سەرەکی » ئابووری » هۆكاری نەناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێم ئاشكرا دەكرێت

«200 ملیار دینارەكە بودجە نییە»

هۆكاری نەناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێم ئاشكرا دەكرێت

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا

ئەندامێكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هۆكاری نەناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، دوای پەسەندكردنی یاسای بودجە، جگە لە پارێزگاكانی هەرێم بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان لە ناوەڕاست و باشوور خەرجكراوە.

پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجە
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی 2021ی عیراق لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە، بۆتە هۆكاری نەناردنی بودجەی پەرپێدانی پارێزگاكانی هەرێم.

وتیشی: بەگوێرەی زانیارییەكانی ئێمە وەك لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەران جگە لە پارێزگاكانی هەرێم، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی دیكەی عیراق خەرجكراوە، بۆیە تا پشكی هەرێم خەرج نەكرێت وەك لە مادەی 11ی یاسای بودجەی 2021دا هاتووە، بودجەی پەرەپێدانیش یەكلاناكرێتەوە.

وردبینی لە داهاتەكانی هەرێم
لای خۆیەوە، د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەو 200 ملیار دینارەی لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، پشكی هەرێم نییە، بەڵكو ئەوە مینحەیەكە تا ئەو كاتەی پشكی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە رەوانە دەكرێت.

لەبارەی هۆكاری نەناردنی پشكی هەرێم لە بودجەی عیراقدا، د.بەشیر حەداد وتی: «هۆكارەكەی بۆ تەواونەبوونی كاروباری ئەو لیژنانە دەگەڕێتەوە كە وردبینی لە داهاتەكانی هەرێم دەكەن، چونكە بەگوێرەی یاسای بودجە، پێویستە هەرێم رۆژانە بەهای 460 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ لەگەڵ نیوەی داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بكات، لە بەرامبەردا حكومەتی فیدڕاڵ لە 12.67 % وەك پشكی هەرێم بنێرێت.

هەر پەیوەست بەو بابەتە، لە چەند رۆژی رابردوودا هەر چوار پارێزگارەكەی هەرێم (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە) سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوە، بەگوێرەی زانیارییەكان یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو سەردانە ناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێم بووە.

ماوەی دوو مانگە حكومەتی عیراق بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بەوتەی بەرپرسانی عیراقیش، ئەو بڕە پارەیە بودجەی هەرێم نییە، بەڵكو بریتییە لە مینحەیەك تا ئەو كاتەی كاروبارە تەكنیكییەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق كۆتایی دێت.

 123 جار بینراوە