بە ئاسانی دێنە دەرەوە. لە بەرەنجامدا کەسەکان سوودی جەستەیی و زەینی و ئەقڵی زۆر لە خۆراکەکە دەبینن. ئەمجۆرە خۆراکانە هەم لەشی ساغیان لێدەکەوێتەوە و هەم زەینی ئارام و هەم ئاگایی و هۆشمەندی بەرزدەکەنەوە. بۆ؟ چونکە مرۆڤ یەک وزەیە، یان یەک وزە لە ئێمەدا هەیە، ئەم یەک وزەیە ئەگەر هەموو بۆ خۆراک و هەرسی خۆراک و دانانی پاشەرۆی خۆراک بڕوا، ئەی چی لەو وزەیە دەمێنێتەوە بۆ لەش تا بۆ خاوێنکردنەوەی خۆی و بۆ ساغ و سەلامەتی خۆی بەکاری بێنێ، ئەی چەند لەو وزەیە دەمێنێتەوە بۆ مێشک و کەسەکە چۆن هاوسەنگی شەپۆلەکانی میشکی رابگرێ؟ ئەی چەندی ئەم وزەیە بۆ لێبوردەیی و بەخشندەیی و سەرجەم تایبەتمەندییە باڵامرۆییەکان بەکار بێنێ و چەندی بڕوا بۆ هۆشمەندییەکەی؟ کاتێ هەموو وزەی مرۆڤ بە هەرس دەسووتێ یان بە نەوسێکیتر خەرج دەکرێ، پێچەوانەی ئەو حاڵەتانەی سەرەوە روو دەدا، نەخۆشی و ناخۆشی، نەزانی و دڵڕەقیی و دڕندەیی پەرە دەستێنن.

هەڵگەڕانەوەی پەرەسەندن
ئەگەر مرۆڤ لەسەر ئەم شێوازەی ئێستای بەردەوام بێ، لەڕووی پەرەسەندنەوە پاشەکشێ دەکا. کاتی خۆی رێژەی خۆراک و جۆری ئەو خۆراکەی دەمانخوارد رۆڵی سەرەکی بینیوە لەپەرەسەندنی ئێمەدا. دوای ئەوەی مرۆڤ فێری گۆشتخواردن دەبێ و رێژەی خۆراکی سەوزە و میوە و دانەوێڵە و دەماری دار و گیاوگوڵەکانی کەم دەبێتەوە، تووشی کێشەیەکی زۆر دەبێ. ئەوان گۆشتی کاڵ دەخۆن، بەڵام ناتوانن بە باشی گۆشتەکە بجاون و وردی بکەن، کەواتە هەروا بە ساغی بە گەدەیانی دەسپێرن و ئەویش هەرچی وزەی کەسەکەیە بۆ هەرس بەکاری دێنێ، دوای ماوەیەک مرۆڤ فێر دەبێ گۆشتەکە بە بەرد بکوتێ و تۆزێ نەرمی بکا و ئینجا بیخوا، بەم کارەی بڕێ لە وزەکەی بۆ دەمێنێتەوە و ئەو وزەیەش بڕێ پەرە بە میشکی دەدا. ئەم رەوتە بەردەوام دەبێ تا نزیکەی 1ملیون ساڵ لەوە پێش کە ئاگر دەدۆزێتەوە و دوای دۆزینەوەی ئاگریش، نزیکەی 800 هەزار ساڵ لەوە پێش مرۆڤ دەستی بە چێشتخۆری کرد، ئەوە وایکرد هەموو وزەی لەشی مرۆڤ بۆ هەرسی ئەو گۆشت و خۆراکە کاڵانە نەڕوا کە دەیانخوا، بۆیە بەرە بەرە لەڕووی زەینییەوە گەشەی کرد و تەنانەت جەستەشی گۆڕا، بەڵام لەم سەردەمەدا زۆرخۆری بە پلەی یەکەم و پیسخۆری بە پلەی دووەم خەریکە رەوتەکە هەڵدەگەڕێنێتەوە، یانی ئەم زۆرخۆری و پیسخۆرییە خەریکە میشک بچووک و گەدە گەورە دەکاتە، لەدوای چێشتخۆرییەوە مرۆڤ مێشکی گەورە بوویەوە، بەڵام ئێستا جارێکیتر کەوتۆتە سەر هێڵێک کە ئەگەر بەردەوام بێ جارێکیتر مێشکی بچووک دەبێتەوە و لە بەرەنجامدا ئاستی هۆشمەندی و ئاستی درک و تێگەیشتنمان دابەزێتەوە، دیارە هەر ئێستا نیشانەکانی ئەم حاڵەتە دەرکەوتووە، سەرەڕای ئەوەی زانیاریی و سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی زانیاریی زۆرن و مرۆڤەکان لە هەموو روویەکەوە زانیاریان زۆرە، بەڵام بە هۆی زۆرخۆری و پیسخۆرییەوە ئاستی درک و تێگەیشتنمان دابەزیوە، ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێ، لە داهاتوودا مرۆڤ جارێکیتر دەگۆڕێ و میشکی بچووک دەبێتەوە و بەشێکی زیاتر لە توانا زەینییەکانی لەدەست دەدا.

پەرەسەندنی ئاڵۆز و چڕ
ئاژەڵ لەڕووی پەرەسەندنەوە لە پەرەسەندنی ئێمە زۆر زۆر نزیکە و لەهەندێ رووی فیزیکییەوە وەک یەک واین. لەشی ئاژەڵ وەک لەشی ئێمە پێکهاتەیەکی ئاڵۆز و چڕ و پتەوی هەیە. هەربۆیەش کاتێ ئێمە گۆشتی ئاژەڵ دەخۆین، یەکەم شت مێشکمان قورس دەبێ، لەبەر ئەوەی هەر لەسەرەتاوە مێشکمان خۆراکەکە ناناسێتەوە، یانی رەمزەکانی ئەو خۆراکەی لا نیە، کەواتە بۆی ناکرێتەوە. کە بۆی ناکرێتەوە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە هانا بۆ غودەکان دەبا و هەوڵدەدا لە رێگەی هۆڕمۆنەکانەوە چارەسەری کێشەکانی بکا، لێرەشەوە یەک دنیا کێشەیتر دروست دەبێ. دوای ئەوەی دەگاتە ناو گەدەوە، ماسولکەکانی گەدەی بە ئاسانی ناتوانن ئەو خۆراکە بێن و بەرن، هاوکات هەموو وزەیەی لەش لەگەدەدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کۆ دەبێتەوە. یانی ئێمە کە هەموو رۆژێ زۆرخۆری دەکەین یان گۆشت دەخۆین لەشمان وەک وڵاتێک لێدەکەین کە هەموو ساتێ لە شەڕدابێ، لەم حاڵەتەدا وزەی ئەم وڵاتە بە جێگەی ئەوەی بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بڕوا، بۆ شەڕ بەکاردەهێنرێ و لایەنی بووژاندەوە و گەشاندنەوەی وڵاتەکە سات دوای سات لاوازتر دەبێ و کاولکاری هەموو شوێنێک دەگرێتەوە.

کەواتە لەبەر پێکهاتەی ئاڵۆز و چڕ و پتەوی گۆشت و لەبەر ئەوەی لەڕووی پەرەسەندنەوە لێک نزیکین، گۆشت زۆر درەنگ هەرس دەبێ، تەنانەت بەشێکی هەر هەرسیش نابێ و گەدە دەیدا بە ریخۆڵەکان و لەوێدا دەگنخێ و بۆگەن دەکا، لەوێشەوە وزەیەکی زۆی ئێمە بۆ دانانەوەی پاشەرۆی گۆشتەکە دەسووتێ. یانی ئەم یەک وزەیەی ئێمە بە جێگەی ئەوەی بۆ لەشساغی و بۆ مێشک و بۆ ئارامی و هاوسۆزی و هاوکاری و هۆشمەندی بڕوا، هەمووی بە هەرس و دانانەوەی پاشەرۆی خۆراکەوە سەرقاڵ دەبێ.

ئەم یەک وزەیە بۆ چی بەکار بێنین؟
ئێستا بەدەستی خۆمانە ئێمە ئەو یەک وزەیە بۆچی بەکار دێنین. مرۆڤە مەزنەکانی مێژووی مرۆیی، هەر هەموویان کەمخۆر و هەروەها سروشتیخۆر بوون، ئەگەر وا نەبوایە مەزن نەدەبوون، نەیاندەتوانی داهێنان بکەن، ئەگەر هەموو وزەکەیان بە هەرسەوە سەرقاڵ بکردبایە، پەیان بەو هەمووە شتە نەدەبرد و ئەو توانایانەیان لە خۆیاندا بۆ چالاک نەدەبوو.

کاتێ مرۆڤ کەمخۆری دەکا بەشێکی زۆر لە وزەکەی خەریکی کاری سروشتی و ئەرێنی خۆی دەبێ لە رەهەندە جیاجیاکانیدا. ئێمە بە شێوەیەکی بێسنوور قووڵین، تواناکانی ئێمە بێسنوورن، بەڵام بۆ ئەوەی پەی بە هەقیقەتی خۆمان بەرین دەبێ رێژەیەکی زۆر کەمی ئەو وزەیەی هەمانە بە گەدەمانەوە سەرقاڵ بکەین. دەبێ ئەو وزەیەمان لە گەدە و لەهەرسی خۆراک ئازاد بکەین تا سەرەتا لایەنی جەستەیی و دواتر هەستەکان و لایەنی زەینیمان خاوێن بکاتەوە و بەشە خەوتووەکانمان وەخەبەر بێنێ. لەم رۆژانەدا هاوڕێیەکی ئازیز بۆی گێڕامەوە گوتی لەسەردەمی پێشمەرگایەتیدا سێ رۆژ بەس ئاوم خواردەوە، یەکێک لەو شتانەی کە زۆر لام سەیر بوو ئەوەبوو شەوی چوارەم نەمتوانی لەسەر ئەو سەرینە بخەوم کە بەردەوام بەکارم دێنا، لەبەر ئەوەی هەستەکانم خاوێن ببوونەوە و سەرینەکەم بۆنێکی زۆر ناخۆشی لێدەهات و پێشتر هەستم بە بۆنە ناخۆشەکەی نەکردبوو. ئەگەر ئەم هاوڕێیە بەردەوام بووبا یان لەسەر شێوازێکی کەمخواردن خۆی راهێنابایە هەر جەستە و هەستە جەستەییەکانی خاوێن نەدەبوونەوە، بەڵکوو جەستە و هەستە نادیارەکانیشی خاوێن دەبوونەوە و چالاک دەبوون.

کەی بخۆین؟
مرۆڤ لە دوای تاریک داهاتنی هەواوە تا دوای خۆرهەڵاتن نابێ هیچ بخوا، دەبێ لەوکاتەدا تەنیا ئاو بخواتەوە. ئەوەی بە رۆژ خواردوویەتی لەشی بەشەو کاری لەسەر دەکا. بەمشێوەیە لەهەموو روویەکەوە لەشی دەگەڕێتەوە سەر رێڕەوی سروشتی خۆی. بە تایبەتی لەم سەردەمی ڤایرۆسەدا مرۆڤ دەبوو بە جێگەی ئەوەی بیر لە دروستکردنی ڤاکسین بکاتەوە، دەبوو زیاتر لەو بیر لەوە بکاتەوە لە رووی خۆراک و خواردنەوە و خەوتن و شێوازی ژیانییەوە خۆی سروشتی بکاتەوە، لەم حاڵەتەدا هەمیشە لەشساغ و هۆشمەند و بەتوانا دەبوو. خۆراک پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئاگاییەوە هەیە، ئەوەی ئێمە دەیخۆین دەبێ بە ئاگایی ئێمە، هەر خۆراکێکت خوارد سەیری بکە و لە خۆت بپرسە و بڵێ ئایا ئەم خۆراکە لە هەموو روویەکەوە گەشەم پێدەدا یان دامدەبەزێنێ؟ لەهەقیقەتدا خۆراک و خواردنەوە بەر لەوەی ڤیتامین و ریشاڵ و پرۆتین و کانزاو و…هتد بن، ئەقڵ و ئاگایین.

 168 جار بینراوە